کابرایەک هەبوو حەسەنی ناو بوو لەگەڵ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  825 مشاهده

کابرایەک هەبوو «حەسەن»ی ناو بوو، لەگەڵ هاوڕێیەکیا ئەچن بۆ شار و ئەچنە سەر دوکانی کابرایەکی کەوشدروو، جووتێ کەوشی لێ بکڕن، کابرا کەوشەکەیان بۆ دێنێ و لە پاش چەندوچوونێکی زۆر بە دە قڕان ڕێ ئەکەون.

حەمە حەسەن ئەڵێ: برا بۆ خاتری خوا تۆزێ خاترمان بگرە. کابرای کەوشدروویش ئەڵێ: بەخوا برا خاترانەی تیا نەماوە و لەوە زیاتر ناتوانم خاترتان بگرم. حەمە حەسەن تووڕە ئەبێ و ئەڵێ: دەسا بکەم وە قنگ دایک ئەو کەسەوە کەوش لە تۆ ئەسێنێ، کاورا تۆ پیاگ ناناسی! ئەکا بە پەلی هاوڕێکەیا و ئەڕۆن.

دراوسێ دوکانێکی کابرای کەوشدروو لەو بەرەوە ئەبێ، ئەچنە ئەوێ، ئەو کابرایەش ئاگای لە کەین و بەینی ئەمان بووە، هەر ئەمان ئەچنە ئەوێ، ئەو خێرا لەسەر دوکانەکەی ڕاست ئەبێتەوە و ئەڵێ: فەرموو دانیشن، چی ئەفەرموون وا لە بەردەستتاندایە. حەمە حەسەن ئەڵێ: بەخوا برا جووتێ کەوشمان گەرەکە، وەلێ گەرەکمە تۆ کەوشێکی فرە خاسمان بۆ بێری و خاتریشمان بگریت. ئەویش ئەڵێ: پیاوی وەکوو ئێوە، یەکێ پیاو بێ چۆن خاتری ناگیرێ؟ هەر پەلامار ئەدا جووتێ کەوشی پیسی لە پێستی بزن دروستکراویان بۆ دێنێ، بە پەڕۆیەک پاکی ئەکاتەوە و ئەیداتە دەستیان. حەمە حەسەن ئەڵێ: توخوا براکەم، تو ئەو شێخ کەریمە، ئەمە کەوشێکی خاسە؟ کابرای کەوشدروو لە دەستی وەرئەگرێ و بە بۆنەی پاککردنەوەوە ئەیهێنێ بە لاڕانی خۆیا و ئەڵێ: بەو شێخ کەریمە و بە سەری تۆ -سەری تۆ زۆر عەزیزە لە لام- کەفەڵە، کەفەڵە! کابرا ئەڵێ: برا ئیتر هیچ مەیێژە دڵم بوو وە ئاوێنە!

ئینجا دێنە سەر نرخەکەی، کابرای کەوشدروو لە پێشا دێنێ تۆزێ چەرم بە سەر گازنێک لە پارچە چەرمێک ئەکاتەوە و ئەڵێ: جارێ ئەمە خاترانەکەیە، ئەمە هەڵگرە هەر وەختێ کەوشەکە دڕا، پێی پینە بکە! پاش ئەوە کەوشەکەشی ئەداتێ بە دوانزە قڕان و پێی ئەڵێ: برا گلەیی نەکەی نەڵێی خاتری نەگرتم!

کابراش کەوش ئەداتە بن دەستی و تۆزە چەرمەکەش ئەخاتە باخەڵی و ئەڵێ: برا وا مەیێژە، بۆچی گشت باوە حیزێ هاوماڵی ئەو دەوێت باوکەی ئەو بەرتەکە پیاگ نەناسێ؟! ئەو باوە حیزە ئەگەر تۆزێ چەرمی وە خاترانە پێ بداینایە وای ئەزانی لە پێستی گوونی ئەکەنەوە، ئەی بکەم وە قنگ دایکتەوە، برا جارێکی تر تێینەوە سەر دوکانەکەی تۆ. ئەمە ئەڵێ و لێ ئەدەن ئەڕۆن.