پیاوێک هەبوولە سولەیمانی خاڵە مەحمووی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 7 دقیقه  1025 مشاهده

پیاوێک هەبوو لە سولەیمانی «خاڵە مەحموو»ی ناو بوو، ئێجگار تووڕە و کەللەشەق بوو، زۆریش پیر ببوو، لەبەر پیری چاوی کز و گران ببوو. ئێوارەیەک لەسەر سەکۆکەی مزگەوتی «سەید حەسەن» لە سابوونکەران، خەڵکەکە کۆ بوونەوە بۆ نوێژی شێوان و دەمەدەمی بانگ بوو، خاڵە مەحموویش لەوێ بوو، دانیشتبوو، بەڵام ڕیزی سەفەکەی تێک دابوو، بانگ وترا و قامەت کرا و ئیمام چووە محرابەوە و خەڵکەکە هەموو وەستابوون، دەستیان بەرز کردبووەوە دۆعای پێش نوێژەکەیان ئەخوێند. خاڵە مەحموو، ئاگای لەمانە هیچ نەبوو، پیاوێک شانی گرت، پێی وت: خاڵە مەحموو ئەوا نوێژە تۆزێ خۆت ڕێک خە، با ڕیزی سەفەکە تێک نەچێ.

هەر کابرا ئەمەی وت خاڵە مەحموو تووڕە بوو و دەستی کرد بە قسەکردن و وتی: «ئای! تۆ چیت داوە بە سەر منەوە؟! لێرەش وازم لێ نایەنن، ئەمە دەردی کابرایەتی کە ژنەکەی دۆستێکی هەبوو لە بن دار هەرمێکە خەریکی گەمە و گاڵتە بوون و سەریان لە کابرای مێردی ژنە تێکدابوو! ئاخر بابە تۆ چیت داوە بە سەر منەوە؟!» ئەوا بە دەنگی بەرز ئەم قسانە ئەکا و لەو کاتەدا مەلا لە دوعا بووەوە و نیەتی دابەست و بە دەنگی بەرز وتی: «الله اكبرعربی»، خەڵکەکەش هەموو نیەتیان دابەست و مەلا کەوتە خوێندنی سوورەتی «الحمدعربی». خاڵە مەحموویش هەر لە شوێنەکەی خۆی دانیشتووە و گەرم بووە و ئاگای لە ئیمام نییە کە نوێژی دابەستووە هەر ئەڵێ: ئاخر باوکم تۆ چیت داوە بەسەر منەوە؟ بەخوا سەیرە، ئەمە دەردی کابرایەتی، ئەیەوێ سەرم لێ تێک بدا، جا وەرە لە داخا مەمرە؟ ئەمە ڕاست دەردی کابرایەتی. ئەڵێ:

«کابرایەک ژنێکی هەبوو، ژنەکەی لەگەڵ کابرایەکی ترا دەستیان تێکەڵاو کردبوو، هەموو جار پێکەوە گەمە و گاڵەیان ئەکرد، ڕۆژێک دۆستی ژنەکە بە ژنەکەی وت: ئەگەر جارێک لە بەرچاوی مێردەکەت پێکەوە دروست نەبین، من بروا بە دۆستایەتی و خۆشەویستی تۆ ناکەم! ژنەش وتی: باشە ئەمە شتێکی ئاسانە، سبەینێ تو بچۆرە بن دار هەرمێکەی خوار ئاواییەوە، منیش لەگەڵ مێردەکەما دێین بۆ ئەوێ، جا لەوێ ئیشی خۆمان ئەکەین.

ئەوا مەلا خەریکی «الحمدعربی»ە و خاڵە مەحموویش خەریکی ئەم قسانەیە، خەڵکەکەش لەبەر پڕم و هۆڕی پێکەنین هەندێکیان نوێژیان بڕیوە و هەندێکیشیان هەر خۆیان گرتووە، مەلا گەیشتە «ولاالضالينعربی» هەموو بە جارێ وتیان «ئامین» لەم کاتەدا خاڵە مەحموو وتی: بەیانی ژنە بە مێردەکەی وت: پیاوەکە با بچین بۆ بن دار هەرمێکە، سەیرانێکیش ئەکەین و هەندێ هەرمێش دێنینەوە. پیاوە وتی: باشە. بۆ بەیانی لێیان دا ڕۆیشتن، کە گەیشتنە بن دار هەرمێ، لە پاش تۆزێک ژنە وتی: پیاوەکە من ئەچمە سەر دارەکە، هەرمێکە ئەتەکێنم، تۆش کۆی کەوە. ئەمەی وت و چووە سەر دارەکە و دەستی کرد بە هەرمێ تەکاندن، پیاوەش کۆی ئەکردەوە کتوپڕ ژنەکە قیژاندی وتی: ئەیڕۆ پیاوەکە ئەوە کێیە سوارت بووە؟! پیاوە وتی: ئەوە شێت بوویت؟ سواربوونی چی؟ ژنە وتی: ئای، ئای پیاوەکە خۆ ئەوە خستتی و هەر بە تەواوی سوارت بوو!، ئەیەڕۆ پیاو چۆن سواری ئەبن؟ پیاوە لە خوارەوە وتی: کچێ ئافرەت ئەوە تۆ ئەقڵت لەسەر خۆتە؟ ئەوە ئەڵێی چی؟ ژنە قیژاندی و کەوتە خۆی و پەلەپەل وا خەریکە دێتە خوارەوە و دەستی کرد بە جنێودان، وتی: کورە سەگی سەگباب چ ڕایەت ئەکەوێ، تۆ سواری مێردی من ئەبی؟، کوڕە پیاوەکە بۆ خاتری خوا ئەوە لنگی گرتی بە شانەوە تۆ پیاوێکی زرت و زەلامی، عەیب ناکەی وەکوو ژن لە ژێر ئەو زرتە بۆزە سەگبابەدا کەوتووی! پیاوەی مێردی هەر وا دەمی بوو بە تەڵەی تەقیو و وتی: کچێ خوا بتگرێ ئەمە قسەیە تۆ ئەیکەی! پیاوی چی، لنگ بە شانەوە گرتنی چی؟ تۆزێ ئەقڵت بێتەوە سەرخۆت و زمانی خۆت بگرە. ژنە بە پەلە ڕایکردە خوارەوە زەلامی سەر مێردەکەی بگرێ!

لەم کاتەدا مەلا سوورەتی «قل هواللهعربی»یشی تەواو کرد و چوو بە ڕکووعا، وتی: الله أكبرعربی!، خاڵە مەحموو وتی: ژنە هاتە خوارەوە و هیچی بەرچاو نەکەوت، وتی: ئەیڕۆ چی بوو من چاوم پێ کەوت؟ ئا توخوا پیاوەکە بۆ من هیچ کەڵکی نییە، تۆ بچۆرە سەر دارەکە هەرمێکە بتەکێنە و من کۆی ئەکەمەوە.

مێردە چووە سەر دار و دەستی کرد بە هەرمێ تەکاندن، لەملاوە دۆستی ژنەکە لە پەنا بەردێکا خۆی حەشار دابوو، هاتە دەرەوە و هات بە لای ژنەکەوە و دەستی کردە ملی و ماچێکی کرد و پیاوەی مێردی لەسەر دارەکەوە وتی: ئای ژنەکە، ئەوە ئەو زەلامە کێیە وا دەستی کردە ملت و ماچی کردیت؟! ژنە وتی: ئەیڕۆ پیاوەکە ئەوە ئەڵێی چی؟ زەلامی چی و ماچی چی؟ ئاخر منیش وام ئەوت، تۆ بڕوات نەئەکرد ئەمە هەرمێ دارە و خێوی لێ دیارە!

زۆری پێ نەچوو خێرا کابرا سواری ژنەکە بوو! کابرای مێردی لە سەرەوە ئاگری تێ بەربوو، هاواری کرد: ئەری سەگی سەگباب ئەوە چ ڕایەت ئەکەوێ سواری ژنی من ئەبی؟ ژنەش هەر ئەڵێ: پیاوەکە شورەییە قسەی وا مەکە پیاوی چی و سواربوونی چی!؟

لەم کاتەدا ئیمام ڕکاتی یەکەم و دووەمی تەواو کردبوو چووبوو بە ڕکووعا و سەری بەرز کردەوە و وتی: سمع الله لمن حمدەعربی! خەڵکەکەیش ئەوی لە نوێژا ماون ماون، ئەوی نوێژی بڕیوە یەکێ کردوویە بە کەوشەکانیا و بۆی دەرچێ، یەکێ لەبەر پێکەنین ئاگای لە خۆی نەماوە، مەلاش بووە بە کوردەنامووسی، ناتوانێ نوێژەکەی ببڕێ، بەڵام لەبەر قوڵپی پێکەنین ئەویش نازانێ چی ئەڵێ و هۆشی بە لای نوێژەوە نەماوە، لەبەر دەنگی خاڵە مەحموو، گوێی لە دەنگی خۆی نییە! خاڵە مەحموو وتی:

پیاوە بە پەلەپەل دەستی کرد بە هاتنە خوارەوە لە سەر دارەکە، ئەو لە نیوەی دارەکە بوو، لەملاوە هەتیوەی دۆستی ژنەکە لنگی ژنەی گرت بە شانەوە و تێی بەربوو! مێردە لەو سەرەوە ئاگری تێ بەربوو و وتی: ژنەکە خوا بتگرێ خۆ ئەوە لنگی گرتی بە شانەوە و خراپی کردی، کورە کابرا سەگی سەگباب نەکەی ها، نەکەی کوڕە نەکەی. ژنەش لە ژێرەوە هەر ئەڵێ: پیاوەکە ئەم قسانە چییە تۆ ئەیکەی؟ زەلامی چی و پیاوی چی؟ ئاخر کە منیش لە سەر دارەکە بووم هاوارم ئەکرد، تۆ ئەتوت هیچ نییە، ئێستاش ئەمەی من وەکوو هینەکەی تۆ وایە!

کابرای مێردە هاتە خوارەوە، تا ئەو هاتە خوارەوە هەتیوە لە ئیشی خۆی بووە و ڕایکرد و ژنە خێرا هەستایەوە، پیاوەش بە خەنجەری ڕووتەوە ڕایکرد بە شوێن هەتیوەدا، ژنە توند مێردەکەی خۆی گرت و وتی: پیاوەکە، ئەوە تۆ شێت بوویت، وا کەوتوویتە جامبازەوە و قسە کردن لەم دەشتەدا، پیاوەش خۆی ڕائەپسکێنی و ئەڵێ: کچێ قەحبە بەرەڵام کە، ئەوا کابرا دەرباز بوو! ژنەش هەر ئەڵێ: بسم الله، بسم اللهعربی، ئەیەڕۆ پیاوەکە ئەوە شێت بوویت؟!

تا کابرا خۆی لە دەستی ژنە ڕاپسکاند هەتیوە دەرچوو و خۆی ون کرد ئەمجا دەستی کرد بە سەرزنشتکردنی ژنەکەی، ژنەکەی ئەیوت: ئاخر پیاوەکە، منیش کە لەسەر دارەکە بووم، هەر ئەوە بوو کە بەرچاوم ئەکەوت و کەچی تۆش ئەتوت هیچ نییە و منت شێت ئەکرد!، ئەو وەختە کە من لەسەر دارەکە هاوارم ئەکرد تۆ هیچت ئەدی؟ پیاوەش وتی: نا! هیچ نەبوو! وتی: کە واتە هینەکەی تۆش هەروا بووە، هیچ نییە و غایەلە مەکە، ئەمە هەرمێدارە و خێوی لێ دیارە!

خاڵە مەحموو وتی: ئێستا ئەم کابرایەش ئەیەوێ دەردی ئەو کابرایە بەسەر من بێنی! ئاخر یەکێ نییە لێی بپرسێ ئەرێ بابە تۆ چیت داوە بە سەر منەوە؟ چاک دائەنیشم خراپ دائەنیشم بە تۆ چی؟ چاک دانیشە، چاک دانیشە... بۆچ سەرم لێ تێک نادەی دەردی ئەو کابرایە.

لەم کاتەدا مەلا لە تەحیات بۆوە و وتی: السلام عليكمعربی. خاڵە مەحموو سەعاتەکەی دەرهێنا و نای بەسەر لووتییەوە، وتی: خۆ ئەوە بانگ درەنگە، وەهابی مجەوری سەگباب لە کوێیە با بانگ بفەرموێ! خەڵکەکەش بە مەلا و نوێژکەرەوە بە دەم پێکەنینەوە هەر یەکەو بە لایەکا هەڵاتن!