مەلایەک هەبوو مەلا عەبەنووسی ناو بوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  965 مشاهده

مەلایەک هەبوو، «مەلا عەبەنووس»ی ناو بوو، تازە خوێندنی تەواو کردبوو، لە گوندێکی ئەو سەر شیوە دڵخۆشیان کردبوو کە ببێ بە مەلایان و قسەشیان دابوویە کە ژنیشی بۆ بێنن، لە پاش ماوەیەک کچێکی گەلحۆی خاڵە پیرۆت هەبوو، لە گوندەکەیان کەسی پێ قایل نەئەبوو لەویان مارە کرد.

زۆری پێ نەچوو، مەلا کە سەیری ئەکرد تووکە بەری ژنە بلامانێ! ئەڵێی کۆرپە دەوەنە، هەمووجار کە بەیانی ئەچوو بۆ مزگەوت، ئەیوت: ژنەکە تا دێمەوە، بەردەرگا و حەوشەکەت جوان بماڵە. ئەویش لە مەبەستەکەی تێنەئەگەیشت، ئەچوو جوان و پوخت بەردەرگا و حەوشەکەی ئەماڵی! مەلا، کە ئەهاتەوە و ئەیویست گەمە و گاڵتەیەک بکا، سەیری ئەکرد هەزار خۆزگەی بە نەشتەر! وای لێ هات ئیتر نەیوێرا جارێکی تر بچێتە لای.

ئافرەت، کە بینی وا مەلا بە تەواوی لێی لالووتە، پیرێژنێکی کۆنەساڵی دراوسێیان هەبوو، چوو باسەکەی سەراپای بۆ گێڕایەوە. پیرێژن، کە ئەم باسەی بیست، کێشای بە ڕانی خۆیا و وتی: ئای گڵە کوێر بی! من لە تافی گەنجیما دەرسی هەزاری وەکوو تۆم داوە، کەچی تۆ چاری شتێکی ئاوات پێ ناکرێ؟!

داپیرە، کەری خۆی بەردەست کەوت، لەبەر ئەوەی خۆی لە گەمە و گاڵەی پێش نیوەشەوان بێبەش بوو، ویستی ئەوەندەی تر ئافرەتەکە کەر کات! پێی وت: ڕۆڵە نازاری دەوری دۆڵە! کە چوویتە ماڵەوە بە ئاگری قوتیلەکە دوا بڕاوەکە هەڵکڕووزێنەوە ئیتر بێ تووک و لووس بیخەرە بەردەس مەلا عەبەنووس! ئافرەتی ساویلکە چووەوە بۆ ماڵەوە قوتیلە چرای نا بە ناولنگی خۆیەوە، داخەکەم خەپلەکەی سووتا و بوو بە کۆڵە!

شەوێ مەلا ئارەزووی هەڵستا و ویستی بچێتە لای، ژنە نەیهێشت... بەمجۆرە، دوو سێ شەو هەر نەیدایە، مەلا ئارامی لێ بڕا و ویستی بە زۆر ئیشی خێر جێبەجێ بکا! ئافرەتی خست و دەرپێی داکەند، تەماشای کرد دەور و پشتی دوابڕاوەکەی زیچکاو و زڵزڵەی لێ ئەتکێ! کە ئەمەی چاو پێ کەوت، دڵی تێکچوو و کەوتە قوڵپ و قوپی ڕشانەوە، لە ماڵ دەرپەڕی هەر بەو شەوە ئەو ئاواییەی بەجێ هێشت و حەو قۆناغ لەوێ دوور کەوتەوە و بوو بە مەلای گوندێکی تر! لە پاش ماوەی ساڵێک کە ئاسکۆڵێ ناولنگی بە تەواوی چاک بۆوە، ئەم نامەیەی بۆ مەلا نووسی:

گیانی شیرنم مەلا عەبەنووس
بەر دەرگای ماڵت لێ مەبە مایووس
وەک بەری هەسان سافە و لووس و پووس

مەلا عەبەنووسیش بەمجۆرە وەڵامی بۆ نووسییەوە:

تاقە کچەکەی خاڵە پیرۆتێ
هەرچەند شەوەکەی پارم وەبیر تێ
جەرگ و هەناوم لەبەر یەک دەرتێ!

ئیتر ببڕای ببڕای مەلا جارێکی تر نەچووەوە لای!