ئەحەی کڕنوو هەر لە سولەیمانی پیاوێکی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  992 مشاهده

«ئەحەی کڕنوو» هەر لە سولەیمانی، پیاوێکی قسە قوت و گاڵتەچی و نوکتەباز بوو، چ قسەی، چ کردەوەی، هەمووی هەر نەستەق بوو، ناوبانگی لە هەموو لایەک پەیدا کردبوو، ئەو ئیشەی کە بە ناو بە دەستییەوە بوو شەربەتفرۆشی بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە باری گوزەرانا زۆر ڕێک نەبوو، هەر ئیشێکی بە دەستەوە بهاتایە هەر ئەیکرد، ئەمانەش بۆ نانی فاتە، کەچی نانی فاتەش هەر دەست نەئەکەوت!

ئەو سەردەمە سولەیمانی شوێنی ژیانێکی تر بووە، دنیا وەکوو ئێستا گاڵتەی بە خەڵک نەئەکرد، کە بە شەو و بە ڕۆژ خەریک بن و کەچی هەر پێشی نەگەن! ئەو شارە جێگای ڕابواردن و هەوارگەی نوکتە و قسەی خۆش بوو، کە ئێوارێ دائەهات دیوەخانەکان گەرم ئەبوو، بە قسەی نەستەق و بەبێ دڵتەنگی ڕایان ئەبوارد، یا لە چاخانەکان لە پاش نوێژی خەوتنان، حەقایەتخوانەکان بە دەنگێکی جوان داستانی ڕۆژگاری کۆنیان ئەگێڕایەوە و پیاوەکانیش لێیان کۆ ئەبوونەوە، لە گەلێ شوێنی تریش، ئەتبینی دەستەیەکی وەکوو دەستە گوڵ ڕێ ئەکەوتن لە دەر و دراوسێ و ناسراو، هەر شەوە لە ماڵی یەکێکیان کۆ ئەبوونەوە بە گۆرەویبازی و فنجانێن، سەر ئێوارەیان ئەنووساند بە مەلابانگدانی بەیانییەوە. ئەمە بوو ڕابواردنی جارانی سولەیمانی، ئیتر وەکوو ئێستا نە «قەبوڵ»ی ژنان سەری لە پیاو تێکدابوو، نە وێنەی «فیلمی سینەما» سەری لە ژن تێک دابوو.!

جا ئێوارەیەک چەند کەسێک لە دراوسێ دوکانەکانی ئەحەی کڕنوو قسە ئەکەن بە یەک، کە پاش نوێژی شێوان بچن بۆ ماڵی ئەحە و نانی ئێوارەشیان بخەن بەسەر ئەوا و بەم بۆنەیەوە نوکتەیەکی پێ بگێڕن! ئێوارێ دادێ و هەموو لێ ئەدەن ئەچن، «سەلام عەلیکم، سەلام عەلیکم» دە دوانزە کەس ئەچنە ژوورەوە. ئەو وەختە کورسی و سەنگلی نەبوو، کەوش دائەکەنرا و دائەنیشتن ئەمانەش هەموو پێلاوەکانیان داکەند و چوون لەسەر بەڕە و حەسیرە شڕ دانیشتن و خاڵە ئەحمەدیش بەخێرهاتنی کردن.

ئینجا وتیان: خاڵە ئەحمەد، ئەوی ڕاستی بێ ویستمان ئەم ئێوارەیە لە ماڵی ئێوە نان بخۆین، جا تۆش ئیتر کەیفی خۆتە. خاڵە ئەحمەدیش ئەسپێ لە گیرفانیا فەتاح پاشا ئەکا!! ئەڵێ: یاخوا بەخێر بێن، تۆزێ سەبرم لێ بکەن، ئێوە بۆ خۆتان بە قسەوە خەریک بن، من لە ماڵەوە هەر خۆم و ژنەکەمین، خۆی بە تەنیا پیا ڕاناگا نان دروست کا! ئەچم تۆزێ سەر و کاری ئەکەم و دێمەوە خزمەتتان. ئەڵێن: بڕۆ وا ئێمە دانیشتووین.

دێتە دەرەوە، چی کەوش و قۆنەرەی ئەوانە لەوێ دانراوە، هەمووی کۆ ئەکاتەوە و ئەیخاتە توورەکەیەکەوە و ئەیدا بە شانیا، خێرا بە پەلەپەل ئەیبا بۆ بازاڕ پینەچییەک هێشتا دووکانی هەڵنەگرتبوو، هەمووی ئەفرۆشێ بەو، پارەکەی ئەبا و ئەیدا بە کەباب و ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، بۆیان دائەنی و ئەڵێ: لێم ببوورن ئێوە لە ناوەختا هاتن، بەم دەم و دەستە لە کەباب زیاتر جێبەجی نەبوو! ئەوانیش گەلێ لە خۆیان ئەبوورنەوە و دەست ئەکەن بە نان و کەباب خواردن، جارجاریش سەیرێکی یەک ئەکەن کە پەنێکی چاکیان بە خاڵە ئەحمەد دا: تێر و پڕ ئەخۆن و خاڵە ئەحمەد خۆی و ژنەکەشی بە دیاریانەوە دائەنیشن و ئەوانیش تێر ئەخۆن. پاشان بە قسەی خۆش ڕائەبوێرن تا درەنگێک و ئیتر هەڵئەستن بۆ ڕۆیشتن، کە ئەچنە دەرەوە کەوشەکانیان دیار نییە! ئەڵێن: کوا کەوشەکانمان؟ ئەڵێ: خواردتان! ئەڵێن چۆن خواردمان؟ ئەڵێ: حیزبابینە سەگجسنینە، بۆچ لاتان وایە من حەمە قەدۆی موسڵم و حەمە ئاغای کۆیەم بێنم بەو نیوەشەوە نان و خوان بۆ ئێوە ڕاکێشم؟ ئاخر ناڵێن ئەم سەگبابە لە کوێی بوو ئەم ڕەوەیە دروست بکا؟ کەرانباوگایینە ئەوە دەرتان بێ. ئەو کەبابەی کە قوزەڵقورتتان کرد پارەی کەوشەکانی خۆتان بوو، بە کوێرایی چاوتان، خۆم و ژنەکەشم تێرمان لێ خوارد! ئەگەڕێنەوە ژوورەوە و دەرگاکەیان لەسەر دائەخا و لێی دائەنیشێ!!

ئەوانیش لە دیوی دەرەوە، هەرچەند قسە ئەکەن و جنێو ئەدەن، هیچ کەڵکی نابێ، گۆڵ گۆڵ بە پێخاوسی هەر یەکە ئەچنەوە بۆ ماڵی خۆیان و بەیانی ئەچن کەوشەکانیان لە پینەچییەکە ئەکڕنەوە.

کابرایەک هەبوو «خاڵە وەیسە»ی ناوبوو، ژنێکیشی هەبوو پێیان ئەوت «پورە خازە»، دەوری گەنجییان پێکەوە ڕابواردبوو، خاڵە وەیسە ڕیشێکی تۆپی دەمە دەمی ماشوبرنجی جوانی پێکەوە نابوو، لەم دەورەدا چوو ژنێکی تری جوانکەڵەی هێنا و ناوی «نازێ» بوو، پێیان ئەوت «نازە».

دیارە وەکووو -شەرع- ئەفەرموێ «خاڵە وەیسە» شەوێک لە لای خازە ئەبوو، شەوێک لە لای نازە! ئەو شەوەکە لە لای نازە ئەبوو، نازە موویەکی سپی لە ڕیشیا ئەبینی لەبەر ئەوە پێی ناخۆش بوو بە پەنجە جوانەکانی هەڵی ئەکێشا! ئەو شەوەش کە لە لای «خازە» ئەبوو ئەویش موویەکی ڕەشی لە ڕیشا ئەبینی لەبەر ئەوە سپییەکان زۆر دەرکەون و لە بەرچاوی نازە بکەوێ ئەویش ئەوەی هەڵئەکێشا!

زۆری پێ نەچوو، خاڵە وەیسە وەکوو مریشکی ئاوەڕووتکراوی لێهات موو بە ڕوومەتییەوە نەما، جا لێیان ئەپرسی: خاڵە وەیسە ئەوە ڕیشەکەت چی لێهات؟ ئەویش ئەیوت:

نیوەی کەوتە دەست خازە
نیوەشی چووە لای نازە
خۆیشم کەوتمە جامبازە!

کەواتە ئەگەر یەکێ بیەوێ هەموو ڕۆژێ دەست بە ڕیشیا بێنێت و نەکەوێتە جامبازە، هەر بە فاتیلەی خۆیەوە داکەوێ باشترە. خۆ ئەگەر دەست بە ڕیشا هێنانیشی ناوێ، هەموو ڕۆژێ پێش نوێژی شێوان بە گوێزانێکی تیژ ڕیشەکەی بتاشێ با هەر بە مردنی خۆی بمرێ، نەوەک بە ژانی هەڵکێشانەوە! ئەو وەختە بۆ جامبازەکەش ئەگەر سیانیش بێ قەیناکا، گۆم هەتا قووڵتر بێ مەلەی خۆشترە!