کوردەکان لەبەر ئەوەی وڵاتەکەیان کوێستان و...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  314 مشاهده

کوردەکان لەبەر ئەوەی وڵاتەکەیان کوێستان و سەرما و سۆڵەیە، لەبارەی هاتنی زستان و حساب ڕاگرتنی زستانا، چەند جۆرە حسابێکیان هەیە، یەکێکیان ئەمەیە کە پێی ئەڵێن «کەلیخان» و «گڵەزەردە» و ئەو ڕۆژەی پێ نرایە ٢٦ی مانگی ڕێبەنان (١٦ی کانوونی دووەم) پێ ئەنێتە چلە (چلەی زستان)، لە ڕۆژی پێنجی نەورۆز (٢٥ی شوبات) دوایی دێت، لەو وڵاتانەی کوردەواری کە تۆزێ گەرمیانترن، هەر ئەم حساب ئەکرێ.

حسابێکی تریش هەیە کە هی کوێستانە سەختەکانە:

لەسەر ئەم حسابە دوو چلە هەیە، چلە گەورە، چلە بچووک؛ چلە گەورە ٤٠ ڕۆژە، چلە بچووک ٢٠ ڕۆژە، ئەمەشیان هەرچەندە بیست ڕۆژە، بەڵام هەر پێی ئەڵێن چلە، بە هەردووکیان دوو مانگ لە زستان تەواو ئەکەن. حسابەکەی تریش بەم جوریە:

یەکەم ڕۆژی مانگی ڕێبەنان (٢١ی کانوونی یەکەم) پێ ئەنێتە چلە و ئەمەیان پێی ئەڵێن «چلە گەورە»، لە ٩ی مانگی چلە (٣٠ کانوونی دووەم) دوایی دێت. ئەمجا لە ڕۆژی ١٠ی مانگی چلە (٣١ی کانوونی دووەم) پێ ئەنێتە چلەکەی تر، لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی چلە (١٨ی شوبات) دوایی دێت و ئەمەیان پێی ئەڵێن «چلە بچووک».

لە شەوی پێنجی ئەم چلە بچووکەدا «کوڕی سەبا» ئەچێ بۆ کێو، لە شەوی شەشی ئەم چلەیەدا پشکۆ ئەکەوێ، کە پشکۆ کەوت، تینی هەوا ئەشکێ.

چوونی کوڕی ساباش بۆ کێو بەم جۆرەیە:

کوڕی سەبا کوردێکی ڕاوچی بووە. ئیشی هەر دەر و دەشت و ڕاوکردن بووە، لەو شەوەدا سەر لە ئیوارێ ئەچێ بۆ کێو، کە ئەو دەرئەچێ دنیا ئەیگۆڕی و ئەبێ بە کڕێوە و بۆران و دووکەڵ ئەکا، ئەبێ بە شەوێک ئیتر لە زستانا لەو شەوە ساردتر و تووشتر نابێ.

کوڕەکە پیرێژنە دایکێکی کوێری ئەبی، خەڵکی ئاواییەکە ئەچن پێی ئەڵێن: کوڕەکەت ئیمشەو ڕەق ئەبێتەوە. ئەویش هەڵئەستێ بە کوێرەکوێرە لە ژوورەکەی خۆی دێتە دەرەوە، سەیرێکی هەواکە و بۆنێکی کرێوەکە ئەکا و تۆزێ مات ئەبێ. پێی ئەڵێن: بۆچی وا مات بووی؟ ئەڵێ: ڕاستە ئەم شەوە، تووشترین شەوێکە لە زستان، بەڵام ئەگەر کوڕ کوڕی من بێ، تا بەیانی دانانیشێ و هەر هاتوچۆ ئەکا.

خەڵکەکە بە قسەکەی پێ ئەکەنن و ئەڵێن: خەڵەفاوە، ئەوە تف هەڵدەی بە ئاسمانا ئەیبەستێ، تازە ئەڵێ ئەگەر کوڕ کوڕی من بێ دانانیشێ و هاتوچۆ ئەکا، بۆچی کڕێوە دەرفەتی ئەوە ئەدا کە کوڕە لەو شاخەدا پێ لەبەر پێ هەلێنی؟.

ئەو شەوە بە هەر جۆر بێ ڕۆژ ئەبێتەوە و بەیانی خەڵکی ئاوایی هەموو شاڵ و پێتاو ئەبەستن بۆ ئەوەی بچن تەرمی کوڕە بێننەوە. کتوپڕ سەیر ئەکەن وا کوڕە لەو لاوە لە لا قەبرغەی شاخەکەوە کەڵەکێوییەکی کردووە بەسەر دارەکەیەوە و ناویە بە نەڕەی شانییەوە و بەرەو ئەوایی ئەبێتەوە. خەڵکەکە چوون بەرەو پیشوازییەوە و پاشان لێیان پرسی: چۆن سەرما ڕەقی نەکردۆتەوە؟ وتی: سەر لە ئێوارە کە لە ماڵ دەرچووم، دوور کەوتمەوە، دنیا گۆڕا و بوو بە کڕێوە و تۆف... نە دار بە دەرەوە ما، نە ئەشکەوت ما، نە کێو و شاخ ما لەبەر بەفر و باران. وتی: پەکم کەوت و ویستم پەنا ئەشکەوتێک بدۆزمەوە و بچم ستاری بگرم. لەگەڵ ئەوەش کە نەبوو، کتوپڕ دەنگێک هاتە گوێم وەک ئەوەی لە دەنگی دایکم بکات، وتی: دامەنیشە و هەر هاتووچۆ بکە، منیش ئیتر دەستم کرد بە هاتووچۆ کردن، لە ناو بەفر و کڕێوەکەدا تا بەیانی، بەیانی ئەم کەڵەکێوییەی کە سەرما پەکی خستبوو، گرتم و سەرم بڕی و ئەوا هاتمەوە.

جا ئێستاش لەو کوێستانانە لە لادێ و شارەکانا، لە ژووری مزگەوتەکانا ئاگر کراوەتەوە و نێڵە نێڵی دێ، پیاوە ڕیشسپی و دنیادیدەکان لەبەر ئاگرەکە دانیشتوون و ئەیکەن بە گاڵە، یەکێک ئەڵێ ئیمشەو و کوڕی سەبا ئەچێ بۆ کێو.. یەکێک ئەڵێ ئیمشەو نییە سبەی شەوە. بەم جۆرە قسە لە ڕۆیشتنی کوڕی سەباوە ئەکەن بۆ کێو.