ئەڵێن ئەوە کابرا ژنی هەیە و ئەچێ ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  297 مشاهده

ئەڵێن ئەوە کابرا ژنی هەیە و ئەچێ ژنێکی تر دێنێت، لەو وەختەدا کە بووک ئەگوێزرێتەوە و دێتە ژوورەوە، ژنە کۆنەکە مەنجەڵێکی ڕەش دێنێ سەرەونخوونی ئەکاتەوە و ئەچێتە سەری، چوونە سەر مەنجەڵەکە و هاتنە ژوورەوەی بووکی تازە، ئەبێ یەک بگرێ، گۆیا ئەم ئیشە بۆ ئەوە ئەکا کە بووکی تازە لەبەرچاو مێردەکەی بکەوێ، خۆ ئەگەر بیەوێ ئیشەکەی چاکتر سەر بگرێ، هەندێ «کل»یشی بۆ حەوا ئەدا، جا بیگرێ یا نەیگرێ ئەوە شتێکی ترە، ئەمە دیسان هەر بۆ ئەوە، کە مێرد لووت بە تازەبووکا نەیەنێ.

ئەڵێن ئەگەر مانگ خەرمانە-ئاخلەی دا، ئەوە نیشانەی بارانە.

ئەڵێن ئەگەر با لە لای قیبلەوە هات، ئەوە نیشانەی بارانە و پێی ئەڵێن «بای ڕژێنە».

لە ناو کورددا باوە: ژنان ئەچن بۆ سەر «شەخس»، هەر ژنە بە نیازێک ڕێزەڵە بەردێک هەڵئەگرێ و نیازەکەی خۆی لە دڵا ئەڵێت و بەردەکە ئەنووسینێ بە کێلی گۆڕی شەخسەکەوە، ئەگەر کێلەکە ڕێزەڵە بەردەکەی گرتە خۆی، ئەوە نیازەکەی جێبەجێ ئەبێ، ئەگەر نەیگرت هیچ.

لە ناو کوردەواریدا باوە ئەگەر یەکێ «قەیچی -مەقەست»ی دا بە دەست یەکێکەوە، ڕاستە و ڕاست نایداتێ، یا بۆی دائەنێتە سەر زەوی، یا ئەمەتە ئەیخاتە سەر پشتی دەستی خۆی و دەستی بۆ ڕائەگرێ و ئەویش هەڵی ئەگرێ.

ئەڵێن ژن لەو وەختەدا کە «گونک»ی هەویر لە سوێنەکە هەڵئەگرێ، ئەگەر پرزۆڵە لە گونکەکە بۆوە و پەرت بووە دەری سوێنەکەوە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە میوان دێت.

ئەڵێن منداڵی ساوا کە دەستی کرد بە گسکدان ئەوە نیشانەی هاتنی میوانە.

ئەڵێن مریشک کە بە لادا ئەکەوێ، ئەلێن ئەوە باری خستووە، نیشانەی هاتنی میوانێکی وایە کە بە بارە دیارییەوە دێت.

ئەڵێن پشیلە کە دەموچاوی ئەشوا، ئەگەر دەستی هێنا بەسەر گوێچکەیا ئەوە نیشانەی هاتنی میوانە.

ئەڵێن مریشک کە خۆی دۆزی نیشانەی ئەوەیە ئەبێ بە کەوەڕۆژ و پاشان بە باران.

ئەڵێن ورچ کە ئاگری چاو پێ کەوت، ئەکەوێتە جامبازە و بۆی دەرئەچێ، بە هیچ جۆرێ ناوێرێ نزیکی بکەوێ.

ئەڵێن کە پیاو بە شەو چرای پێ بوو، سەگ ئیتر توخنی ناکەوێ.

ئەڵێن هەرکەس نقورچ بگرێ لە «دۆمە ژن» چەقۆ بە دەستی چاک تیژ ئەبێ.

ئەڵێن پیاوێ کە لووتی زل بوو، دەعباکەشی زلە، ئافرەتێ کە دمی زل بوو -بیلامانێ -وانێکەکەی- «ماشەڵڵا» فراوانە.

ئەڵێن یەکێ تیکە -پاروو لە یەکێ بفڕێنێ، یا بیخوا، ئەبێ بە شەڕیان.

ئەڵێن مریشک کە پۆپەی سوور کرد، ئەوە ئیتر دەمە دەمی هێلکە کردنیەتی.

ئەڵێن کە گەڵا «کون» کرا، باران ئەبارێ.

ئەڵێن لە دوای کێلە بەردینە کردن، باران ئەبارێ.

کە ڕەشەوڵاخ «باپێچ»ی کرد، کاڵە کۆنی لە مل ئەکەن.

لە وڵاتی کوردەواری کە مانگ گیرا، تەپڵ لێ ئەدەن و تفەنگ ئەتەقێنن.

ئەڵێن کە بێوەژن گوێزرایەوە، هەڵامەت پەیدا ئەبێ.

لە وڵاتی کوردەواری کە نانی شایی بووک ئەخۆن دەست ناشۆن.

ئەڵێن ئینسانی پارەدار، کڵاوی چڵکنە.

ئەڵێن یەکێ دوومەڵی لێ بێ، ئەوە پارەدارە و دەری ناخا، دوومەڵەکەی دەری ئەخا.

لە وڵاتی کوردەواری کە مانگی سەفەر ئەڕوا، دیزەی ڕەشی بە دوادا ئەشکێنن.

لە ناو کوردانا وڵاغی خۆشەویست، مورووی شینی لە مل ئەکەن، لەبەر چاوەزار.

لە ڕەوشتی کوردەکانە کە بووکیان گواستەوە، کەڵەشێری بەسەرا هەڵئەدەن.

ئەڵێن کە بووک ئەگوێزنەوە سواری ماینی ئەکەن.

ئەڵێن پیاوی بێ ژن، لە گۆی ئاگردانا کە دووکەڵی بۆ چوو، ئەوە ژنی جوانی بۆ ئەبێ.

ئەڵێن ئافرەت کە گرێی چارۆکەکەی کرایەوە، ئەوە میوانی دێت.

ئەڵێن ئەگەر یەکێ بەنەوخوێنی پسا، ئەوە ئیشێکی ناخۆ دێتە پێشی.

لە ناو کوردەواریدا ناڵە شکاو ئەکەن بەسەر کۆشک و خانووی تازەوە، بۆ چاوەزار.