لەڕووی نەسیحەت بۆ دەروێش و سۆفی

از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
 3 دقیقه  746 مشاهده
لەبۆ ئەو برایانەی کە ئەربابی تەریقەتی قادری و ەنەقشبەندین، لە ڕووی نەسیحەت نەک لە ڕووی ئینکاری نووسیومە. هەر جارە کە گوێ لە شیعرەکانم بگرن بزانن ئامۆژگارییە یا ئینکارییە و عیبرەت و تەئسیری لێ وەربگرن هەتا ڕەنج بە خەسار نەبن
وەرە سۆفی تەماشا کە بەڕیش و کەللە وەک شێری
ئەدی خۆ نەفسەکەت مێیە لەلای خۆشت ئەتۆ نێری
لەناو بێشەی ڕیا و عوجبی لە ڕێی ئیخلاسی لاداوی
هەتا دەمری بەبێ ئیخلاس بە ئەو مەککارە ناوێری
لە حاڵی خۆت ئەتۆ جارێ تەفەککور گەر بکەی ئەوجا
بەڕاستی تێ دەگەی گیانە کە چەند بێ کەڵک و بێ خێری
حەیا ناکەی لەلای مورشید بە خۆشت تۆ بڵێی پیاوم
ئەسیری ئەو زەعیفەی بی دەڵێی ئیفلیج و شەو کوێری
ئەگەر بێت و بە عەقڵی خۆت لە دەردی دڵ بگەی جارێ
کە سەرتاپا بریندارە بە حیلە و نووکی شمشیری
بە خوێنی جەرگە دەست نوێژی هەموو ئەهلی سلووک دەروێش
ئەتۆش پرچە هەموو مایەت بە زەرگ و هەڵپەڕین فێری
ئەگەری تالیب بەڕاستی بی سیراتولموستەقیم ڕێتە
لە زاڵی و وەغزوبی حیفزی لە سیفرەی نیعمەتا تێری
کەسێ لەم ڕێیە گەر لادا لە ئینعام دوورە وەک ئەنعام
ئەتۆ سۆفی وەکوو ڕێوی ئەتۆش دەروێش وەکوو نێری
بە زیکر و فیکری مەولایە عیلاج و تۆڵە وەرگرتن
وەهارێتە ئەگەر مەردی وەها بمری دەڵێم شێری
لە زندانی ڕیازەت دا پەتی تەقوای لە گەردەن کە
مودیری سجنی ئیخلاس بی ەگەر حەزکەی هەڵیدێری
دڵت خستۆتە بەر دەستی زەعیفەی دوژمنی دینت
لەلای خۆت مشتەری فەیزی بە بێ مایەش لە باژێڕی
لە جێگەی سەفووەتی قەلب و چرات بۆ غورفەیی تەوفیق
بە قەسوەت ڕەش بووە قەلبت لە ڕاستی عەیبیخۆت کوێری
بە جارێ داتە دەست نەفست لغاوی ئیختیاری خۆت
بە دائیم بۆیە جاسووسی لە گۆشتی غەیبەتیش تێری
بە بۆراقی تەمەع هەرگیز بە قودسی قودسیان ناگەی
تەمات وایە لە ناو جەننەت لەگەڵ جبریلی ڕابوێری
لە پایەی ڕەفرەفی عەزمت هەتا سەرعەرشی مەقسوودت
لە ڕێی میعراجی ئامالت بە دائیم هەر سەرەو ژێری
تەریقت حەققە بیللاهی عیلاجی خۆت بکە مونکیر
گەلێ وریا بە مامیخۆم ئەتۆش کەوتوویە هەڵدێری
وەها خۆت دەردەخەی عاسیتخلص لە ژەنگی مەعسییەت پاکی
بە ملیۆنە ئەتۆ عەیبت لەسەد هەرچواری بژمێری