بۆ ئامۆژگاری

از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
 4 دقیقه  966 مشاهده
بەسیە ئەی کوردی بەغیرەت ببنە یەک دڵ دەبنە پیاو
ڕووکەنە ئادابی دینی شێری مەست بن ڕۆژی ڕاو
وەک لەسەر کێوی شیمالا ڕۆژی ئاوتت هەڵات
شەمشەکوێرە بزر بوو زوو لەبەر تاوی هەتاو
تێبفکرن ئێوە ئیمڕۆ چۆن سەرۆکێکتان هەیە
ناوی بەرزانی دەلیلە یەککەمین بازە لە ڕاو
خادیمی دینی موبینە پێشڕەوێکە حەقپەرست
چونکە ناوی مستەفایە چەندە بەرز و لێوەشاو
بازی خۆش پەروازی کورد بن بێ فەرق گەورە و بچووک
کوندە بۆی بەدگۆ لەناوتان بیخەنە زندان و داو
ئەسلیحەی دینتان زیاد کەن دەچنە سەرکورسی شەرەف
سەنگەریشتان ئیتتیفاق بێ و زۆر بە مەردی بچنە ناو
هێزی ئێمە هەر بەدینە ڕووکەنە فەرمانی خوا
قەت نەکەن پشتان لە دین کەن تاکوو نەبنە پشت شکاو
بێ مبالاتی بە دینە کەوتنە دوای بێگانەکان
لێ دەدەن زۆڕنای بەلاشی بەو دەماغی ناتەواو
دین چرای ڕێگای نەجاتە تۆش بەدوای نەفس و هەوا
گەر بکەویە شوێن ئەوانە مایە پووچی بەش بڕاو
لێوەشاوەی ئەو عەزابەین چونکە پشتمان کردە دین
زەهری ناکۆکیش بە جارێ بۆگەنی کردووە هەناو
سەد دەخیل وریابە دینت با لە دەستت دەرنەچێ
نەفس و شەیتان وا لە دووتن چەشنی توولەی فێرە ڕاو
حوکمی قورئانتان بە جێ هێشت کەوتنە شوێن قانوونی شووم
قوڕبەسەر عەقڵی نەفامتان بوونە قەومی باش نەماو
پیاوی چا بن ئێمە کوردین خادیمی دینی موبین
ڕووکەنە ئەحکامی شەرعی نا بنە ئیسلام هەر بەناو
سەد ئەسەف بۆ ئێوە یاران زەنبەلەی دینتان پساند
کاتژمێری دڵ بە جارێ کەوتە دەست شەیتان تەواو
بوونە چەند حزبی نەفام و دوژمنی یەکتر هەموو
تەرکی نوێژ و تەرکی ڕۆژوو وا لە ناوتان بۆتە باو
بەو خودایەی بێ شەریکە و تۆی پەیا کردووە لە هیچ
تاکوو دەمرن گەورە نابن تاوەهابن نابنە پیاو
فیکری ناکۆکی فڕێ دەن ببنە یەک پارچەی مەتین
زوو لەناو چاڵی جەهالەت وەرنە دەر وەک شێر بەتاو
ڕێک و پێک بن گەر لە گوڵ یەک تەختی جەمشیدتان هەیە
تاجی کەیکاوس لەسەر کەن چەشنی قەڵغان و کەڵاو
دەبنە خەسرەو یەک بە یەکتان نیشتمانتان شیرنە
مێشکی ورد کەن چەشنی فەرهاد هەر کەسێکی بێتە ناو
کێوی ئەلبورزن بە غیرەت ئێوە بۆ کەس نانەون
داخەکەم دیلی نیفاقن سووک وپووک و پەت کاو
دەستی من دامێنی ئێوە بەسیەتی هۆشتان هەبێ
واز لە تاڕێکی بهێنن ببنە قەومێکی بەناو
ئەمریکا و ئینگلیز و یۆنان هەم فەرەنسا و ڕووسیا
دوژمنی دین و وەتەنتن ئەی خەواڵووی هۆش نەماو
عەیبە بۆ بێگانە دائیم بوونە چاوەش کوردەکان
ڕوو لە شەرعی مستەفا کەن گەر گەرەکتە ببنە پیاو
چونکە بێ مایەن لە نەقدی ئیتتیفاق ئەی چاوی من
دائیما بێ سام و شەوکەت مایە پووچ و تێ شکاو
مەسئەلەی ڕێکی ونیفاقتان بێننە پێش چاو تێ بگەن
قەت وەکوو ئێکن لە لەززەت چێشتی ترخێنە و پەڵاو
چاکە باشتر بۆت بەیان کەم تاکوو باشتر تێ بگەی
فەرقی بەفراو چەندە زۆرە ئەو لەگەڵ ئاوی گەڕاو
بەستە ئەم پەندە عەزیزم فیکری لێ بکەن زۆر بەدڵ
گەر شعوورتان تێک نەچوو بێ دەبنە شێری تازە ساو
ناوی ئێوەش وەک سکەندەر هەر دەمێنێ تا ئەبەد
هەم لە پێش یەئجووجی ناحەز دەبنە سەددی داڕژاو
هێزی دینتان گەر لەگەڵ بێ دەبنە یەککەم نامەوەر
هەروەکوو شاهی فەرەیدوون دەبنە ساحیب تەخت و ناو
وا چەنەم شل بوو لەگەڵتان داخەکەم سوودی نەبوو
بێ دەماغی بۆتە دەستوور لێک بە داخن دڵ بەتاو
حاڵی ئێوە من دەبینم چت بەسەر دێ کاکی کورد
لێدە تەپڵی بەد ڕەوشتی تاکوو دەمری نابیە پیاو
عاسیتخلص هەر هێندەی لە دەست دێ دەرسی ڕاستان پێ بڵێ
پیاوی باش بن تێ بکۆشن عەیبە سستی و خاوەخاو