وان لە گێژی بەحری جەهلا وەرنە دەر ئەی گەنجەکان
از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
2 دقیقه
911 مشاهده
وان لە گێژی بەحری جەهلا وەرنە دەر ئەی گەنجەکان
عیلمە پاپۆڕی نەجاتتان تێ بکۆشن ڕۆڵەگیان
نەک لە ڕێبازی ژیانا تووشی کۆسپەی غەم ببن
عیلمە لەنگەر بۆ سەفینەت هەم قەڵاتە بۆ ژیان
عیلمە نەتخاتە هەوا و چەندە چوستە سەیری کەن
چۆن بە یەک لەحزەت ئەباتە عاسیمەی بێگانەکان
عیلمە زێڕ و عەقڵە تیزاب جەوهەرت باش دەردەخا
چونکە میقرۆبە عەزیزم ناوی بێ عەقڵی و نەزان
خۆت بەسەرخە تۆ بە عیلم و باش بە ڕێی عەقڵا بڕۆ
هەر بە ئەو دوانەش بە دەرکەوت حیکمەتی لوقمانەکان
ڕۆڵە بێ عەقڵی بە پارە قەت نەکەی بکڕی ئەتۆ
تا لەژێر بەیداغی عیلما باش بژی ئەی نەوجەوان
هەر لەسەر کورسی شەرەف بە عیلم و عەقڵت مایە بێ
نەک بەبێ عەقڵی بکەویە قوژبن و کۆڵانەکان
گەر لە ڕێی تاریکی جەهلا تۆ چرای عیلمت هەبێ
عەقڵی کامل پاتری بێ دەچیە ڕیزی گەورەکان
تۆ شعوورت گەر تەواو بێ باش تەماشا کە بە چاو
وا لە بەرچاوتە بە قوربان واریداتی عیلمەکان
فورسەتە زوو تێ بکۆشن با لە دەستان دەرنەچێ
ببنە لۆمەی لۆمەکاران یانە بەدناوی جیهان
عیلم و عەقڵت هەردوو هیچە گەر ئیتاعەی خوا نەکەی
کوێری دەشتی مەحشەری تۆ تێ بگە ئەی نەوجەوان
غەیری چاکە و هەم سەلاحت سوودی نابێ چاوی من
دەتخەنە زندانی ئاگر بێکەس و بێ پشتیوان
گەر بە دڵتانیش نەبیتن لێم ببوورن کاکی من
من شعوورم هەروەهایە چونکە عاسیتخلصم لاوەکان