ئەی یاری خۆشەویستی وەفا کاری ڕاست ڕەو

وەرامی نامە و کارتێک
از کتاب:
دیوانی شاهۆ
اثر:
شاهو (1882-1971)
 2 دقیقه  744 مشاهده
ئەی یاری خۆشەویستی وەفا کاری ڕاست ڕەو
وەی جێی ئومێدی موخلیسی خەمباری تیرەشەو
وەختێک کە «کارتی جەژنەکەتم» دیت و خوێندمەوە
وەک نووستووێک کە ڕاشڵەژێ و ڕاچەنی لەخەو
تیمسالی حاڵی قەومەکەی میسلی سینەما
هێنایە بەر نەزەرم و لەپڕ ڕاپەڕێم، بە دەو
تۆزێ کە سەیری ئەو فلیمەم کرد و تێی گەییم
دەستم گەیاندە خامە وەکوو بەرقی تیژڕەو
نووسیم بە خوێنی دیدە لە سەفحەی سیاهی دڵ
ئەحواڵی کوردی قوڕبەسەر و بەختی شوومی ئەو
کورد ڕەنجەڕۆیە گوڵبونی عەیشی خەزانی کرد
شانی لە ژێری باری خەما گشتی بوو «جەدەو»
نەورۆز لەبۆ ئەوانەیە وشکیان ژیایەوە
ناوچاوی بەختە دێزەکەیان بوو بە مانگە شەو
کورد خۆ بەهاری عومری گەڵاڕێزی کردەوە
کورد لالەزاری عەیشی بە پاکۆ کرا درەو
کورد ڕۆژی جەژنی ڕەش بووە خۆشیی بۆ نەما
داماوە، بەش خوراوە، هەموو ڕۆژی بوو بە شەو
کورد بەختی شوومی نووستووە بڕوانە لاشەکەی
وا بەنج کراوە تاکوو ئەبەد هەڵنەسێت لە خەو
قەومێک کە بەختی سوستی وەها شووم و خەستە بێ
قەومێک کە ڕۆژی ڕۆشنی لێ بوو بە نیوەشەو
قەومێک وەهابوو هەرکەسێ پیادا بە کەیفی خۆی
قەومێک کەهەرچی هاتوو بووە خێوی ماڵی ئەو
قەومێک کە خۆی نەمرد بوو میراتی بەش کرا
پیاوی نرانە ناو قەفەس و بوونە باڕە کەو
قەومێک وەها بوو نەوعی بەشەر ڕەحمی پێی نەما
وا چاکە خۆی بنێتە قوڕ و چیم و زیخ و چەو
شاهۆتخلص لە داخی تالێعی ناسازی قەومی کورد
ناڵەی دەروونی ناسرەوێت بوو بە «دارە کەو»