تولووعی کرد مەلەک تەلعەت خرۆشان ئەهلی ڕووحانی

از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
 1 دقیقه  929 مشاهده
تولووعی کرد مەلەک تەلعەت خرۆشان ئەهلی ڕووحانی
مونەوەر بوو هەموو عالەم بە ڕوویی ماهی تابانی
سنۆبەر قامەتێ واهات مەلایەک سوورەتێ دەرکەوت
جەمالی جەزبی عەقلی کرد هەمووی خستنە پەرێشانی
عەجەب لەو سوورەتە یاران قەڵەم تەسویری کێشاوە
لە نەقشی دوو برۆی شێتن هەزارانی وەکوو مانی
کە لەعلی لێوی پشکووتن وەکوو غونچە سەلامی کرد
هەموو دڵ بوونە بولبول بۆی نەما کەس زەوقی جارانی
بە پیاڵەی چاوی سەرمەست بوون و گوتیان بابی کەنعانە
کەسێ یەعقوبی غەم ڕیزە ئەوا هات یووسفی سانی
بە چەتفەی زەردی دایپۆشی سەراپا خاڵ و ئەگریجەی
برینی خستە جەرگی من بە ئەبرۆ و تیری مژگانی
دڵم ناڕوا لە دەرگاهی شەهنشاهی جەمالی ئەو
ئەسیری کرد و پابەستە بە تای زوڵفی پەرێشانی
دڵ و عەقلی بە غارەت برد بە گۆشەی چاو تەماشای کرد
نیقابی چەفیەکەی لادا لە سەر خورشیدی تابانی
لە بەر چاوی حەسوودانت گوتم قوربان وەها نابی
گوتی عاسیتخلص نییە باکم منم عوسمانی عوسمانی