فیدای باڵای بڵندت بم دەڵێی سەروی گوڵستانە

از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
 2 دقیقه  1300 مشاهده
فیدای باڵای بڵندت بم دەڵێی سەروی گوڵستانە
بە سەرگەردی جەمالت بم دەڵێی خورشیدی تابانە
ئیشارەت کە لەبۆ کوشتن بە پەنجەی شێوە زیوینت
بڵێ هات مەوسیمی مەرگت سبەینێ جەژنی قوربانە
لە بورجی زوڵمەتی زوڵفت کە شەوقی ڕووت تولووعی کرد
موئەززین بانگی عیشقی دا وەرن وا ڕۆژی دیوانە
قەزییەی مانیعولجەمعە لە ڕووی تۆدا چە قەوماوە
قەمەر مەعلوومە وادیارە لە ناوەند بورجی میزانە
نەخۆش و دەردەداری تۆم، کەوا گوڵ سورمە،ڕووم تێکە
ببینم سێوی دوو کوڵمت نموونەی باغی ڕیزوانە
بڵێن عاشق وەرە سەیری ئەوا هات سوخمە چیناوی
بە دوگمە قوفلی دا سینەی دەڵێ ئەم گەنجە پەنهانە
قەزییەی ئیتیفاقی بوو ترازا بەندی سەرسینەی
گوتی عاسیتخلص تەماشا کە دەڵێی بەفری کەلی خانە
نەخۆش بووم بۆ شیفا پێم گوت کەرەم فەرموو کە بۆنی کەم
گوڵی ئەو جووتە سێوانە چزەی سەرخۆش و مەستانە
کە دەستم گەییە سەر سینەی بە غونچەی لێوی سەرمەست بووم
گوتم گەر دەمکوژی فەرموو گوتی ئەم جارە ئیحسانە
گوتم خۆ خاڵی سەر کوڵمت زیارەتگاهی عوششاقە
دڵی نەشکاندم و فەرمووی حەیاتبەخشی شەهیدانە
کە لێوم نایە سەر کوڵمی گوتی عاسیتخلص بدە ڕووحت
وتم پێشکەش بە ئەبرۆت بێ دەڵێی شیری خوراسانە