سەرەتا

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  819 مشاهده

لە هەر تەڵە، ئاوازێک و لە هەر سازە، نیازێک!

ڕۆژان ڕۆژی لە دوایە، ڕۆژ ئەڕوا و مانگ دێت، مانگ ئەڕوا و ساڵ دێن. خۆزگە بەو ڕۆژانە کە هەر ڕۆژێکی وەکوو مانگێک بوو، ئای بۆ ئەو مانگانەی کە هەر مانگێکی وەکوو ساڵێک بوو کوڕە چۆن قسەی وا ئەکەی؟ خۆ ئەڵێن ڕۆژی ناخۆشی بە مانگێکە و مانگێکی بە ساڵێک!

ئەمە ئەڵێن، بەڵام بە دینت ڕۆژانی منداڵی ڕۆژی ناخۆشی بوون؟ کە لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ وەکوو ساڵێک بوو. خۆ لە بەیانییەوە ئێوارێ هەر نەدەهات!

ئۆ! خۆزگەت بێ بەوەی قسەی پار ئەگێڕیتەوە!

برا! نە منداڵی و نە گەورەیی! ڕۆژێک ئیشێکت تێداکرد، ئەوە گەلێ بەکەڵکترە لە ساڵێک کە هیچ ئیشێکی تێدانەکەیت.

با بێینە سەر «ڕشتەی مرواری». ئەمە بەرگی پێنجەمی ڕشتەی مروارییە لەبەر دەستایە، بەرگی یەکەم و دووەم لە ساڵی ١٩٥٧دا چاپ کران، هی سێیەم لە ساڵی ١٩٥٨ دا، هی چوارەم لە ساڵی ١٩٦٩دا ئەمەیان (پێنجەم) بەر ساڵی ١٩٧٢ کەوت.

تا ساڵی ١٩٧٢ گەلێ پەردە گۆڕا و گەلێ چەشنە دێوجامە هەڵدرایەوە. لە ماوەی ئەم شانزە ساڵەدا ئاخۆ چەند جۆرە دەستکردی پیشەسازی هاتۆتە پێشەوە؟ ئاخۆ چەند جۆرە شۆڕش گێڕرابێ؟ هەر یەکە شتێک! ئاخۆ چەند کەشتی بەربووبێتەوە بۆ مانگ و بۆ ئەستێرەکانی تر؟ کەچی خاڵۆی ڕێبوار ئەڵێ:

«مامۆستا تازە ئەڵێ ئەوا ڕشتەی مرواری؟! و تازە ئەگەڕێتەوە بۆ گێڕانەوەی ناوێک کە ناوی «ڕشتەی مرواری»یە و شانزە ساڵ لەمەو پێشتر ئەم ناوە دانرا یاخوا ناودار بێ و بە نازی دایک و باوک گەورە بێ! یاخوا ئەو قەڵەمە و ئەو زمانەت نەڕزێ و نەسوێ. قسەی خۆت بکە و بەردی خۆت بهاوێژە من بە تۆ و تۆ بە خوا!

لەم ڕووەوە کە مامۆستا و تۆ وە یا من و تۆ، هەردووکمان لە نەتەوەیەکین کە کوردین، ئەوە گومانی تیانییە هاوبەشین لە هەموو ئەو شتانەدا کە لەژێر خێوەتی نەتەوایەتی دایە و منیش کەواتە لەگەڵتم بۆ ئەو قسانەت، بەڵام لەلایەکی ترەوە ڕەنگ بێ تۆزێ لە یەک دابڕێین! من ئەڵێم نەتەوە کاتێ پێی ئەخاتە مەیدانی نەتەوایەتییەوە کە زمانێک و ئەدەبێکی هەبێت. وە ئەدەبیش هەر ئەوە نییە کە نووسراو و هۆنراوەیەک بێ کەوتبێتە ژێر پەردەی مەعنایەکی ڕەقەوە، بەڵکوو بەشێکی زۆر لە ئەدەب ئەو ئەدەبە فۆلکلۆریانەن کە بە زمانێکی سادە و ساویلکە وتراون و ئەوترێن. ئەمانەن کە بەتەواوی زمانەکە دەرئەبڕن و پتەوی ئەکەنەوە، گەر ئەو زمانە ئاشکرا و بێپەردەیە نەیەتە مەیدانەوە جەوهەری ئەدەبی ڕاستەقینەی ئەو زمانە ناکەوێتە ڕوو و دەرناکەوێ.

ئەگەر لە لاپەڕەی ڕابردووی مێژووی ئەم شتانەدا کە ئێستا ئێمە لەبارەی زمان و ئەدەبەوە پێشانی ئەدەین، بەرەبەرە لەو سەردەمانەدا پێشان بدرانایە بێگومان ئێستا ئازووخەیەکی زۆر تێروتەسەلمان ئەبوو بۆ ئەم زمانەی خۆمان و نەئەکەوتینە بەر پلاری ئەو توانج و ڕەخنانە کە تێمان و لێمان ئەگیرێ! بۆ ڕاستی و ناڕاستیی ئەم قسەیەش هەر ماوە ئەوسەر و ئەمسەری ئەم شانزە ساڵە بێنەرە پێشەوە، لەسەری شانزە ساڵەوە ئەگەر یەکێ ڕشتەی مرواریی چاو پێ بکەوتایە وەکوو فیشەکە شێتە ئەچوو بە عاسمانا، کەچی لەمسەری شانزە ساڵەکەوە دەمی بۆ ئەتەقێنێ!

دیسان ئەیڵێمەوە کە من وەیا زانین بڕوای وایە ئەگەر ئێمەی کورد لە ڕۆژەکانی کۆنمانا دەستێکمان بۆ خۆمان ببردایە، ئێستە لەو پلانە تێپەڕیبووین و دوور نەبوو دەستێکیشمان بە کەشتییە ئاسمانییەکەوە بگرتایە!

کەوابوو برای برام! وەکوو من سەرم لە ڕەخنە نەکردۆتەوە تۆیش سەری لێ مەکەرەوە، «ئەگەر لەکین، گشت چۆنیەکین!». ئەم زمانە، زمانی ئێمەیە؛ ئەم ئەدەبە، ئەدەبی ئێمەیە. وا مەزانە ئەم جۆرە شتانە تازە کوورەوە یا لەناو نەتەوەکانی ترا نین؛ زۆر هەیە بەڵام ئەوان زووتر دەستیان دایە و زووتر پلەی «عەیب و شوورەیی» یان بڕیی. ئێمەش ئەبێ لەسەر ئەو بڕوایە بین: تا ئەدەبە ئاشکراکانمان زیندوو نەکەینەوە ناتوانین بەتەواوی بگەین بە جەوهەری ئەدەبی بناغەیی، ئەدەب -با ڕووخسارەکەشی جیا بێ- بەرانبەر بە نەتەوە لە هەموو بناغەیەک بناغەترە، لە هەموو شۆڕشێک شۆڕشترە. هەر لەبەر ئەمە بوو منیش لەم ماوە تۆزێ پان و درێژەدا ئەم شۆڕشی ئەدەبییەم خستە ناوەوە.

ئا برا، تۆ دەنگ، هیچ دێتە بیرت ئەو ساڵە کە لە مێرگەکەی «هەوارەپان» بین، مەشکەیە دۆمان بردبوو بە نانی هەرزنەوە - خوا نەیوڕێ - کردبوومان بە زڵیاوپڵیاوێک؟ ئێستەش هەر وابزانە سەروژوورەکەی هەوارەپانە، بینی پێوەنێ و تا لەوپەڕییەوە دەرئەچێ وازی لێ نەیەنی. ئەگەر جارجاریش قسە بکەی گەردەنت هەر ئازا وێ! تۆخوا برالە و تۆخوا بووکی بەرکەندوان تۆیش گەردەن من ئازا کە، ئەمە کورپەی گوێ ئاگردانە، تووتن و بریاگ و تووتن دزیاگ وە کۆی زوخاڵ وێ! با ئەم تۆ بدوێنێ و تۆیش ئەو بدوێنە.

ئیتر خوات لەگەڵ تۆ وە خێر و من وە سەڵامەت، بەڵام نەک سەڵامەتەکەی شێخ بابە عەلی!