پێشەکی

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  881 مشاهده

ڕۆژ و حەفتە ئەڕوا و مانگ و ساڵ دێت، مانگ و ساڵ ئەڕوا و کارەساتی یەک بە شوێن یەکدا دێت. من لە ساڵی ١٩٥٧ەوە دەستم دا بە نەخشەی «ڕشتەی مرواری»یەوە. لەم ماوەیەدا تا ئێستا حەوت بەرگی دەرچوو، ئەمە بەرگی هەشتەمیەتی کە لەبەر دەستتایە. دیارە لە هەوەڵەوە گەلێ قسەشم لەسەریان خواردووە، بەڵام بەرەکەتدا کۆڵم نەدا. لام وایە هەموو ئیشێکی تازە سەرەتا خاوەنەکانیان کەوتوونەتە بەر پلاری پلارهاوێژان، ئەوانەی کە هێزی خۆڕاگرتنیان نەبووە، وازیان هێناوە و ئیشەکەیان پووکاوەتەوە. ئەوانەشیان کە خۆیان ڕاگرتووە لە ئەنجاما گەیشتوون بە ئارەزوو. ئەمە ئامۆژگارییەکە بۆ ئەو کەسانەی کە ئەیانەوێ پایەدار بن لە ئیشەکانیانا.

لەسەرچوون و خۆڕاگرتن «بەر» ئەدا بەدەستەوە. ئەوانەی لە فرمانەکانیانا سەرکەتوون، فرمانەکانیان زانستی بووبێ یا پیشەسازی وە یاسایی، بێ گومان گەلێ تەنگوچەڵەمەیان هاتووتە سەر ڕێ. وەلێ کۆڵیان هەر نەداوە تا لە ئەنجاما گەیشتوون بەو ئامانجەی کە هەیانبووە. من ناڵێم باڵۆنێکم باڵداوەتەوە بە ئاسمانەوە هێناومەتەوە، ئەمە ناڵێم چونکە ئەو ئیشە ئیشی من نییە؛ «نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب». بەڵام ئەتوانم بڵێم کتێبێکی وەکوو «ڕشتەی مرواری» دێنمە بەرهەم کە ئەو جۆرە شتانە کەلەپووری نەتەوایەتیی منە و بە لامەوە وایە سوودی هەیە لە ڕووی ئەدەبەوە بۆ نەتەوەکەم؛ چونکە ئەدەب بناغەی نەتەوەیە. لە هەموو نەتەوەیەکدا - چ کۆن و چ تازە - دەستەیەکی تایبەتی خەریکی زیندووکردنەوەی ئەم کەلەپوورانە بوون و بەم شتانە لەم ڕووەوە ناوبانگی نەتەوەیان بڵاوکردووتەوە. ئەم جۆرە شتانە مێژووی بەسەرهاتی نەتەوەیە.

بەڵێ ئەمانە لە ڕوواڵەتا زاخاوی مێشکن، بەڵام هەریەکە دەرسێکیان تێدایە و هەریەکە پەندێکی لێ وەر ئەگیرێ. ئاخ خۆزگا چەرخێ لەمەوپێشتر ئێمە ئەم شتانەمان بە چاپکراوی ئەکەوتە بەردەست، ئەو وەختە ئەمزانی کە ئێستە چ سامانێکی ئەدەبیمان هەیە.

لەسەرەتای ساڵی ١٩٧٥ەوە تا ئێستا ئاخۆ من چەند دۆستم لەدەست دەرچووبێت؟ ئاخۆ چەند لەو دۆستە دێرینانەم - کە سەرچاوەی بوون بە بەرهەمهێنانی ڕشتەی مرواری - لەدەست دەرچووبن و ڕوویان کردووتەوە بۆ مەزاری خاک و منیان بە داخی کۆچی خۆیانەوە هێشتۆتەوە؟ گومانی تێدا نییە ئەو ڕێگایەی ئەوانە گرتیان، منیش ئەیگرم و منیش ئەچم بۆ دیدەنیان. بە دیدەنێکی هەتاهەتایی؛ بەڵام تۆخوا واز بێنە بەڵکوو یەک دوو هەنگاوی تر بێنم، دەنگی زەنگی کاروان دەنگ ئەداتەوە، با هەموومان گوێمان لێبێ:

زڵەی زایەڵەی دوکانچەی دەماخ
ئەیداتەوە دڵ ئەکا ئاخ و داخ

تای حاجی محەممەد عەنبەر لە کوێت؟ خەییام بە زاتەوە لە سەدەی پێنجەم و شەشەمی هجریدا ڕوو ئەکاتە خوا و ئەڵێ: تۆ منت هێنایە دنیاوە ئایا هیچ پرست بە من کرد؟ هاتم بۆ ئەم دنیایە بەبێ ڕەزامەندی خۆم. شێخ سەلامی شاعیری ئێمە دیوانەکەی ئەوی کرد بە کوردی و لە ساڵی ١٩٩١دا چاپ کرا. لەسەر ئەو شوێنە من قسەیەکم کردووە، وتوومە: وەکوو هاتنەکە پیاو بە ئارەزووی خۆی نەبووە؛ چونکە چوونەکەی ئەو بە ئارەزووی خۆی نییە، چونکە حەز ئەکا بە کڕی و کوێری و ئیفلیجی بمێنێتەوە، هەر بەو مەرجە لە دنیا دەرنەچێت، کە چی پاڵی پێوە ئەنێن و بەبێ خواستی خۆی لە دونیا دەری ئەپەڕێنێ.

دۆستەکانی من پاڵیان پییانەوە نان و ڕۆیشتن. بەو مەرقەدەی کاکە حەمەدە، پاڵ بە منیشەوە ئەنێن و ئەڕۆم؛ تۆخوا تا نەڕۆیشتووم با زڵیا و پڵیاوێکی تر بکەم.

ئەو ساڵە حەمەی شازەمانی ڕەحمەتی هەندێ کەوچکی هەڵەدنی هێنابۆوە، لە بناری مێرگەپان بانگی ئەکرد:

کەوچکی هەڵەدن، ناوی قووڵە و دەسکی پان
نەخشی هەیە وەک خۆتان
بۆ ماستاوی ساردی نیوەڕوان

ئەحەی سابر و عەلی ماستاو دەنگ ئەکەن بە یەک بۆ پیاهەڵدان.

 

پێیان ئەوت: تۆ لێرەوە ئەم بانگەوازە بۆ ئەکەی؟ ئەیوت: با دەنگم بگاتە ناو شار و بێن بە پیرمەوە. منیش ئەڵێم ڕشتەی مرواری کۆرپەی گوێی ئاگردانە، ئەگەر تۆ ئەو نەدوێنی، ئەو تۆ نادوێنێ.

هەموو ئەدەبێک لە هەموو سەردەمێکا و لەناو هەموو نەتەوەیەکدا چۆنیەتیی پایەی ئەو نەتەوەیە دەرئەخا. هەندێک لەو ئەدەبە سەلێقەی تاکە تاکەی نەتەوەکە پیشان ئەدا، هەندێکی گوزارشت لە ڕابواردنی هەموو نەتەوەکە ئەداتەوە. بە هەر دوو لایەنەوە پایەی زیرەکی و زەوقی گشت نەتەوەکە نیشان ئەدەن. نەتەوەکانی تر مایەیان زۆر بووە بۆ درووستکردنی ئەدەبەکەیان، ئەو مایەیە کە ئەوان بوویانە کوردەکە نەیبووە، لەگەڵ ئەوەشا زەوقەی تاکە تاکەی وە یا هەموویان لە جموجووڵا لە دروستکردنی ئەدەبەکەیانا لام وایە کەمتر نەبووە لەوان. بۆیە وا ئەڵێم چونکە نەتەوەکانی تر نیوەی سەرچاوەی ئەدەبەکەیان لە حوکمەوە هەستاوە، کورد ئەو حوکمەی نەبووە، کە چی سەلێقە و زەوقی خۆی هەر بە زکماکی کۆگایەکی زێڕینی ئەدەبی دروست کردووە.

بە ئەندازەی توانا کەوتمە سەر کۆکردنەوەی ئەوانە و لە تۆی دوو بەرگی ڕشتەی مرواریدا خستمە بەردەستی تۆ؛ ئیتر تۆش کەیفی خۆتە، من بە تۆ و تۆ بە خوا. لەگەڵ ئەوەشا بۆ ئێستە کە بخوێنێتەوە ئەڵێ: پەکوو لەوی حەلامەتەی، ئەمانەی کو لۆ ڕێ کەتینە. عەولی عەزەی کۆنەماسییش لە وڵاتی سلێمانی وەسپێکی ڕشتەی مرواری ناردبوو، ئەڵێ:

تاقانەی ناو تاقانە
دەستە گوڵی دیوەخانە
موورووی دەستی نازدارانە
گوڵی دەستی عەداڵانە

عەلائەددین سەججادی