ساڵح قازی هەبوو گێڕایەوە ئەڵێ ئەوا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  863 مشاهده

ساڵح قازی هەبوو گێڕایەوە، ئەڵێ:

ئەوا زابتی لیوایم لە هیندوستان، لەگەڵ زابتێکی زۆر گەورەی سیخ -کە هەردووکمان لە لەشکری ئینگلیزدا بووین- دۆستایەتییەکی تەواومان پەیدا کرد. زابتە سیخەکە وتی تۆ من فێری کوردی بکە منیش تۆ فێری ئینگلیزی ئەکەم و هەریەکیش دەفتەرێکمان هەبێ بۆ نووسینەوەی شتەکان، وتم باشە.

دەستمان کرد بە فێر کردنی یەک. بڕیارمان وابوو یەکەمجار وشە و پاشان ڕەستە. ئەو کەلیماتی ئینگلیزی ساغی بە من ئەوت، ئەمنووسی، منیش کەلیماتی کوردیم ئەوت ئەویش ئەینووسی. مەسەلەن من ئەموت بە کوردی بە نان ئەڵێن پڵوو، بە ئاو ئەڵێن تڵوو، ئەیانینووسی. بە مەرحەبا ئەڵێن گوێت. بە بەخێرهاتن ئەڵێن چکوو پکوو. بە بچۆ بۆ بازار ئەڵێن گیپ لی پیت. بە وەرە بۆ ئێرە ئەڵێن شنەلێ پنە. ئەمانەی هەموو ئەنووسی و وەکوو بولبول لەبەری کردبوون. شتەکان ئێجگار زۆر بوون، ئەویش هەمووی ڕەوان کردبوو، بەڵام لەوە زۆر ئەترسام کە ئەگەر جارێک شتێکم لێ بپرسێتەوە، من نازانم چیم وتووە. لەوانەیە شتی تریش بڵێم و بە درۆ بکەومەوە، ئەوەندە هەبوو ئەو وای ڕەوان کردبوون هیچ کەڵکی نەئەکەوتە ئەوە کە لێم بپرسێتەوە. بەم جۆرە تا نزیکەی سێ مانگێک ڕۆیشتین.

حەمەی پوورە نازێ هەبوو خەڵکی سولەیمانی بوو، ئەویش عەسکەری لیوا بوو، لە فەوجێکی تر بوو، نەقڵ بووبوو بۆ ئەو فەوجەی لای ئێمە. ڕۆژێک زابتە سیخەکە تووشی ئەبێ و ئەزانێ کوردە، بەو کوردییە کە فێر بووبوو لەگەڵ حەمەدا دەست ئەکا بە قسە کردن. زۆر بە گەرم و گۆڕی تێی هەڵەچێ، حەمەش بەلایەوە سەیر ئەبێ، حەمە هیندی ئەزانێ، پێی ئەڵێ ئەوە تۆ چۆن قسە ئەکەی؟ زابتەکەش ئەڵێ بە کوردی، ئەڵێ باوکم ئەمە کوردی نییە. ئەڵێ ئەی چییە؟ ئەڵێ نازانم. منیش وا لە دوورەوە چاوم لێیانە، ئاگام لێ بوو گەلێ لەگەڵ حەمەدا قسەی کرد بە هیچ دەرچوو، تێ گەیشت هەر شتێک فێر بووە هەمووی قسەی قۆڕە و هیچی نییە.

ئەوەندەم زانی شیرەکەی هەڵکێشا کەوتە ناو عەسکەرەکان وەکوو هار هەڕا ئەکا و پەلامار ئەدا، کەف ئەچەرێنێ بە ئینگلیزی و بە هێندی ئەیدا بە یەکا، بە شوێنما ئەسووڕێتەوە بمکوژێ. وتم بە قورئان خوێنی خۆمم کردە تەشتەوە. وا ئەویش نزیکم بۆوە، هیچ چارەم نەما چوومە چادری میجەرەکە و لە پشت ئەوەوە خۆم شاردەوە، ئەویش چاوی لێم بوو کە ڕووم کردە ئەوێ، هات خۆی کرد بە ناو چادرکەدا. ئینگلیزەکان شڵەژان و گرتیان، نازانن مەسەلەش چییە، پێیان وت چییە بۆ وا شێت بوویت و ئەم شیرە ڕووتە چییە بە دەستتەوە؟ ئەمجا بە ئینگلیزی وتی: ئەو سەگی سەگبابە، ئەمە سێ مانگە گوایە منی فێری کوردی کردووە، بە دڵ و بە گیان هەمووم نووسیوەتەوە و لەبەرم کردووە، کە چی ئێستا وەکوو تێگەیشتم هیچی بە سەر هیچەوە نییە. ئەبێ دوو ساڵ خەریک بم تا ئەوانەم لە بیر بچێتەوە، ئەم قەحبەبابە بەم جۆرە منی کوشتووە، ئێستا هەر ئەبێ پارچە پارچەی کەم.

وتی ئینگلیزەکان کە ئەمەیان دی هەموو دەستیان کرد بە پێکەنین و ساردیان کردەوە، منیان هێنا دەستم ماچ کرد و ئاشتیان کردینەوە، بەڵام دوای ئەوە ئیتر هەر بە خیسەوە سەیری ئەکردم.