لە داستانی کوردییە ئەگێڕنەوە ئەڵێن دوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  846 مشاهده

لە داستانی کوردییە، ئەگێڕنەوە ئەڵێن:

دوو پادشای بە دەسەڵات و ئامۆزای یەک بوون، ئاقاری قەڵەمڕەوی هەردووکیان پێکەوە بوو. کابرایەکی دەرۆزەکەر هەبوو لە وڵاتی یەکێکیانا دوو کچی شۆخ و شەنگی هەبوو، خەرامانی ئەرمەن و پەلک سەوزی داستان هاوتایی نەئەکردن. ناوبانگی نازداریان لە هەموو وڵاتا دەنگی دابووەوە. جوانی ئەمانە بەرگوێی هەردوو پادشا کەوتبووەوە، هاتنە سەر ئەوە کە هەر یەکە یەکێکیان مارە بکەن، نسیب یەکی خستن، دوو نەمامی داستان بوون بە هاوسەری دوو شازادەی جیهان. ئەم دوو کچە لە گەڕانی بەردەروازانەوە کەوتنە ناو تەلاری شاهی و مێرگ و مێرغوزاری شادییەوە. نانی جۆ، ڕەشکەی بەردەرماڵان، بوو بە گەنمی بەهارە و شیر و شەکری ناو ماڵان. مەگەر خوا بیزانێ کەوتنە چ خۆشیەکەوە. ڕۆژێ بە ڕێکەوت یەکێ لەو دوو پادشایە کە چووەوە بۆ ژووری حەڕەمسەرا سەیری کرد وا ژنەکەی لە هەر تاقێکی ژوورەکەیا کەرتە نانی ڕەقی داناوە و کەس لە ژوورەکەدا نییە، بە بەرتاقەکانا ئەسووڕێتەوە، دەستی ڕاگرتووە ئەڵێ خوا لە دەستتان نەبڕێ پەنجەیە نانم بدەنێ.

بە دەستەکەی تری تۆزێ نانەڕەق ئەخاتە ئەو دەستیەوە، توورەکەیەک لە ملیایە ئەیخاتە ناو توورەکەکە و ئەڵێ خوا لێتان نەبڕێ. ئەچێتە بەرتاقێکی تر هەروەها، تا هەموو تاقەکان بەو جۆرە هەموو ئەگەڕێ، پاشان ئەڕوا ئەو جلە شڕانە کە لەبەریایە دایئەکەنێ، جلی خانمان لەبەر ئەکا و ئەچێ لەسەر دۆشەک دائەنیشێ.

پادشا لەمە زۆر سەری سڕما، چووە ژوورەوە لە تەنیشتیەوە دانیشت و پێی وت بانوو تۆ شتی وا بۆ ئەکەی؟ خانم لە پێشا نەچووە ژێری، پاشا وتی خۆم بە چاوی خۆم دیم. خانم سەیری کرد هیچ چاری نییە، وتی: ڕاستی پادشاهم! من وام لە ناو هەموو ناز و نیعمەتێکا، لە هیچ شتێک ناتەواویم نییە، نە لە خواردن، نە لە لەبەرکردن، نە لە کەنیزەک و خوڵامان، بەڵام کرمێک لە سەرما جووڵەی ئەکرد، وەختەبوو شێتم بکا، شەو و ڕۆژ بەوەوە ئەتلامەوە. لە ئەنجاما تێگەیشتم کە ئەمە ئیشی چییە، من سەرەتا بە دەرۆزە و بە سواڵکردن فێر بووم، ئێستە ئەوەم لێ بڕاوە، هیچ چارێکم نەدیوە ئەوە نەبێ کە بەو جۆرە خۆم شڕەبار بکەم و بە بەرتاقەکانا بسووڕێمەوە، داوای نانەڕەقە لە تاقەکان بکەم. بەو جۆرە ئیتر حەسامەوە و هیچ دەردێکم نەما.

ئەمجا پادشاکەی تریش ڕۆژێ کە چووە ژوورەوە سەیری کرد ژنەکەی وەکوو ژنی پادشاکەی تر بە بەرتاقەکانا ئەسووڕێتەوە و داوای پارچە نانەڕەقیان لێ ئەکا و لە پاش تەواو کردنیان خۆی ئەکاتەوە بە خانمەکەی جاران.

پادشا لێی ئەپرسی بۆ چ وا ئەکەی؟ ژنە وتی:

پادشاهم! من سەرەتا سواڵکەر و گەدا بووم، بەو جۆرە کە تۆ منت بینی لە بەرماڵانا گەداییم ئەکرد، ئێستە کەوتوومەتە سەر ئەم ناز و نیعمەتە، هەرجارە نە جارێک دێنم وەکوو پێشوو بە بەرتاقەکانا ئەسووڕێمەوە و ئەو تاقانە بە ماڵەکان دائەنێم کە سواڵم لێ ئەکردن، ئەمجا خۆم بە خۆم ئەڵێم تۆ سەرەتا وا بوویت، خۆتت لێ نەگۆڕێ. پادشا ناوچەوانی ماچ کرد و وتی؛ نەجابەت بە زاتە، نەک بە ئەسڵ و نەسەب.