شێخ سەعیدی حاجی شێخ عەلی گێڕایەوە بۆ ڕشتە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  542 مشاهده

شێخ سەعیدی حاجی شێخ عەلی گێڕایەوە بۆ ڕشتە وتی:

لەو سەرە عالمێکی گەورە -کە ناوبانگی پیاو چاکیشی دەرکردبوو- ڕێی ئەکەوێتە ئەشکەوتێک. تەماشا ئەکا سێ چوار پارچە ئاڵتوون لە شکڵی چوار گۆشەدا دانراوە، ئەویش لە دڵی خۆیا ئەڵێ وا چاکە هەڵیان بگرم؛ بۆ چی بە خۆڕایی لێرەدا بکەون. ئەیاندەم بە هەژارێکی داماو، ئەو کەڵکیان لێ وەرئەگرێ. هەڵیان ئەگرێت و دێتەوە دەرەوە. لە ڕێگادا تووشی کابرایەکی پیری کۆماوە ئەبێ خەریکی کۆکردنەوەی چیلکە و چەواڵە. لێی ئەپرسێ ئەرێ مامە خەریکی چیت؟ ئەڵێ قوربانی سەرت بم! ئەم چیلکە و چەواڵانە کۆ ئەکەمەوە ئەیبەم بۆ شار ئەیدەم بە سێ چوار کولێرە بۆ منداڵەکانم.

عالمەکە لەدڵی خۆیا ئەڵێ بەخوا لەمە هەژارترم دەست ناکەوێ کە ئاڵتوونەکانی بدەمێ. لێی پرسی مامە ناوت چییە؟ وتی بە قوربانت بم! سۆفی پیرۆت. ئەمجا دەستی کرد بە گیرفانیا ئاڵتوونەکانی دەرهێنا و وتی سۆفی پیرۆت بچۆ ئەم ئاڵتوونانە بفرۆشە بیدە بە شتومەک بۆ منداڵەکانت. سۆفی پیرۆت کە تەماشای ئاڵتوونەکانی کرد وتی ئای بە قوربانت بم! ئەمە هی ئەشکەوتەکە نەبێ؟ وتی بەڵێ. وتی بەساقەی سەرت بم! ئەگەر لە هەڵگرتنی بوومایە دە ساڵ بوو هەڵم گرتبوو، خۆم تووشی ئەو گوناحە ناکەم، چیلکە و چەواڵەکەی خۆم بەبێ منەت ئەیفرۆشم و ئەیدەم بە نان بۆ مناڵەکانم.