کابرایەک هەبوو زۆر ڕژد و چرووک بوو زیاتر...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  558 مشاهده

کابرایەک هەبوو زۆر ڕژد و چرووک بوو، زیاتر لە حەفتا ساڵ عومری کردبوو و دەوڵەتێکی زۆری پێکەوەنابوو، هیچ کەس دەرگای ماڵی نەدیبوو، تەنانەت مێروولە بەئاوات بوو تۆزێ وردە نانی لە ماڵیا دەست کەوێ. بەو داخەوە مرد و هیچی دەست نەکەوت.

ڕۆژێک کۆمەڵێ سواڵکەر کۆبوونەوە سەرگوزەشتی خۆیان ئەگێڕایەوە، هاتنە سەر ئەو کابرایە هەموویان وتیان تا ئێستا ئێمە هیچمان لێ نەدیوە. یەکێکیان ڕاست بۆوە وتی کێ گرەوم لەگەڵ ئەکا؟ یەکێکیان وتی من لەسەر دوسەد قەران گرەوت لەگەڵ ئەکەم ئەگەر هەر لە ئێستاوە تا ساڵێکی تر تاقە پووڵێکت لێ سەند من دووسەد قەرانت بدەمێ. لەسەر ئەمە لێک جیا بوونەوە.

کابرای سواڵکەر هەستا چووە سەر دوکانی بازرگان وتی لە ڕێی خودا شتێکم بدەرێ، وتی خوا بتداتێ و دوکانی هەڵگرت و چووەوە بۆ ماڵەوە و ئەمیش شوێنی کەوت. ئەو چووە ژوورەوە قاپی داخست، لە پاش تۆزێک هاتە دەرەوە چوو بۆ مزگەوت، دیسان داوی لێ کردەوە ئەویش هەر وتی خوا بتداتێ. ئەو شەوە ئەو دەرگایەی بەجێ نەهێشت. بەیانی کابرا کە هات بچێ بۆ دوکان سەری ڕێگای پێ گرتەوە و وتی لە ڕێی خوادا شتێکم بدەرێ، ئەویش هەر وەکوو جاران وتی خوا بتداتێ.

سەرت نەیەشێنم لێی نەبۆوە حەیشی پێ تاڵ کرد. بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە هەر هیچی نەدایە. وتی باشە ئێستە هیچم نادەیتێ، نامدەیتێ. بەڵام قسەیەکم بدەرێ کە فڵانە وەخت شتێکت ئەدەمێ. چەند ڕۆژێکیش بەم جۆرە ڕایانبوارد. وای لێ هات ماڵ و مناڵی وەرەس بوون. وتیان پیاوەکە ئێستە چیت لێ کەم ئەبێتەوە ئەگەر بڵێیت لە پاش ئەوەندە وەخت شتێکت ئەدەمێ؟ و ئەو وەختەش نەیدەیتێ و ئێستەش لە کۆڵ خۆتت کردبێتەوە. کابرا هەر ڕازی نەبوو. ئەمیش وەکوو کێچ هەر لێی نەبووەوە. بۆ بازاڕ ئەچوو، بۆ مزگەوت ئەچوو، بۆ ماڵ ئەچوو، هەر بە شوێنیەوە بوو. ئاخری کابرای کردە کون، چاری نەما. وتی بڕۆ سەگباب! لە پاش ساڵێکی تر وەرەوە پووڵێکت ئەدەمێ. ئەویش وتی خوا لێت بەزیاد کا و ڕۆیشت.

لە پاش سەعاتێک چوو بۆ ماڵەکەی و تەقەی دا لە قاپی، وتیان کێیە؟ وتی منم سواڵکەرەکەم، عەرزی ئاغا بکەن ئەوە لە ساڵەکە سەعاتێ ڕۆیشت. ئەمەی وت و لێیدا ڕۆیشت. سەعاتێکی تری پێ چوو دیسان چووەوە و تەقەی دایەوە لە قاپی. وتیان کێیە؟ وتی منم سواڵکەرەکەم، عەرزی ئاغا بکەن ئەوا لە ساڵەکە دوو سەعاتی ڕۆیشت و لێی دا ڕۆیشت.

بە کورتی بەم جۆرە دنیای لە کابرا کردە پێستی چۆلەکە. هەر ساعەتێ نە ساعەتێ هەڵی ئەکوتایە سەری ئەیوت عەرزی ئاغا بکەن لە ساڵەکە ئەوەندە سەعاتی بەسەرچوو. لە پاش چەند ڕۆژ کابرای دەوڵەمەند ئیتر لە توانایا نەما بانگی کرد وەرە سەگباب ئەوە پوڵەکەت و وازم لێ بێنە، ئەوی تۆ بە منت کرد تا ئێستا عومرم بەم عومرە گەشتووە کەس پێی نەکردووم. سواڵکەر پووڵی لێ وەرگرت و بەم جۆرە گرەوەکەی بردەوە.