شێخ بەشیری ئەتروشی گێڕایەوە وتی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  562 مشاهده

شێخ بەشیری ئەترووشی گێڕایەوە وتی:

«عەبدولباری» هەبوو لە مووسڵ بازەرگانێکی زۆر گەورە بوو. «خواجە دانیال» یش هەبوو لە بەغدا. عەبدولباری چەلەبی و خواجە دانیاڵ تجارەتیان لەگەڵ یەک هەبوو، شتومەکی مووسڵ و بەغدایان بۆ یەک ئەنارد. زۆر بە درەنگیش یەکتریان ئەبینی، چونکە ئەو سەردەمە هاتوچۆ لەبەینی شارەکانا کەم بوو. ساڵێک عەبدولباری چەلەبی لە هاوینا ڕێی ئەکەوێتە بەغدا لە حوجرەکەی خواجە دانیالا لە خانی سەفافیر دائەنیشن. ئەو سەردەمە باوەشێنە پووشە خورماکان هەبوو پیاوە گەورەکان ئەیانکڕی و باوەشێنی خۆیانیان پێ ئەکرد. لەو کاتەدا باوەشێنفرۆش بەوێدا تێ ئەپەڕێ، چەلەبی و دانیال هەر یەکە باوەشێنێک ئەکڕن.

چەلەبی ئیشی تەواو ئەبێ و ئەگەڕێتەوە بۆ مووسڵ و باوەشێنەکەی خۆی لەگەڵ خۆی ئەبا. لە پاش سێ چوار ساڵ دیسان ئیشی بەغدای ئەبێ و ئەچێتەوە بۆ بەغدا و لەسەر سەکۆی حوجرەکەی خواجە دانیال دائەنیشن. چەلەبی مووسڵی تماشا ئەکا باوەشێنەکەی دانیال جوو کۆن بووە. لێی ئەپرسێ بڕوا ئەکەی باوەشێنەکەی ئەو ساڵە پێکەوە کڕێمان ئەڵێی کۆنت کردووە؟ دانیاڵیش ئەڵێ باوەشێنی ئەو ساڵەی چی؟ لەو وەختەوە تا ئێستە هەموو ساڵێ باوەشێنێکم کڕیوە، ئەمە هی ئیمساڵە وا تۆ بە کۆنی ئەزانی.

چەلەبی مووسڵی ئەڵێ بۆ چی تۆ چی لێ ئەکەی وا کۆن بووە و کۆن ئەبێ؟ دانیال ئەڵێ چی لێ ئەکەم؟ ئەیگرم بە دەستمەوە و باوەشێنی خۆمی پێ ئەکەم. چەلەبی ئەڵێ ماڵ کاول چۆن وا ئەبێ؟ دەسا هینەکەی من هەر ئەوەی ئەو ساڵەیە و هێشتا هەر تازەشە. دانیال ئەڵێ بۆ چی تۆ چی لێ ئەکەی؟ چەلەبی مووسڵی ئەڵێ من باوەشێنەکە لەسەر دەسکەکەی قیت دائەنێم و بە دەست ئەیگرم، سەر بە بەریا هاتوچۆ پێ ئەکەم وەکوو یەکێ «حي اللهعربی» بکا. ئێوەی جوولەکە مردووتان مرێ نازانن چۆن ئەژین و چۆن پارە خەرج ئەکەن.