کابرایەکی دەرۆزەکەر کچێکی هەبوو هەرکەس...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  571 مشاهده

کابرایەکی دەرۆزەکەر کچێکی هەبوو هەرکەس داوای ئەکرد نەیئەدایە و ئەیوت ئەیدەم بە یەکێک بتوانێ نان پەیدا بکا و لە خۆم ئازاتر بێ. ئەو کابراشە بێجگە لەوە کە سەرکردەی سواڵکەرەکان و زۆر دەوڵەمەندیش بوو، چۆلەکە ڕێزەوڵی لە ماڵیا نەئەبینێ. بەم جۆرە ئەم کچەی هەر مایەوە و کەسی وا نەبوو بیداتێ. ڕۆژێک کابرایەکی سواڵکەر هات داوای لێی کرد، ئەویش هەر وای جواب دایەوە. ئەمیش وتی چلۆن لە خۆت سواڵکەرتر بێ؟ وتی ئەگەر توانی شتێکی لە من سەند ئەوە لە خۆم ئازاترە.

کابرا هات خۆی لێ گۆڕی و چەند ساڵێک شوێنی کەوت نەیتوانی هیچی لێی ببەستێتەوە. ڕۆژێک باوکی کچە چوو بۆ حەمام ئەمیش بە شوێنیا چوو، لە ژووری حمامەکە بەرۆکی گرت، وتی ئاغا بۆ خاتری خوا شتێکم بدەرێ. ئەویش وتی بڕۆ سەگباب! لێرە چیت بدەمێ؟ چی هەیە تا لێمی بستێنی. ئەم هەر لێی نەبووەوە. ئاخری کابرا بەری ئەتاشی، پێی وت ئەگەر تەڵێ لە مووی بەری خۆیشتم بدەیتێ من هەر پێی ڕازیم، بۆ ئەوە بە ناهومێدی نەگەڕێمەوە دواوە. کابرا دەستی برد و وتی ها سەگباب ئەوە تەڵێ مووی بەرم، دە بچۆ بیکە بە پەلکەی دایکتا. بزانم مووی بەرت بۆ چییە؟ کابرا مووەکەی وەرگرت و ئینجا خۆی لێ ئاشکرا کرد و وتی گرەومان بردەوە یان نا؟ کابرا وتی ئەشەدوبیللا لە من ئازاتر و پیاوتری. کە هاتنەدەرەوە ئیتر کچەکەی لێ مارە کرد.