محەممەدی مەلا کەریم بۆی گێڕامەوە وتی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  589 مشاهده

محەمەدی مەلا کەریم بۆی گێڕامەوە وتی:

کابرایەکی ڕووغزایی ئەحمەدی شاسواری ناو بوو. ژنێکی «ئەحمەد بڕنە»یی هێنابوو. کابرا ژنێکی تریشی هەبوو. کە ژنی تازە ئەگاتە ماڵی مێردەکەی، هەوێکەی بەم جۆرە بە خێرهاتنی ئەکا:

بەخێر هاتی، بە خۆش هاتی
بەسەر پێنج و دوو شەش هاتی
بەشەرمەوە و ڕووڕەش هاتی
لای خۆتان کێر بوو قاتی
من لێرە بووم تۆ بۆ هاتی؟

ئەویش وەڵامی ئەداتەوە ئەڵێ:

بێفەڕ خازە، دەنگت وازە
پۆپت چەرموگ وەک کلکە سەگ
حەپەت خراوتر لە دێڵەسەگ
من کە هاتم بۆ تۆ هاتم
با بیزانی من کێم؟ فاتم
ئەتڕەتێنم تا ئەو خوارە
ئاوات ئەکەم لە ئاوبارە
جوانی من بوو دەنگی داوە
گشت ڕووغزایی هاتنەو ناوە
بەرزیان کردۆ شانی خۆیان
منیان کردە تاجی سەریان
کە هاتم من لە وڵاتی خۆم
بۆ دیقی تۆ وا کەوتمە خۆم

حەمە سەعید بەگی جاف گێڕایەوە وتی:

لەو دەشتی «کەلار»ە پیاوێک هەبوو حەمەعەلی ناو بوو، برایەکیشی هەبوو حەمەی ناو بوو. حەمە تۆزێ شێتۆکە بوو، گوێدرێژێکیان هەبوو. حەمەعەلی بە حەمە ئەڵێ حەمە نەکەی تەماع بکەیتە گوێدرێژەکە. حەمەش ئەڵێ کاکە من چۆن شتی وا ئەکەم، من ئەو کەرە بە دایکی خۆم ئەزانم، پیاو چۆن مرخی ئەپەڕێتە سەر دایکی خۆی.