ڕوپیە لە عێراق باوی هەبوو دینار هات...
از کتاب:
            ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
        اثر:
                علاالدین سجادی (1907-1984)
        
             1 دقیقه
             1324 مشاهده
        
        
    ڕوپیە لە عێراق باوی هەبوو، دینار هات بەسەریا. کابرایەکی برینپێچ هەبوو لە هەولێر، پیاوێکی بە دیمەن و کەڵەگەت بوو. هەموو سەرشان و بەرۆکی خۆیشی پڕ کردبوو لە نیشان و جوققە. لە هەر شوێنێک دائەنیشت، ئەو شوێنە چاخانە وە یا چێشتخانە بووایە، پارەی دانیشتووەکان هەمووی ئەو ئەیدا. لەم ڕووەوە حەماغایەک بوو بۆ خۆی.
جا، لێیان ئەپرسی کاکی خۆم، تۆ ئەم پیاوەتی و بەخشەندەییە ئەکەی، مانگانەکەت چەندە وا بەم جۆرە ئەکەی؟ ئەویش خۆی نەئەشکان ئەیوت من و ڕەئیسی سحە پەنجا و پێنج دینار مانگانەکەمانە. بەمەرجێ مانگانەکەی ڕەئیسی سحە پەنجا دینار بوو، هی ئەو پێنج دینار بوو، بەڵام وای بە لاوە گەورەیی بوو، کە خۆی بخاتە پاڵ ئەو.