حاجی سەعیدی مەلا حەسەنی عەلاف بۆی گێڕامەوە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  576 مشاهده

حاجی سەعیدی مەلا حەسەنی عەلاف بۆی گێڕامەوە وتی:

لەگەڵ مەلا حەمەمینە شێتە لە سولەیمانی بڕیارمان دا کە حەمووشاغا بچێت دایکی خۆی لێ مارە کا. حەمووشاغا ئێمەی هەڵگرت و چووینە لای مەلا حەمەمین. پێی وت مەلا حەمەمین من دایکم هەر چەندە پیرە، بەڵام جوانە، ژنێک دێنی ئەمەوێ لێتی مارە کەم، چونکە لام وایە شتی شەرعی ئەوێ، ژنێکیش کە ئەوەی ویست، بە شەرع دروست نییە لە ماڵا بمێنێتەوە، تۆیش خۆت ئەزانی ئەمە بۆ نان نییە، چونکە من دەوڵەمەندم و نانم زۆرە، بۆ نان بە دەست دایکمەوە دانەماوم، بەڵکوو -شەرع شەرمی بۆ نییە- بۆ گانە.

مەلا حەمەمینیش وتی باشە، مادام شتەکە بە ئەمری شەرعە منیش سەرم لە بەردەمیایە. حەمووشاغا وتی ئاخر وانابێ، ئەبێ قەوڵ و قەرارێک هەبێ لە بەینا. مەلا حەمەمین وتی قەوڵ و قەراری چی؟ حەمووشاغا وتی حەفتەی چەند جار ئەو ئیشە شەرعیە ئەبێت؟ مەلا حەمەمین وتی حەفتەی جارێک. حەمووشاغا وتی: کەمە، مەلا حەمەمین وتی بابە حەفتەی دوو جار.

مەسەلە لەسەر ئەمە بڕایەوە و پێنج دینار بەیعمان لە مەلا حەمەمین وەرگرت، لەوە زیاتری پێ نەبوو. حەمووشاغا وتی ئەمە نابێ، من کەفیلم ئەوێ، ئەگەر حەفتەی دوو جار نەبوو من چی جوابی دایکم بدەمەوە؟ قەرارمان دا بچینە لای حاجی برایماغای خەفاف و ئەو ببێ بە کەفیل. مەلا حەمەمینیش ڕازی بوو و وتی باشە. چووین بۆ لای حاجی برایماغا و کارەساتەکەمان بۆ گێڕایەوە، وتمان ئەوا هاتووین جەنابت ببی بە کەفیلی مەلا حەمەمین. حاجی برایماغا وتی زۆر باشە، بەڵام با مەلا حەمەمین ئەوە بزانێ کە مەعنای کەفالەت ئەوەیە ئەگەر ئەو ئەو ئیشەی پێ نەکرا من بیکەم.

لێرەدا مەلا حەمەمین تووڕە بوو و دەستی کرد بە جنێودان بە هەموومان، وتی ئێوە ئەتانەوێ بە هەمووتانەوە شەرەفی من بشکێنن و عەرزە و نامووسم لە ناو بەرن. من ئەمە ناکەم، هەر خۆم ئەبم بە کەفیلی خۆم. حەمووشاغا وتی دە سا وەڵڵا مەلا حەمەمین من بە بێ کەفیل شتی وا ناکەم و ناتکەم بە زاوای باوکم، بڕۆ خوات لەگەڵ.