مەلا مەحەممەدی یاخیانی گێڕایەوە وتی لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  602 مشاهده

مەلا محەمەدی یاخیانی گێڕایەوە وتی:

لە «دوڵبێشک» پیاوێک هەبوو کوێخا ئەوڵایان پێ ئەوت، ئەم کوێخا ئەوڵایە پیاوێکی دەوڵەمەند و بەرچاوتێر و میوانپەروەر بوو، بەڵام لە لەش و لارا زۆر بچووک و کەم نموود بوو. جارێک ژنێ باری ترێ ئەبا بۆ ئەوێ بیگۆڕێتەوە بە ڕزقی تر. لە ناو دێدا ئەپرسێ ماڵی کوێخا ئەوڵا کامەیە، پیشانی ئەدەن، ئەچێتە ئەوێ بار ئەخا لەسەر بان، دەست ئەکا بە بانگەوازکردنی ترێ. کوێخا ئەوڵا لە ماڵ ئەبێ، دێ بە لای ترێوە دەست ئەکا بە سەبەتەدا هەر جارە قۆڵە ترێیەک دەردێنێ و ئەیخوا، ژنە نایناسێ، ئەڵێ کوڕە ئەوە بۆ لووتت داژەندووە بە سەر ترێکەدا؟ نازانی ماڵی فرۆشتنە؟ بە خوا مەگەر کوێخا ئەوڵا نەیەتەوە، ئەبێ پێی بڵێم هەر بەشەق بتکوژێ. کوێخا ئەوڵاش ئەڵێ بڕۆ بڕۆ هەی لە ژنی کوێخا ئەوڵا بەم. ژنە ئەڵێ گوت خوراد، تۆ چۆن قسەی وا ئەکەی بە کوێخا ئەوڵا؟ ژنە بانگەوازی ترێی لە بیر ئەچێتەوە و ئەکەوێتە کۆستی کوێخا ئەوڵادا. لە پاشا پێی ئەڵێن کچێ ئەوە کوێخا ئەوڵا خۆیەتی. ئەویش ئەڵێ کوێخا ئەوڵا بەم خانەدانیەوە، بە خوا حەیفە ئەمە مەگەر ئەویش بێ، ناماقووڵی وابکا، شەڵڵا هەر وام بزانیایە کە لە ماڵ نییە، چاوم بەم قەد و باڵایە نەکەوتایە. ئنجا کوێخا ئەوڵا قاقا دەست ئەکا بە پێکەنین و ئەڵێ تۆ بانگەوازی خۆتت کردووە، ئیتر مەیکە، ئەڵێ بارەکەی بۆ بارکەن لە گەنم و سەرباریشی بۆ بخەنە سەر.