کوورەی ڕۆژ؛ کوورەی ڕۆژ شتێکی خڕی وەکوو تۆپە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  657 مشاهده

کوورەی ڕۆژ:

کوورەی ڕۆژ شتێکی خڕی وەکوو تۆپە، بە ناو خۆیا هەموو وەکوو پزیسکەی ئاگرە. ئەم پزیسکانە بە یەکا دێن و دەچن و ئەتەقێنەوە. لە هەر دەقیقەیەکا گەلێ ملیار تەقینەوە لە ناو ئەو کوورەیەدا دروست ئەبێ، لەم پزیسکانە و لە تەقینەوەی ئەم پزیسکانە ئەو کوورە گەورە سووتێنەرە پەیدابووە. خۆر ملیۆنێ جار لە زەوی گەورەترە، سێ سەد هەزار جار لە ئەرز قورسترە. ئەم کوورەیە درێژیەکەی لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر -واتە قوترەکەی- هەشتسەد و شەست و پێنج هەزار میل دوورە. ئەو ئەستێرە هەرە بچووکانە کە ئێمە بە ئاستەم ئەیانبینین ئەوانە زۆر لەو کوورەی ڕۆژە گەورەترن.

تۆ ئەزانی ئەستێرەی قوتب چەند دوورە لە ئێمەوە؟ ئەستێرەی قوتب چوارسەد و شەست و پێنج ساڵ بە بڕینی تیشکی ڕۆژ لە ئێمەوە دوورە، واتە کاتێ کە ڕووناکی لەم ئەستێرەوە سەر هەڵئەدا بە ٤٦٥ ساڵ ئەگا بە ئێمە، بە مەرجێک لە هەر سانیەیەکدا سەد و هەشتا و شەش هەزار میل ببڕێ، وە بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی ئەو ئەستێرەیە دوو هەزار و پێنج سەد جار زیاتر و بەهێزترە لە بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی ڕووناکی کوورەی ڕۆژ.

- کورد بە سروشت ڕەنگی سووری خۆش ئەوێ، پیرەمێرد ئەڵێ:

من ڕەنگی سوورم بۆیە خۆش ئەوێ
مژدەی شەفەقێ لێ دەرئەکەوێ.

بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە شتێکی سروشتییە، کورد خۆیشی هەستی پێ نەکردووە، ئەوەندە هەیە غەریزەکەی ویستوویەتی. ئەو هێزە کە هێزی بینینە و لە چاو دایە، واتە ئەو هێزە کە شت ئەبینێ، کاتێ کە ڕووبەڕووی تێ ئەکا، کە هەموو زەراتەکەی لە ئوێنی خۆی ئەکشێتەوە، بە هەموویانەوە ڕوو ئەکەنە ئەو ڕەنگە سوورە. وەکوو بڵێت ڕەنگە سوورەکە لە خۆیا کۆ بکاتەوە، بە پێچەوانەی ڕەنگی ڕەش و ڕەنگەکانی تر ئەوان هێزی بینینی چاو تەنگ ئەکەنەوە، نایەڵن ئەو نوورە بە تەواوی بگاتە ناخی ڕەنگەکە، جا ئەمەیە فەلسەفەی ئەوە کە کورد بە غەریزە ڕەنگی سووری خۆش ئەوێ؛ ئەو غەریزەیە ئەمەی دۆزیەوە.