بۆ مێژوو یەکەم کەس لە وڵاتی سۆراندا کە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  705 مشاهده

بۆ مێژوو:

یەکەم کەس لە وڵاتی سۆراندا کە هۆنراوەی لە شێوەی هەورامیەوە خستە ناو شێوەی موکری «ناڵی» بوو. یەکەم کەس کە مەقاماتی کوردی خستە سەر قەوانی گرامافۆن سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی و پاشان کاوێساغای شەقڵاوa و حەمدییەفەنی چایچی بوو لە سولەیمانی.

یەکەم خانووێک کە لەسەر شێوەی تازە دروست کرا لە سولەیمانی، ئەو خانووە بوو کە ماوەیەک کرا بە ئیدارەخانەی زانکۆی سولەیمانی، لە ساڵی ١٩٥٣ دەستی پێکرا، پاش ئەو ماڵی حاجی برایماغای خەفاف و ماڵی حاجی مەلا سەعیدی کەرکووکی زادە بوو، ئەمە بێجگە لە «سەرا»کە، کە لە سەردەمی مێجەڕسۆندا دروستکرا و نەخشەکەی لەگەڵ سەرای هەولێردا یەکێک بوو.

یەکەم کەس - جگە لە مەعموورەکان- لە ئەهلیدا سەترە و پانتۆڵی لەبەر کرد لە سولەیمانی، تۆفیق قەزاز بوو.

یەکەم کەس لە ناو مەلاکانا کە لە سولەیمانی، کە فێستی سووری بە مێزەرەوە لەسەر نا، مەلا مستەفای حاجی مەلا ڕەسووڵ بوو. ئەمە ئەهلی و مەلاکان ئەڵێم، ئەگەینە حاجی مەلا سەعیدی مەبعووس پێشتر لەسەریا بوو.

یەکەم کتێبێکی گەورەی کوردی کە چاپ کرا بە جزوەبەندی فەننیەوە کەوتە بازاڕ، چاپی دووهەمی مێژووی ئەدەبی کوردی بوو کە لە ساڵی ١٩٥٢دا دەرچوو.

یەکەم «گەشتێک» کە بە کوردی نووسرابێ و چاپ کرابێ «گەشتێک لە کوردستان»ی عەلائەدین سەجادی بوو، کە لە ساڵی ١٩٦٥دا دەرچوو.

یەکەم کتێب کە لەبارەی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی کوردی(نەقدی ئەدەبی) بە کوردی لە چاپ دەرچووبێت، کتێبی «نرخ شناسی» عەلائەدین سەجادی بووە کە لە ساڵی ١٩٦٩ چاپ کراوە، ئەمە پڕوپاگەندە نییە بۆ عەلائەدین سەجادی، عەلائەدین سەجادی پێویستی بەوە نییە، بەڵام ئەمە بۆ مێژووە.