ئەمەیان من خۆم بە ڕووەوە بووم بەشیر مشیر...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  763 مشاهده

ئەمەیان من خۆم بە ڕووەوە بووم.

بەشیر مشیر لە وەختی خۆیا هەڕمێنی خەیاتەکەی لە بەغداد لە هەڕمێنانە بوو، پیاوە گەورەکانی عەسکەری و مەدەنی هەموو لە لای ئەو جلوبەرگیان ئەدووری. زەمان هێنای بەسەرا هیچ ئیش و کاری نەما، هەر مایەوە سەر دوکانە ڕووتەکەی. دەردەڵی ئەم بێ ئیش و کاریەی لە لای ساڵح قازی زۆر ئەکرد. ئەویش بەینێک خستبوویە سەر ئەوە کە ئیشێکی باشی بۆ دۆزیوەتەوە. لە ئەنجاما هاتە سەر ئەوە منیش لەوێ بووم پێی وت: هەشت کەر لەم کەرە سپیانە بکڕە و هەموو ڕۆژێ لە «باب الموعظم»ەوە تا «باب الشرجی» بە چەند کاروان خەڵکی سوار کە و هاتوچۆیان پێ بکە، ئەمە دەرامەتێکی باشت ئەداتێ. بە شەرتێ ئۆتۆمبێلیش لە جادەی ڕەشیدا زۆر بوو، بەڵام وەستا بەشیر بڕوای بە قسەکە کرد. وتی ئاخر پارەم نییە بکڕم. ساڵح قازی وتی کە واتە ئیشێکی باشترت بۆ ئەدۆزمەوە. زۆر بە تان و پۆی ئیشەکە تازەکەدا چوو و بە تەواوی وەستا بەشیری خستە مەراقەوە، هەر ئەیوت دە پێم بڵێ. ئەیوت پێت ناڵێم. زۆر لەگەڵی خەریک بوو پێی بڵێ، لە ئەنجاما ساڵح لەسەرخۆ پێی وت: خەیاتی بکە. بەشیر تووڕە بوو و وتی: ڕاست نەبیەوە بۆ ئیشێ بۆت دۆزیمەوە، ئەی ئێستە چی ئەکەم؟ ساڵح وتی مردووت مرێ هەموو ئیشێک ئەکەی، هەر خەیاتی نەبێ، کتێب ئەنووسی نووسەر نیت، سیاسەت ئەکەی سیاسی نیت، خوتبە ئەدەی خەتیب نیت، فەلسەفە ئەنوێنی فەیلەسوف نیت، ئەوا ئەڵێم کاروانچییەتی بکە، ئەڵێی پارەم نییە، تۆ خەیاتیت، ئەبێ خەیاتی خۆت بکەی.