ئەحمەدی حاجی ساڵح قاسم گێڕایەوە وتی ئەوا لە
ئەحمەدی حاجی ساڵح قاسم گێڕایەوە وتی:
ئەوا لە سەردەمی خۆیا ماڵمان لەولای خانە سووتاوەکەوەیە لە سولەیمانی، سەردەمی گەنجایەتی و منداڵیمە، ڕقم لە عەتای حاجی کاکە حەمەی شاڵی هەڵ گرتووە نایەڵم بە تەقەی تفەنگا بەو کۆڵانەی ئێمەدا بڕوا، هەر لەگەڵ دەرئەکەوت ئەکەوتمە شوێنی دەست لەسەر شان بە جنێو و بە بەرد تێگرتن کونەمشکم لێ کردبوو بە عەمارەت! خوا هەقە، ئەویش چاوی بە من ئەکەوت شوێنی نەبوو خۆی تیا بگرێتەوە، هەر چوار هەنگاوی ئەکرد بە هەنگاوێک و بۆی دەرئەچوو! ئەگەر جارێک بیانناردایە بۆ خان و بۆ بازاڕ، وە یا خۆی ئیشی بە بازاڕ ببوایە، ئەبوایە لە ڕێگایەکی زۆر دوورەوە هەموو کۆڵانەکانی ببڕیایە، ئەو وەختە بچوایە بۆ بازاڕ، ئەمەش هەموو لە ترسی من!
ماوەیەکی زۆر ئەم زاڵمیەی من و ئەو ترسەی ئەو درێژەی کێشا، چ یارای ئەوەی هەبوو بەو کۆڵانەی ئێمەدا تێپەڕێ. ئەوا ڕۆژێک سەیرم کرد ئەو عەتایەی کە جاران چاوی بە من بکەوتایە شوێن نەبوو خۆی تیا بگرێتەوە، هیچ گوێی نەدامێ و هەر ئەهات، من لەمە زۆر توڕە بووم، دەستم کرد بە قسە پێوتنی و وتم ئەوە بەرەوڕووم دێیت! سەیرم کرد ئەویش دەستی کرد بە جنێودان بە من و هەر دێتە پێشیشەوە! من کە ئەمەم دی، هەندێ لە گیڤبوونەوەکەی خۆمم کەم کردەوە و لە شوێنەکەی خۆم وەستام! نەخێر ئەو هەر دێتە پێشەوە و هیچ گوێ ناداتێ! وتی: من یەک دوو هەنگاو کشامەوە دواوە، ئەو هەر ناوەستێ و دێت ئەوا جنێویش ئەدا، خۆ منیش لە جنێودان نەکەوتووم!
دانەویمەوە بۆ بەردێک و بەردێکم تێ گرت، ئەویش دانەویەوە بۆ بەرد و بەردێکی گرتە من، یەک دوو هەنگاوی تر کشامەوە دواوە، ئەو هەر دێت جنێو ئەدا و بەردم بۆ ئەهاوێژێ، سەیرم کرد بۆنوبەرامە ئەنجامێکی چاک نادا بەدەستەوە، بەخوا پشتم تێ کرد و ئەمجا من کەوتمە هەڵاتن! گۆشەیەکی چاوم پێوەیە سەیر ئەکەم کەوتۆتە سەرم ها ئێستا بمگرێ، ها تۆزێکی کە، بە هەرجۆر بوو سەرم کردەوە بە ماڵی خۆمانا و دەرگاکەم داخست! گوێم لێ بوو وتی: بۆم ڕاوەستە هەی وا وات لێ بکەم! من ئەگەر بمزانیایە تۆ ئەوەندە حیزەڵەیت، ئەم دوو ساڵە بەم جۆرە خۆمم تووشی ئەم عەزیەتە و دەردیسەرەی و کۆڵانە و کۆڵانەم ئەکرد؟!