فەرا میرزا حاکمی سنە ئەبێ پیاوێک هەبوو...
فەرا میرزا حاکمی «سنە» ئەبێ، پیاوێک هەبوو ناوی «ئەوڵێ» بوو، ئەچێتە لای و پێی ئەڵێ: لە خانەدانی خانەدانگەل، لە شانشینی شازادەگەل، چلچرای چلچراگەل، هاوزاوای مشیرگەل، تۆسکەی ئەمیرگەل، سەردانیشتگی جێگەگەل، فەرا میرزای فەرا میرزاگەل... زەمانگەل پشتی تێ کردگین، نە ماڵگەل ما، نە منداڵگەل، لە دوای ئەوە کە نۆ خاوەن تەڵاق لە باخچەمانا بوو، ئیسە فرمانمان کەفتگە بە کەرێکی خوەیشێکی نیرەکەر، پام نیاگە بە جەرگی خۆما، وام چاو پێ کەفتگە لە خەوما، دارووی دەردم لای ئێوەگەل، دەرمانی ئەکەن بەو کەرە شەلە!
فەرا میرزا کە گوێی لەمە ئەبێ بە لایەوە سەیر ئەبێ. دەستی ناچێتە کیسەی خۆی، میراخوڕەکەی خۆی بانگ ئەکا پێی ئەڵێ: بچۆ لە بازاڕ بزانە هەر کەسە کە کەچەڵە، «هەواسیهەواسی: چوار شاییی ئێرانی بووە، ئەسڵەکەی عەباسییە. پارەی سەردەمی شا عەباسی گەورە بووە، پارەکە خۆی نەمابوو ناوەکەی مابوو کە دوو سەنناری و یا چوار شایی بوو، بیست شاییش قڕانێک بوو.»یەکی لێ بسێنە، هەر کەسە «جەمشیر»ی ناوە، «هەواسی»یەکی لێ بسێنە، هەر کەسە زووڕناژەنە، «هەواسی»یەکی لێ بسێنە، (هەواسی: چوار شاییی ئێرانی بوو، ئەسڵەکەی «عەباسی»یە، پارەی سەردەمی شا عەباسی گەورە بووە، پارەکە خۆی نەمابوو و ناوەکەی مابوو، کە دوو «سەنناری» و یا چوار «شایی» بوو، بیست «شایی»ش قڕانێک بوو.) هەمووی بدە بەم پیاوە با بیدا بە کەرێک بۆ خۆی.
میراخوڕ ئەچێتە بازاڕ، زۆر ئەگەڕێ کەسی وای دەست ناکەوێ، لە ئاخرا کابرایەکی بەرچاو ئەکەوێ، بە سەروپێچەکەیا بۆی دەرئەکەوێ کە ئەمە کەچەڵە! یەخەی کابرا ئەگرێ و ئەڵێ: بێنە هەواسییەک. کابرا سەری سوڕ ئەمێنێ، ئەڵێ هەواسی چی؟! ئەڵێ: بە ئەمری فەرا میرزا هەر کەس کەچەڵ بێ، ئەبێ هەواسییەکی بدا. ئەڵێ: من کەچەڵ نیم و خۆی ڕائەپسکێنێ، میراخوڕ پەلاماری ئەدا و دەستی بە سەری ئەکەوێ، سەروپێچکەکەی دێ بەدەستیەوە، سەرێکی سوور وەکوو چەوەندەر دەرئەکەوێ! ئەمجا کابرا بە تەواوی تووڕە ئەبێ و ئەڵێ: کوڕە من جەمشێرم، جەمشێر، ئەگەر نەتزانیوە بزانە، تۆ چۆن ئەتوانی هەواسی لە من بستێنی؟! میراخوڕ ئەڵێ: ئای، جەمشێری؟! کەواتە بێنە دوو هەواسی! کابرا ئیمان لە سەریا نامێنێ ئەڵێ: کوڕە! چاو بکەنەوە من زووڕناژەنم، هەر ئێستا بەم زووڕنایە حەیا و ئابڕووتان ئەبەم لەم شارە! و دەست ئەبا زووڕنایەک لەژێر کەوا و بەرپشتێنەکەیا ئەبێ دەریدێنێ ئەیەوێ بیبا بۆ دەمی و فووی پیا بکا، میراخوڕ ئەیگرێ و پێی ئەڵێ: ئای زووڕناژەنیشی؟! کە واتە بێنە سێ هەواسی!
بەم جۆرە میراخوڕ سێ هەواسیی پەیدا کرد و بردیەوە بۆ فەرا میرزا، ئێتر نازانم دای بە «ئەوڵێ» یان نە، ئەوە لە عیلمی خوادایە!