لەو سەرە کابرایەکی ئاوکێش هەبوو پێیان...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  474 مشاهده

لەو سەرە کابرایەکی ئاوکێش هەبوو پێیان ئەوت «شیرمەردە». کەرێکی هەبوو هەموو جار بە کەرەکەی ئاوی بۆ ماڵی قازی ئەبرد، پارەی ئاوکێشانێکی زۆری کەوتبووە سەر قازی و هەر نەی ئەدایە. ئیمڕۆ و سبەی پێ ئەکرد سەرباری ئەمەش کەرەکەشی تۆپی، ئەمجا داوای کرد لە قازی ئەوا کەرەکەشم نەماوە، ئەو پارەیەم کە لە لاتە بمدەرێ با کەرێکی تری پێ بکڕم. ئەمجا کە ئاوم بۆ هێنان ئیتر هیچ پارەم ناوێ. قازی پێی وت ئێستا پارەم نییە، بەڵام بچۆ یەکێک بدۆزەرەوە کەری هەبێ، بیهێنە من بۆت چار ئەکەم. کابرا چوو گەڕا جوولەکەیەکی دییەوە، کە کەرێکی چاکی هەبوو، گەری پیا ئاڵان و پێ وت ئەم کەرە هی منە. جووە هەر واقی وڕما، وتی: باوکم! کەر کەری خۆمە. کابرا وتی نابێ ئەم کەر هەر هی منە، ئەگەر قایلیش نابی وەرە بچین بۆ شەرع بۆ لای قازی. جووە بە ناچاری بە خۆی و کەرەکەیەوە شوێنی کەوت و چوون بۆ لای قازی، شیرمەردە بە قازی وت قوربان ئەم کەرە هی منە و جووە زەوتی کردووە نامداتەوە؟

قازی ڕووی کردە جووە و پێی وت:

تۆ لەو کەسانەی کە ئیماندارن
یا لەو کەسانەی کە بەدکردارن؟

جووە زانی دنیا چ باسە، وتی: قوربان!

نە ئیماندارم و نە بەدکردارم
نە خاون ماڵم وە نە کەردارم
هەڵدێم و ئەڕۆم هەدە هەدە
کەر بەجێ دێڵم بۆ ئەم شیرمەردە