مەلایەک هەبوو لەو سەرە مەلا بامۆکیان پێ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  512 مشاهده

مەلایەک هەبوو لەو سەرە مەلا «بامۆک»یان پێ ئەوت. بە مناڵانی ئەخوێند، ئەو مناڵانە کە لایان ئەخوێند منداڵێکی جوانکیلەیان لە ناوا بوو، «عەول»ی ناو بوو، مەلا بامۆک بە جوانکەلەیی منداڵەکە بۆی دەرکەوت کە دایکی جوانە. ڕۆژێ بە عەولی وت ڕۆڵە بە دایکت بڵێ مامۆستام سەلامت لێ ئەکا. ئەویش پێی وت. دایکیشی پێی وت ڕۆڵە پێی بڵێ سەلامی خوای لەسەر بێ و خوا ڕاوەستاوی کا. کە عەول ئەمەی بە مامۆستای وت، مامۆستا خۆی قیت کردەوە و لە دڵی خۆیدا وتی ڕێکەوتووە. ئیتر بەین بەین سەلامی ئەنارد بۆ دایکی عەول و دایکی عەول هەستی کرد کە چییە، بە مێردەکەی وت، مێردەکەشی وتی ئاسانە تۆ ڕۆژێ بە ناو دۆستی دڵ و لێ بوونەوە بانگی کەرە ماڵەوە جا ئەو وەختە ڕێگای خۆی ئەدۆزێتەوە. دایکی عەول هۆڕێ گەنمی دانابوو بۆ بڕوێش، دەستاڕێکیان لە لاوە دانابوو بۆ ئەوە بیکەن بە دەستاڕەکەدا. خەریکی ڕێکخستنی ئەو تفاقە بوو، بە کوڕەکەی وت ڕۆڵە بە مامۆستات بڵێ با ئیمڕۆ بۆ قاوەڵتی بێت بۆ ماڵەوە و باوکیشت لە ماڵ نییە.

عەول چوو دایکی چی پێ وتبوو بە مامۆستای وت. مامۆستا جامانەکەی بەستەوە و ڕیشوەکانی بەردایە و هەر چاوێکی مستێ کلی تێ کرد و چوو بۆ ماڵێ دایکی عەول. دایکی عەول ماریفەتێکی زۆری لەگەڵ نواند. مەلا بامۆک ئیتر بە تەواوی هاتە سەر پێی. لەو وەختەدا تەقەی دەرگا هات، دایکی عەول وتی ئەیەڕۆ ئەوە مێردەکەم هاتەوە، و ئێستە هەردووکمان هەنجن هەنجن دەکا. مەلا بامۆک وتی چیم لێ ئەکەی؟ دایکی عەول وتی بەم پەلە پەلیە لەوە زیاتر ناکرێ هەستە ئەو عەبایە بدە بە سەرتا و لەسەر دەستاڕەکە دانیشە و دەست بکە بە دەستاڕکردن. من جوابی مێردەکەم ئەدەمەوە، مەلا بامۆک هەر خێرا عەبای دا بە سەریا و نیشتە سەر دەستاڕەکە و دەستی کرد بە بڕێ لێ کردن. مێردە کردی بە ژوورا و دانیشت. وتی ئافرەت ئیمڕۆ زۆر ماندوو بووم. وتی بۆ چی؟ وتی هۆڕێکی تر گەنمم هێناوەتەوە، ئەترسم ئەوە بەشمان نەکات، با ئەم هۆڕەشی لەگەڵ بێ. مەلا بامۆکیش عەبای داوە بە سەریا و پشتی کردۆتە ئەمان و خەریکی هاڕە هاڕە. مێردە وتی ئەو ئافرەتە کێیە وا هاڕە ئەکا؟ ژنەش وتی وەڵڵا پیاوەکە ئەوە میمکە بەسێ دراوسێمانە، -خوا کاری ڕاس بێنێ!- هات وتی من هاڕەکەتان بۆ ئەکەم. پیاوەش وتی یاخوا بە خێر بێی میمکە بەسێ، ئەترسم عەزیەت بێ بۆت. میمکە بەسێش ورتە لە دەمیە دەرنایە، هەر خەریکی هاڕەکردنە. پیاوە وتی ژنەکە ئەوە میمکە بەسێ بۆ چ دەنگ ناکا؟ ژنە وتی پیاوەکە لێ گەڕێ هەژارە گوێرێژکەی کەڕ بووە. پیاوە وتی ئافرەت وا دیارە ئێستە میمکە بەسێ قسە نابیەت، ئەوی ڕاست بێ من خۆمم لێ خۆش کردووە، چونکە ئەم میمکە بەسێیە لە وەختی خۆیا گەلێ بوختانی بە تۆوە ئەکرد و بە تەواوی ئابڕووی منی بردبوو، ئێستا ئەبێ هەقی بەر و دوای لێ بکەمەوە و ئەو ساوەرشم ناوێ کە ئەو بیهاڕێت. ژنە وتی پیاوەکە ئەیڕۆ عەیبە خەیاڵی وات نەکردبێ، ئێستا میمکە بەسێ لەسەرەی ئەوەدا نەماوە، واز بێنە تا بڕوێشەکەی بهاڕێ.

مەلا بامۆکیش کە گوێی لەم قسانە ئەبێ بە تەواوی ناوکی ئەکەوێ، غەیری بڕوێش کردن نەبێ ناوێرێ هیچ دەنگ بکا. تەنگی بە هۆڕە گەنم هەڵچنی، چاوەڕێی دەرفەتێکە بۆی دەرچێ. کە هۆڕەگەنم هەمووی کرا بە بڕوێش، پیاوەی مێردە کەوتە جموجۆڵ، مەلا بامۆک سەیری کرد ئیش زۆر خراپە، هاتە پێشەوە بە بیانووی پشوودان و سەر ئاودەستەوە، عەباکەی بە پوختی لە خۆیەوە پێچا و بەبێ خشپە هەستا چووە دەرەوە، ئەمانیش گوایە نایزانن میمکە بەسێ هەستاوە، مەلا بامۆک لە ناو ئەم ترس و لەرزەدا بەهەر جۆر بوو خۆی ڕزگار کرد و فرتەی بۆ کرد بۆ لای مناڵەکان و لە دەریشەوە عەباکەی فڕێ دا. لە پاش چەند ڕۆژێک دایکی عەول بە عەولی وت ڕۆڵە بە مامۆستات بڵێ دایکم سەلامت لێ ئەکا. عەولیش ئەم سەلامەی بە مامۆستای گەیاند، مامۆستا وتی: زۆڵی بەچکەزۆڵن، ئەوە بۆ چی ساوەر و بڕوێشەکەتان دوایی هاتووە؟