کابرایەک هەبوو فەتالی ناو بوو کەرێکی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  671 مشاهده

کابرایەک هەبوو «فەتال»ی ناو بوو، کەرێکی هەبوو ئەیباتە سنە بیفرۆشێ. ئەچێتە مەیدانەکە جامبازەکان دەوری لێ ئەدەن، بە چەند نە بە چەند، بە پێنج تمەن ڕێئەکەون، کابرا ئەڵێ کە پێنج تمەن بێنێ شەش دێنێ، لە شەش تمەن کەمتری نادەم. ئەم لا و ئەو لا بۆی ئەکەنە شەش تمەن. ئەمجا کابرا ئەڵێ کە شەش تمەن بێنێ حەوتیش دێنێ، لە حەو تمەن کەمتری نادەم. دیسان ئەبیتەوە بە هەرا و بۆی ئەکەن بە حەو تمەن. دیسان ئەڵێ کە حەو تمەن بێنێ هەشتیش دێنێ، لە هەشت تمەن کەمتری نادەم. بە کورتی ئەچن تا دە تمەن. کابرا هەر ڕازی نابێ و ئەڵێ کە ئەوەندە بێنێ ئەوەندەش دێنێ، ئەوانیش لێی ناکڕن و ئەگەڕێتەوە. دێتە ئەم لا دەستەیەکی تری لی پەیدا ئەبێ، ئەڵێن کەرەکەت بە چەند؟ ئەڵێ بە دە تمەن. ئەڵێن نایەنێ، بە نۆ تمەن، ڕازی ئەبێ، یەکێکی تر لەو لاوە ئەڵێ نایەنێ، بە هەشت تمەن، بە هەشت تمەن ڕازی ئەبێ، کابرای یەکەم ئەڵێ بابە نایەنێ بە حەو تمەن. ئەم ڕازی ئەبێ و ئەوان ڕازی نابن. بە کورتی هەر جارە تمەنێکی بۆ ئەشکێنن تا ئەیهێننەوە سەر یەک تمەن. ئەڵێ: «بێنن تمەنەکە، ڕیشی تەماعکاریکی وەکوو من هەر بۆ ئەوە باشە بچێ بە قینگی جامبازێکی وەکوو ئێوەدا، بەم جۆرە بڕۆین یەکەم جار من کەرەکەم بۆ مایەوە ئێستا خۆیشمم بۆ نامێنێتەوە».