هەتیوێکی قومارباز هەبوو لە سەقز مۆلەی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  436 مشاهده

هەتیوێکی قومارباز هەبوو لە سەقز مۆلەی ناو بوو، ئیشەکەی ماسی فرۆشتن بوو لە ناو شاردا. ڕۆژێ دوو ماسی پێ ئەبێ، ئەگاتە بەر دەرگای ماڵێکی خانمێکی کاشانی کە مێردەکەی سەرگورد بوو. بە هۆی وەزیفەوە کەوتبوونە ئەوێ. بە دەنگی هەی ماسی مۆلەوە دێتە بەر دەرگای حەوشە. دڵی ئەچێ لە ماسییەکان، لەو کاتەشا پارەی پێ نابێ، لەگەڵ مۆلەدا ڕێئەکەون کە پێکەوە بنوون و یەکێ لە ماسییەکانی بداتێ. ئیش ئەکرێ و مۆلە ماسییەکی ئەداتێ. خانم ئەڵێ ئەگەر ئارەزووت لێیە یەکێکی تر و ماسییەکەی تریش. مۆڵە پێی خۆس ئەبێ، ئەڵێ باشە.مۆلە هەر دوو ماسییەکەی لە دەست دەرئەچێ. مۆلە کە دەستی لە قنگی هەمانەی بەتاڵەوە دەرئەچێ، لەبەر قاپی حەوشەکەدا دائەنیشێ داوای هەندێ ئاوی خواردنەوە ئەکا، خانم لە ناو گڵێنەیەکدا ئاوی بۆ دێنێ، مۆلە کە ئاوەکە ئەخواتەوە گڵێنەکە دائەخات و ئەشکێ، ئەمجا دەست ئەکا بە گریان. لەو کاتەدا ئاغای سەرگوردی مێردی خانم دێتەوە سەیر ئەکا ئەوا ئەم کوڕە لەبەر قاپیەکەی ئەوانا دانیشتووە و ئەگری. لێی ئەپرسێ بۆ چی ئەگریت؟ ئەڵێ قوربان دوو ماسیم پێ بوو، هاتم لێرەدا داوای تۆزێ ئاوم کرد ئەم خانمە نەختێ ئاوی لە ناو ئەم گڵێنەیەدا دامێ، کە ئاوەکەم خواردەوە گڵێنەکەم لە دەست کەوتە خوارەوە و شکا، ئێستە خانم لە باتی گڵێنەکە دوو ماسییەکەی لێ گل داومەتەوە. منیش لە ترسی وەستاکەم ناوێرم بچمەوە و خانمیش ماسییەکانم ناداتەوە.

ئاغای سەرگورد کە گوێی لەمە ئەبێ ڕوو ئەکاتە خانم و ئەڵێ خانم جان عەیبە گڵێنەیەک نرخی چییە وا تۆ لە باتی ئەوە ئەو دوو ماسیەت لەم بەسەزمانە گل داوەتەوە؟ پێی بدەرەوە با بڕوا گوناحە. خانم چارناچار ئەچێ دوو ماسییەکەی دێنێتەوە و ئەیداتەوە بە مۆلە، مۆلە بە خۆی و ماسییەکانەوە ئەڕوا و خانمیش ناوێرێ کە دەنگ بکا کە کارەسات وا نییە.