لە بەغدا گەلێ لە کوێرەکان مۆزیقا لێ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  390 مشاهده

لە بەغدا گەلێ لە کوێرەکان مۆزیقا لێ ئەدەن. ڕۆژێک پیاوێک بە یەکێ لەو کوێرانە ئەڵێت کە هەموو ڕۆژێک بچێت بۆ ماڵیان فێری مۆزیقای بکا. کوێرەش ماڵی کابرا نازانێ، کابرا ناوونیشانی ماڵەکەی خۆی ئەداتێ کە لە وەزیریە لە فڵان شوێن بە دەستی ڕاستەوە دەرگای چوارمە، کە پارچە تەختەیەکی بچووک لە تەنیشتیەوە داکوتراوە و ناوی خۆی لێ نووسراوە ئەوە ماڵی ئەوانە.

کوێرەی مۆزیقار ڕۆژی دوایی ئەڕوات بە ناونیشانەکە ئەچێتە کۆڵانە و بە پاڵ دیوارەکەدا بە دەستکوتان ئەڕوا. دەرگای یەکەم و دووەم و سێیەم نە، ئەگاتە دەرگای چوارەم. لەو کاتەدا بە ڕێکەوت «حەزەرەتی» لە شۆرجە برنج و ڕۆنی بە حەماڵێکا ناردبوو بۆ ئەو ماڵە، حەماڵ کە لە تەنیشت دەرگاکەوە ڕاوەستابوو چاوەڕێی پسووڵەی گەیشتنی برنج و ڕۆنەکەی ئەکرد لە فەرەیدونی خۆمان. حەماڵە ڕەسمییەکانی بەغدا هەر یەکە باجێکیان پێیە و ئەم باجە یا لە قوڕقوشم وە یا لە شتێکی ترە و بەسەر سنگیانەوە هەڵی ئەواسن.

کوێرەی مۆزیقار بە دەستکوتان کە ئەڕوا لە پێشا دەستی ئەکەوێتە سەر پارچە باجی حەماڵەکە، وا ئەزانێ ئەمە دەرگاکەیە و ئەمە پارچەی تەنیشت دەرگاکەیە کە فەرەیدون پێی وتووە. ئەمجا دەست بەسەر سنگی حەماڵی ئەو بە دەرگا زانیوەدا دێنێتە خوارەوە و دەعبای حەماڵ دێت بە دەستیەوە، ئەوا ئەزانێ ئەوە ئەڵقەڕێزی دەرگاکەیە دەست ئەکا بە کوتانی. حەماڵ ئەکەوێتە گرمە گرم و بۆڵە بۆل. مۆزیقار وا ئەزانێ ئەمە عودەکەی شانیەتی وا دەنگی لێوە دێت. دەست لە کێری حەماڵە بەرەڵا ئەکا و بەپەلە دەست ئەبا بۆ عودەکە ئەڵێ: «سەگباب خێوکە!

کە من دەرگاکەم کوتا ئیتر تۆ ئەم ئاوازە خوێندنەت لەچی؟»

بەم جۆرە فەرەیدون مامۆستای بۆ خۆی ڕاگیر کرد کە فێری عود لێدان بێت.