کابرایەکی شارەزووری بە میوانی ڕێی ئەکەوێ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  406 مشاهده

کابرایەکی شارەزووری بە میوانی ڕێی ئەکەوێتە سولەیمانی و شەوێ ئەچیتە ماڵی دۆستێکی. شەوێ چا و ئاوێکی ساردی زۆری لێ ئەخواتەوە، لە کاتی نوستنا لە ژوورێکا ئەینوێنن و دەرکەی لەسەر دائەخەن، کەسی تریش لە ژوورەکەدا نابێ تەنها مناڵێکی چوار پێنج ساڵانی خانەخوێکە نەبێ. شەوێ کابرا میز زۆری بۆ دێنێ، هەڵئەستێ بچێتە دەرەوە، سەیر ئەکا دەرگا لە پشتەوە داخراوە، ئەگەڕێتەوە، زۆر پەرێشان ئەبێ، خۆی ڕاناگرێ، فیکر ئەکاتەوە بچێت مناڵەکەی لابا و میزەکەی بکاتە ناو جێگاکەی ئەوەوە، کە بەیانی هاتن ئەڵێن ئەمە مناڵەکە خۆی میزی کردووە و کابراش ڕزگاری ئەبێ، لە ڕاستیدا فیکرێکی باش بوو.

کابرا ئەچێ منداڵەکە هەڵئەگرێ ئەیخاتە جێگاکەی خۆی و پڕ ناو جێگای مناڵەکە ئەکا لە میز و ڕزگاری ئەبێ. ئەمجا دێتەوە مناڵەکە هەڵئەگرێ ئەیباتەوە بۆ ناو جێگاکەی خۆی و ئەمیش دێت لە شوێن خۆی ڕائەکشێ، کە ڕائەکشێ سەیر ئەکا لاڕانی ئەکەوێ لە شتێکی شل و بۆنێکی پیسیش دێت. تومەس ئەمە مناڵی زیرەک لەو وەختەدا کە کابرا هەڵیئەگرێ و ئەیهێنێتە ناو جێگاکەی خۆی بە عادەتی شەوانی لای وا ئەبێ ئەوە دایکی هەڵیساندووە بردوویە بۆ سەر ئاودەست، جێگای کابرا پڕ ئەکا لە پیسایی. سەیرتر ئەوە بوو تا بەیانی میزی کابرا لە ناو جێگای مناڵەکەدا وشک بووەوە.