پیاوێک لەو سەرە هەبوو بازرگانێکی زل بوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 9 دقیقه  927 مشاهده

پیاوێک لەو سەرە هەبوو بازرگانێکی زل بوو، ویستی بچێ بۆ تەورێز بۆ شتومەکی بازرگانی، کەسی نەبوو ژنێک نەبێ، شێخێکی بە دینی لە خواترس هەبوو لەو ناوە ناوبانگی دینداریەکەی ئەو وڵاتەی پڕ کردبوو، هەستا چووە لای و پێی وت قوربان من بۆ تەورێز ئەچم، دنیا هەزار مردن و ژیانی لە ڕێگە دایە، کیسەیەکی لە بەردەما دانا و پێی وت ئەمە هەزار قەڕانە. ئەگەر تا شەش مانگی تر نەهاتمەوە بیدە بە ژنەکەم و پێی بڵێ گەردنم ئازاد کا و ئەمەش حەق و حقوقەکەیەتی. شێخ کیسەی لێ وەرگرت و وتی ئیشەڵڵا بە بێ مەزەڕەتی ئەگەڕێیتەوە. کابرا لێیدا ڕۆیشت.

زۆری پێ نەچوو ژنەکە کەوتە تەنگانەوە و ناشزانێ ئەم پارەیە لای شێخ هەیە، وردە وردە دەستیکرد بە فرۆشتنی شتومەکی ناوماڵ، هەر شتێک هەبوو نەبوو فرۆشتی و مێردەکەی هەر نەهاتەوە. ڕۆژێک تاقە ئەمووستیلەیەکی ئەڵماسی مابوو، دای بە کارەکەرەکەی و پێی وت ڕۆڵە بچۆ ئەمەش بفرۆشە. چەند ڕۆژێکیش بەمەوە ڕائەبوێرین تا بەڵکوو خوا دەرگایکمان لێ بکاتەوە. کارەکەر ئەنگوسیلەی هەڵگرت و چوو بۆ بازاڕ، کتوپڕ لەناو بازاڕ بە بەردوکانی زەڕنگەرەکانا تووشی بوو بە تووشی شێخەوە، شێخ گەڕانی ئەم کارەکەرە بەم ئەنگوستیلەوە تۆزێ سەرنجی ڕاکێشا و لێی پرسی تۆ کێیت؟ ئەویش وتی من کەنیزەکی ژن فڵانە تاجرم و ئاغام ماوەیەکی زۆرە بە سەفەر ڕۆیشتووە، ئێستا هیچمان نەماوە، تەنها ئەم ئەنگوستیلەیە نەبێت، ئاغە ژنم پێی وتم بچۆ بیفرۆشە تا ئەمەش ئەخۆین خوا گەورەیە. شێخ هەناسەیەکی هەڵکێشا و وتی کچم بچۆ بە ئاغە ژنت بڵێ کە ئاغات هەزار قەرانی لە لای من بە ئەمانەت بۆ داناوە.

کچە لە خۆشیا لەوانە بوو پەڕ دەرکا. گەڕایەوە و قسەکانی بە ئاغە ژنی وت، ئاغە ژنیش لە خۆشی ئەم خەبەرە شوێنی بە خۆی نەئەگرت، کارەکەرەکەی ناردەوە بۆ لای شێخ بۆ پارەکە، شێخ، وتی من ئەم پارەیە هەر ئەبێ بدەم بە دەستی خۆیەوە، چونکە ئاغە وای پێی وتوم و ناتوانم لێی لادەم. کارەکەرەکە لەوانە بوو بگەڕێتەوە شێخ وتی مەڕۆ منیش لەگەڵت دێم، با ئەو بە ڕووی سوورەوە نەیەت بۆ ئێرە. هەڵسا پارەی هەڵگرت و لەگەڵ کارەکەر ڕۆیشت. کە چوونە ژوورەوە و چاوی بە ژن کەوت، جەماڵ و جوانی ژن هەموو شتێکی لە بیری شێخ بردەوە و کەوتە قسەکردنی غەرامی لەگەڵ ژنەدا. ژنە سەری شەرمی داخست و زۆر سەرسام ما، تیری عەشقی سات بە سات لە دڵی شێخا کاریگەرتر ئەبوو. شێخ زیاتر هۆشی لای خۆی نەئەما. ئەمجا پێی وت یا شێخ تۆ ئەو پیاوە نیت کە ناوبانگی دینداری و خواناسیت ئەم ناوەی پڕکردووە؟ ئێستا ئەمە چ کردەوەیەکە ئەینوێنی؟ شێخ وتی: گیانەکەم ڕووناکی ڕوومەتی گەشت هەموو نوورێکی لێ شاردمەوە، ئەو سەردەمە کە عبادەتم ئەکرد لە جەمالی تۆ بێبەش بووم، ئێستا کە دەرگای ڕووناکی تۆم بۆ کرایەوە ئیتر هیچ ڕووناکایی و عبادەتێکی ترم ناوێ. ئەم کاتە کە لەگەڵ تۆ دام، نوێژ و ڕۆژووی هەر چل ساڵەکەم دێنێ.

ژنە کە ئەمەی بیست، وتی هەستە بچۆرە دەرەوە هەی دەستبڕی قیامەتفرۆش! ئەمە بوویت شێخە بە ناوبانگە خواناسەکە؟ هەستە بچۆرە دەرەوە. بە شەرمەزارییەوە لام دامەنیشە و پارەشم ناوێ. شێخ بە شەرمەزاری و بە دڵ پڕ لە کڵپەی عەشقەوە پارەی هەڵگرت و هەستا چووەوە. ئەمجا ژنە کەوتە سەر ئەوە کە فێڵێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوە ئەم پارەیە لەم خوانەناسە بسێنێتەوە، هیچی بە بیرا نەهات، تەنها شکات کردن نەبێ، هەستا چوو بوو لای پادشا لەسەر ئێعتباری ئێستا چووە لای «ڕەئیسی تەشریفاتی». کە ڕەئیس چاوی پێ کەوت، ئاگر لە دڵیا کڵپەی سەند و دەستی کرد بە قسەکردن لەگەڵیا، لە پاش گەلێ قسەکردن. ڕەئیس پێی وت تۆ ناگەیت بە پادشا تا ئەوەی من ئارەزوو ئەکەم لەگەڵم نەکەی، ئەو وەختە پادشایشی ناوێ، تۆ چۆن ئارەزوو ئەکەی وات بۆ ئەکەم. ژنە کە ئەمەی بیست بە بێ دەنگی گەڕایەوە.

ڕۆژی دوایی هەستا چووە لای دارۆغە و شکاتی بەر ئەو خست، کە دارۆغە چاوی پێ کەوت، لە کابرای پێشوو خراپتر. پێی وت بینایی چاوم، چاو لە تۆ پۆشین ئیشی پیاوی ئاقڵ نییە، ئەگەر بێیت و لە ئاوی ژیانت تاقە لێوانێک وەربگرم سەرم لە ڕێتایە و جارێکی کە پێویستت بەو جۆرە پارانەش نابێ. ژنە دیسان دەستی لەمیش گیر نەبوو، گەڕایەوە.

بۆ ڕۆژی دوایی چوو بۆ لای قازی، قازی کە چاوی بە نیو نگای ژنەکە کەوت، هەرچی لە قوتابخانەوە خوێندبووی تا ئەو وەختە، هەمووی لە فیکر چووەوە، پێی وت ڕووناکی دنیای دینداران، چی تۆی هێناوەتە ئێرە؟ ژنە کارەساتی شێخی بەرماڵفرۆشی بۆ گێڕایەوە. قازی وتی ئارام و هێزی شەیدایان، شەرع ئەفەرمووێ دەعوا ئەبم بە شاهدت ئەگەر لە سێبەری باڵای نەونەمامتا جارێک بە پاسەوان وەرم بگری. ژنە کە ئەمەی گوێ لێ بوو سەرێکی بادا و دەستی لەویش بڕا و گەڕایەوە. کە هاتەوە بە کارەکەرەکەی وت بچێت لە لای دارتاشێک سندووقێکی گەورەی بۆ دروست کا و ئەم سندووقە سێ خانە بێ و هەر خانەیەک دەرگای خۆی پێوە بێ، کارەکەر چوو سندووقی دروست کرد و هێنایەوە. ئەمجا پێی وت بچێت بە ڕەئیسی تەشریفاتی بڵێت کە سەر لە بەیانی تەشریفی بێت بۆ ماڵی ئێمە و لەوێشەوە بچێت بە دارۆغە بڵێت لە چێشتەنگاوا ئەویش بێت. کە لەوان بووەوە بچێت بۆ لای قازی پێی بڵێت لە وەختی نیوەڕۆدا ئەویش خانم بانگێشتی بۆ کردووە. لە پاش ئەوان بچێت بۆ لای شێخ کە پاش نیوەڕۆ بێت بۆ ماڵ، خانم لەسەر ئارەزووی ئەو ئەبزوێتەوە، کارەکەرە چوو هەموو ڕاسپێرییەکانی بە ئەنجام گەیاند.

ئەو شەوە ڕۆژ بۆوە کە کەوتە بەیان، تەقە لە قاپی درا و کارەکەر چوو بۆ دەرگا، سەیری کرد ڕەئیسی تەشریفاتیە، خانم چوو بە پێشوازییەوە و هێنایە ژوورەوە لە پاش دانیشتن و هەندی قسەکردن، دەنگی تەقەی قاپی حەوشە هات، کارەکەر چوو هاتەوە وتی دارۆغەی شار هاتووە، ڕەئیسی تەشریفاتی ڕەنگی لە ڕوو بڕا و وتی بۆ خاتری خوا چەم لێ ئەکەی؟ خانم وتی وەڵڵا بەم دەم و دەستە هیچ شوێنێک نییە تەنها ئەو سندووقە نەبێ، سێ خانەی هەیە ئەچیتە هەر کامێکیانەوە بچۆ. ڕەئیس چووە ناو یەکێ لە خانەکانەوە و خانم هەر خێرا هەستا دەرگاکەی لەسەر داخست.

تا ئەم ئەمانەی کرد دارۆغە هاتە ژوورەوە و دانیشت و کەوتە باسی غەرامیات و عەشقێنی. خانمیش کەوتە پشی پشی لەگەڵیا. کتوپڕ دەنگی تەقەی قاپی هات. کارەکەر چوو بە شوێن دەنگەوە هاتەوە وتی قازی تەشریفی هێناوە. دارۆغە ناوکی کەوت و وتی خانم چیم لێ ئەکەی؟ قازی پێم بزانێ ناکرێ. ژنەکە وتی ئەوا ئەم سندووقە هەیە دوو خانەی تیایە، بچۆرە یەکێکیانەوە تا قازی ئەڕوا. دارۆغە هەستا و خۆی کوتایە یەکێ لە چاوگی سندووقەکانەوە، خانم هەستا و دەرگای لەسەر داخست.

لەو کاتەدا قازی بە گۆنای سوور و دڵی بە جۆشی ئاگری دڵدارییەوە کردی بە ژوورا و خانم بە عیشوەوە چوو بە پیریەوە و داینا. قازی خۆی لە دنیایەکی ترا چاو پێ کەوت، خۆی لە شوێنێکا چاو پێکەوت کە دڵڕفێنەکەی شەرابی ئاڵی لە لێوی خۆی ئاڵتر ئەدا بە دەستییەوە. قازی لە دەریای دوو جار سەرخۆشیدا مەلەوانی ئەکرد. کتوپڕ دەنگی تەقەی قاپی هات. کارەکەر چوو بە شوێن دەنگەکەوە و هاتەوە وتی شێخی پیری پیرانە و لەم شوێنەدا میوانە. قازی کە ناوی شێخی بیست ڕوومەتی سووری بوو بە بەی زرەد. وتی ئەگەر شێخ لێرەدا بمبینێ حەیا و ئابڕووم ئەچێ و تا ماوم خۆم ناگرمەوە، چیم لێ ئەکەی؟ خانم وتی وەڵڵا هیچ شوێنێک نییە ئەو سندووقە نەبێ، خانێکی تێدایە بچۆرە ناویەوە. قازی هەر خێرا ڕاپەڕی و خۆی کوتایە چاوگی سندووقەکەوە و خانم دەرگای لەسەر داخست.

شێخ کردی بە ژوورا. خانم پێشوازی کرد و دەستێکی خستە سەر شانی و بە زەردەخەنەیەکەوە پێی وت: یاخوا بەخێر بێی شێخی بەرماڵفرۆش! چۆن وا ڕێت لێ تێکچوو گەیشتیتە لای ئێمە؟ شێخ وەکوو دەنگی فریشتەی ئاسمانی بەر گوێ بکەوێ، خوتوکەیەک بە هەموو لەشیا هات، وتی: ڕایەڵی عەشقی تۆ هەزاری وەکوو من ڕائەکێشێ. ژنە وتی لە لایەنی پارەکەوە چی ئەڵێی؟ ئەگەر نەمدیتەوە چئ ئەڵێیت بە گوێت ئەکەم. شێخ وتی چۆن ناتدەمەوە؟ خوایە تۆ ئاگات لێ بێ، مێردی ئەم ژنە هەزار قەرانی لای من داناوە کە بیدەم بەم ژنە. ئەگەر ئێستا لە دنیای کامەرانیا تۆزێ بە نازی خۆی بمحەسێنێتەوە و لە کامی خۆیم بداتێ هەزار قەرانەکەی ئەدەمەوە. ئیتر چیت ئەوێ خانمی هەر دوو دنیام؟

ژنە کە ئەمەی بیست بانگی کارەکەرەی کرد و پێی وت وەرە ئەم دینفرۆشە بکەرە دەرەوە. و خۆی لێی دا چوو بۆ لای پادشا. پادشا داوای ڕەئیس تەشریفاتی کرد دیار نەبوو، وتی قازی بانگ کەن، قازیش نەبوو. پادشا لەم ڕێکەوتە سەری سووڕما، ناچار ژنەی بانگ کردە لای خۆی و لێی پرسی.

ژنەش کارەساتی بۆ گێڕایەوە، کە هەزار قەرانی لایەتی و نایداتەوە، پادشا وتی تۆ بۆ ئەم داوایەت شاهدت هەیە؟ ژنە وتی بەڵێ سندووقێکم لایە. ئەو سندووقە شاهێدمە. پادشا دەستیکرد بە پێکەنین و وتی تۆ شێت بوویت؟ ژنە وتی پادشاهم شێت نەبووم و شێت نیم سندووقێکم هەیە، ئەو سندووقە شاهێدم. پادشا وتی ڕەنگبێ جوانیەکەت سەری لێ تێکدابێتی. ژنە وتی پادشاهم با واش بێ، من هەر لەسەر قسەی خۆمم، بنێرە بیهێنن، پاشا پیاوی نارد و سندووقێکی گەورەیان هێنا و دایاننا، ژنە هەستا و چووە سەر سندووقەکەی و دەستێکی پیا ماڵی. وتی سندووقەکە بەو خوایەی کە دروستی کردووین، ئەگەر ئەوی کە بیستووتە نەیڵێیت ئێستە ئاگرت تێبەر ئەدەم، کوتوپڕ سێ زمان لە ناو سندووقەکە هاتنە قسە و وتیان: «ئەشەدوبیللا ئێمە شاهیدین کە ئەو شێخە وتی هەزار قەرانی ئەم ژنەم لایە». لە لای پادشا دەرگای هەر سێ خانەی سندووقەکەی کردەوە، وەکوو زەردەواڵە ڕەئیسی تەشریفاتی و دارۆغە و قازی هەریەکە لە کونێکەوە هاتنە دەرەوە.

پادشا لەم ئیشە و لەم کردەوەیە زۆر سەرسام ما، ئەوانەی هەر یەکە بە تۆڵەی خۆی گەیاند و پارەشی لە شێخی بەرماڵفرۆش بۆ ژنەکە وەرگرتەوە. ئەوەندە هەبوو قازی ڕووی کردە ژنەکە و وتی: «هەر کە لە ئێوە نەترسێ لە خواش ناترسێ».