کابرایەکی ساویلکە لەو سەرە ژنێک ئەخوازێ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  599 مشاهده

کابرایەکی ساویلکە لەو سەرە ژنێک ئەخوازێ، هێشتا سێ مانگ زاوا و بووکێنیان تێ ناپەڕێ، خوا کوڕێکیان ئەداتێ. شەوێ لە گوێی ئاگردانەکە دانیشتوون و هەروا دەمەتەقێ ئەکەن، کابرا کە ژنەکە ئەگوێزێتەوە و بە خەسووەوە ئەیگوێزێتەوە. خەسووەکەشی دانیشتووە ڕووی تێ ئەکا و پێی ئەڵێ: ماشەڵڵا ئەم کچەی تۆ بە بەرەیە، ئەگەر هەروا زوو زوو و هەر بە سێ مانگ جارێ کوڕێ بێنێ، زۆری پێ ناچێ منیش ئەوەندە کوڕ و کوڕزام ئەبێ تا ئەبم بە «حەمە خانی بانە»، هەموو ئەم ناوە دائەگرم.

خەسووەکەشی ئەڵێ: ئەیەڕۆ بەقوربانت بم کەی بە سێ مانگ منداڵی بووە، نۆ مانگە و نۆ ڕۆژەی تەواو کردووە، ئەوە تۆ حسابی مانگەکانت لێ تێکچووە، بەم جۆرە ناوی مانگەکان ڕەوانکە، ئەو وەختە بزانە سێ مانگ ئەگرێتەوە یا نۆ مانگ؟

ئازار بەهار مانگی دۆ
نیسان سەیران مانگی جۆ
ئەو مانگەی بووکیان تیابرد
ئەو مانگەی کچە تیا شووی کرد
ئەو مانگەی کوڕەی تیابوو
تەواو نۆ مانگ بەسەرچوو

کابرا ئەڵێ: ئەی بە قوربانت بم خەسوو گیان، بەخوا ڕاستە ئەڵێن خەسوویەک لە جووتێ گا باشترە، بەو قورحانە ئەگەر تۆ نەبووتایە گوناحباریش ئەبووم و ئیمانیشم ئەڕۆیشت.