مەلا تۆفیقی حاجی برایم لە سولەیمانی چەند...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  451 مشاهده

مەلا تۆفیقی حاجی برایم لە سولەیمانی چەند قسەیەکی گێڕایەوە وتی:

کچێک هەبوو لەو خوارە -بلامانێ- تڕی بۆ ڕاگیر نەئەکرا. لەبەر ئەمە هەچ کەس ئەهات بۆ خوازبێنی، دایکەکە نەیئەدا بە شوو. کچە بەم جۆرە هەر مایەوە، نەیئەزانی خەمی بێ دەنگی پێشی بخوا یان گیز و هۆڕی پاشی. ئاخری ڕۆژێک بە دایکی وت: دایە ئەگەر پڕ خێزان هاتن و داوایان کردم بمدە و کارت نەبێ. دایکیشی وتی: خوا بینێرێ کچم.

زۆری پێ نەچوو کوڕی کابرایەکی خێزان زۆر هات بۆ خوازبێنی. دایانێ و بووک گوێزرایەوە، لە پاش حەفتەیەک دایکی و چەند ئافرەتێکی تر ئەچن بۆ پاشتێلانە، دایکە بە ماتیێەکەوە ئەیەوێ لە پەنایکا پرسیار لە کچەکەی بکا، کە هەلی بۆ هەڵئەکەوی لێی ئەپرسێ لەگەڵ دوابڕاوەکە چۆنی؟ کچەش بەم جۆرە وەڵامی ئەداتەوە:

دایە هەرگیز خەم مەخۆ
ماڵم پڕ کردگە لە بۆ
خێزانی ماڵ هەشتە و نۆ
کەس ناپرسێ منم یا تۆ

دایکە ناوچاوی کچەکەی ماچ ئەکا و ئەڵێ بەخوا ڕۆڵە تۆ لە دایکت و لە نەنکیشت ئاقڵتر بوویت بۆ ئەم مەسەلەیە، ئێمە هەر لە هەوڵ ڕۆژەوە پێانزانین.