شێخ ڕەقیب هەبوو لەو وڵاتی ئاکرێ یە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  560 مشاهده

شێخ ڕەقیب هەبوو لەو وڵاتی «ئاکرێ» یە، ئەم شێخ ڕەقیبە خواردنی هەر گۆشتی برژاو بوو. خوڵامێکی هەبوو هەر بە دوو ڕۆژ بەرخێکی بۆ سەرئەبڕی و بۆی ئەبرژاند و ئەویش بە پوختی ئەیخوارد. ڕۆژێک شێخ ڕەقیب خەریکی خواردنی گۆشتی برژاوی بەرخی ئەو ڕۆژە ئەبێت لە گەرووی ئەگیرێ و هەرچەند ئەکا ناچێتە خوارەوە. خوڵامەکەی بانگ ئەکا و دەس ئەکا بە جنێودان و پێی ئەڵێ تۆ ئیمڕۆ گۆشتەکەت باش نەبرژاندووە، ئەوەتە ئەگیرێتە گەرووم. ئەویش هەر چەند ئەڵێ یاشێخ باشم برژاندووە هیچ ناتەواویەکی نییە کەڵکێ ناگرێ، شێخ هەر جنێوی ئەداتێ و بە دەمیشیەوە لە حەیبەتانا ئەکۆکێ. ئەمجا خوڵامەکە ئەڵێ: «بەخوا یاشێخ زۆر چاکم برژاندووە، بەڵام ئەوەندە هەیە ئەم بەرخە- کە من ئیمڕۆ سەرم بڕی- ماڵی حەڵاڵ و بێ غەشی خۆت بوو».