سەیدێکی عەرەبی بەغدایی لە سولەیمانی بوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  547 مشاهده

سەیدێکی عەرەبی بەغدایی لە سولەیمانی بوو، ناوی «سەید حەنتووش» بوو، خۆت ئەزانی لەو وڵاتە ئەگەر یەکێ بە عەرەبی قسەی بکردایە و زمانی ئەو زمانە بووایە لەسەر دەست ڕائەگیرا. ئەو کەسە پێشی نەئەکەوت و لە هەموو دیواخانێکا لە ژوور هەموو کەسێکەوە دائەنیشت. ئەم سەی حەنتووشە لەبەر ئەوە زمانەکەی عەرەبی بوو بەربەرەکانی لەگەڵ هەموو کەس ئەکرد و ئەوانەی زۆر شارەزا نەبوونایە، ئەیانوت ئەمە هەموو حەدیسی پێغەمبەرە ئەم ئەیفەرموێت. چونکە بە زمانی ئەو قسە ئەکا. لەمەوە وای لێ هاتبوو ئەمجا بەربەرەکانی قوڕئانیشی ئەکرد.

ڕۆژێک لە لای شێخ بابە عەلی تەکیەیی دائەنیشێت و ئەڵێ خەڵک ئەڵێن هەموو قورئان فەسیحە، ئەمە وا نییە. شێخ بابە عەلی ئەڵێ کام شوێنی فەسیح نییە؟ سەی حەنتووش ئەڵێ ئەو ئایەتە کە لە باسی میراتا قسە ئەکا و ئەڵی «ولِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِعربی»، واتە بۆ پیاو دوو بەرابەری ژنە. شێخ بابەعەلی ئەڵێ جا نافەسیحیی ئەم ئایەتە چییە؟ وە ئەبووا بە خەیاڵی تۆ چۆن بێت؟ سەی حەنتووش ئەڵێ ئەگەر بیوتایە «ولأنثى نصف الذكرعربی» باشتر بوو. شێخ بابەعەلی بەبێ وەستان ئەڵێ: «ئاخر ئەو وەختە دایکت ئەیوت کەمە». سەید حەنتووش ئیتر ڕەپ ڕائەوەستێ.