ئاخر و ئۆخری ساڵی ١٩٢٩ بوو ڕێمان کەوتە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  602 مشاهده

ئاخر و ئۆخری ساڵی ١٩٢٩ بوو. ڕێمان کەوتە «گڵۆڵان». گڵۆڵان گوندێکە لە موکریان، شوێنی ئاواییەکە دەشت بوو، لای سەرووی کێو بوو، دنیا سەوزەڵانی بوو، مزگەوت و حەوزی سەرا و مەدرەسەیەکی باشی لێ بوو، مەلا وەهابی نجنەیی مامۆستا و مەلای ئەوێ بوو، سەر بە شێخانی تەوێڵە بوو. کوێخا سمایل هەرچەندە کوێخای گوندەکە بوو، بەڵام پیاوێکی بە دەسەڵات بوو، شانی ئەدا لە شانی ئاغا و بەگزادەکانی ئەو ناوە، دوو کوڕی مناڵی جوانکەلەی هەبوو لە دەوروبەری چواردە ساڵانا، ئێمە کە حەفتەیەک لەوێ ماینەوە لەگەڵ کوڕەکانا بووین بە ڕەفیقێکی تەواو، داخی گرانم ناوەکانم لە بیر چووەتەوە، گوندی گڵۆڵانیش زیاتر بوو ئەو وەختە لە سەد و پەنجا ماڵێک.

شایی بوو لە گڵۆڵان، بەڵام چۆن شاییەک؟ شاییەک بێ هی بەگزادەی دێبووکری بێ، حەوت بووک لەو شاییەدا بگوێزرێتەوە، ئەبێ چۆن بێ؟ حەوت بووکی ماڵە بەگزادە، هەر چی ئاغەوات و بەگزادەی دێبووکری، فەیزوڵڵا بەگی، مەنگوڕ، مامش هەبوو ڕژابوونە ئەو شاییە. ژنە بەگزادە و ژنە ئاغەواتی ئەمانە هەموو لە گڵۆڵان کۆبوونەوە، ژنانی مانگ ڕوو، گشت پڕ حەیا و بە ئابڕوو. لە بناغەدا ئاو و هەوای موکریان بەردیش جوان ئەکا نەوەک ئینسان. ئەمجا جوانی لە لەشولار و ڕوومەتی ئافرەتا خۆی دەرخا، ئافرەتیش هی موکریان بێ، هی بەگزادە بێ، هی شادی و زەماوەن بێ، ئەبێ چۆن بێ؟

ئەم ئافرەتانە بە خەرمان لە گڵۆڵانا بە جلی تافتە و قەیفەی زەڕبەفتەوە کەوتبوون، پیاوانی بەگزادەی هەموو ئەو وڵاتە، هەموو بە مراخانی و شەرواڵی ماوتی عەجەم، پشتێنی شاڵی عەجەم، خەنجەری مستو و ماهی بە کەمەرەوە، شەدە و مشکی بە سەرەوە، تفەنگی جانبێزار و سێ تیر بە شانەوە، لەسەر ماینی عەرق لە ڕەختی زیو و زێڕەوە، ئاخۆ ئەبێ چۆن بووبێ؟ وە یا ئەم ئافرەتە نازدارە بەگزادانە بە کراسی کرێشەی ئاوەڵدامانەوە، بە پشتێنی پەشمی سەقزیانەوە، بە سەروپێچی سرکەیی وشکەوە، بە سوخمەی کەمەرزێڕی تافتەوە، بە غەرەقی سەر و مل و سوخمە و کەمەر لە ئاڵتوونەوە، بۆ سەر شایی حەو بووکی گڵۆڵان هاتبن و دەست بکەن بە چاوی مانگدا، ئاخۆ ئەبێ چۆن بووبن؟

ئەم حەوت بووکە دووی لە بەگزادەی دێبووکرییەوە لە گڵۆڵان ئەچوو بۆ فەیزوڵڵا بەگی، سێ لە فەیزوڵڵا بەگییەوە ئەهات بۆ گڵۆلان، یەکێ لە مەنگوڕەوە، یەکێ بۆ مامش ئەچوو، چل ڕۆژ شایی بوو، چل ڕۆژ دەهۆڵ و زووڕنا ئەیکوتا، زۆڕناژەن لە سابڵاخ و سەقز و مەراغەوە هاتبوون، چل ڕۆژ ڕەمبازی سوار و تەقەی تفەنگچی بوو، چل ڕۆژ هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەک بوو، ڕیزی هەڵپەڕکێی کوڕانی مشکی بەسەر و کچانی کرێشە لەبەر، کە ڕیزی لە کۆڕی ڕەشبەڵەکا ئەوەستا، ئەتوت ئەستێرەی زێڕینەی ڕۆخی ئاسمانە، زرینگەی تەوقە سەر و لاگیرە و شریخەی سەر دەسماڵی سەرچۆپیکێش کە تێکەڵاوی جیرەی پەنجە بە خەنەی پەنجە و شراوان ئەبوو، ئەیدا لە دڵی فریشتە و ئەکەوتە خۆزگا بۆ ئەوە ئەویش نەفسی ببوایە و بهاتایەتە ڕیز. بەڵام نەئەهات هەر سەیری ئەکرد. سەیری چاومەستان، سەیری کڵاولاران، سەیری بەگزادە و خانمی دیاران، سەیری شاییەکەی چل ڕۆژی گڵۆڵان.

نەوەک تەنها ئاغەوات و ئاغاژنانی دێبووکری کۆبوونەوە، بەڵکوو زۆر لە دانیشتووانی گوندەکانی موکریانی ڕژابوونە ئەو شاییەوە، هیچ شەو و ڕۆژێک لە سێ هەزار کەس کەمتر لە گڵۆڵان نەبوو، هەموو بە جلی ئاڵ و واڵاوە لە لایەک هەڵپەڕکێ بوو، لە لایەک ڕەمبازی سوارانی پۆشتە و پەرداخ بوو، لە لایەک کۆڕی گۆرانی و بەستەی موکریانی بوو، لە لایەک دەستەی چێشتکەران سەرگەرمی نان دروستکردنی ئەو حەشامەتە بوون، هەموو ڕۆژێ چل تا پەنجا سەر مەڕ ئەکوژرایەوە، کێ بە کێ بوو. هەر ڕۆژێ تا دوو هەزار تاکە تارانی و جووتەی عەجەمی ئەو سەردەمە ئەکرایە شاباشی نازداران و لاوچاکان، پیری مەیخانەش هاتبووە کۆڕی چواردە ساڵانەوە. هەتا پەنجا سەماوەری هەشت تەرخانیش لەولاوە ڕیز کرابوو.

نەرمە قریوەی دەنگی هەڵپەڕکێ، شەڕی لوولێنە لەگەڵ گۆی مەمکێ، جیڕەی شبرەوی کوڕەگەلی موکری، دەنگی بەنازی کچی دێبووکری، قریوەی سەرچۆپی ئەچەمایەوە، خێرا تەنیشتی گل ئەدایەوە، ئەمانە هەموو لە دێی گڵؤڵان، چل شەو و چل ڕۆژ ئەمە بوو حاڵیان. مەلا وەهابی نجنەیی کە مامۆستای گڵۆڵان بوو لەبەر ئەم زەماوەن و ڕەشبەڵەکە گڵۆڵانی بەجێهێشت و تا ماوەی ئەو چل ڕۆژە چوو لە دێی «حەمامیان» دانیشت، فەقێکانی ئەمەیان بە هەل زانی و ئەوان نەچوون، مەلا شەریفی نەوباری هەبوو کە یەکە فەقێی مەلا وەهاب بوو، زۆرتر سەرچۆپی ئەو هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکە بەدەست ئەوەوە بوو. بە ڕاستی هەڵپەڕکێش هەر بۆ ئەو هاتبوو.

ئێمە تا حەفتەیەک ماینەوە و لە پاشا گڵۆڵانمان بەجێهێشت، پاش چەند ماوەیەکی زۆر بیستم ئەو شایی چل ڕۆژەی گڵۆڵان لە پاش شەش مانگێک بوو بە ماتەم، ئەو ئاغەواتانەی لەوێدا کۆبوونەوە، هەموو تووشی دەربەدەری و ماڵوێرانی بوون.