ساڵی ١٩٣٠ بوو کوڕێکم لەگەڵ بوو فەقێ برا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 13 دقیقه  785 مشاهده

ساڵی ١٩٣٠ بوو. کوڕێکم لەگەڵا بوو، «فەقێ برایم»ی ناو بوو، دنیا هاوین بوو، ڕێمان کەوتە «شەدەڵە». ئەو سەردەمە شەدەڵە ناو و ناوبانگێکی هەبوو. «شێخ عەبدولکەریم» لە شەدەڵە و حاجی شێخ عارف لە «سەرگەڵوو» دائەنیشتن. «حەقە» کان ناویان دەرکردبوو، پەرەیان سەندبوو بۆ ئەوبەری «زێ» و وڵاتی کەرکووک و سولەیمانی وە بەڵکوو ناوچەی پشدەر و مەرگەیان داگیر کردبوو. شەدەڵە خۆی ڕووبار و شیوێکی گەورەی هەبوو، کەوتبووە جنووبی ڕووبارەکە، شیوەکە خانەقاکەی کەرت کردبوو لە گوندەکە. ئێمە چووینە تەکیەکەوە، تەکیە ژووری مزگەوتێکی گەورە بوو، بەرهەیوانێک بە بەریا کشابوو، لە تەنیشت مزگەوت و بەرهەیوانەکەوە بە لای ڕۆژهەڵاتەوە سەربانێک بوو. ئەمانە هەموو بە خشتی کاڵ دروست کرابوون، بەڵام لەسەر شێوەی شارستانی، بەردەم و دەوروبەریشی هەمووی دارستان و چڕ بوو، سۆفییەکان هەموویان ڕیشیان درێژ بوو.

چێشتەنگاو بوو ئێمە ڕۆیشتین، چووینە خانەقا، شێخ لە ماڵەوە بوو، حاجی مەلا یوسفێکی سوورداشی هەبوو -کە لە سەردەمی عوسمانیدا قازی بوو- زەمان پشتی تێ کردبوو کەوتبووە شەدەڵە، پیاوێکی پیری ڕیش سپی نوورانی بوو، ماڵەکەی لە گوندەکەدا بوو، بەڵام خۆی زۆرتر وەختی لە خانەقادا ڕائەبوارد، ئەو پیی خۆش بوو کە ئێمە چووین. لەگەڵمان کەوتە قسەکردن و داخی دڵ هەڵڕشتن، نیوەڕۆ نانیان بۆ هێناین، سۆفییەکان لەو ناوەدا هەر هاتوچۆیان بوو، بە چاوێکی وە نەبێ دۆستایەتییەوە سەیری ئێمەیان بکردایە، هەر بەینێ نە بەینێ یەکێکیان مرقەیەکی لێوە ئەهات و یەکێکی تر وە یا چەند کەسێکی تر پێکەوە ئەیانوت «حەقە». سۆفییەکان گەنجیشیان تیاهەبوو، بە دەوری خانەقادا سۆفی ئافرتیشمان بەرچاو ئەکەوت.

کەوتە پاش نیوەڕۆ و دەمە دەمی عەسر شڵەژەیەک پەیدابوو، سەیرمان کرد نزیکەی حەفتا سۆفییەکی مەرگەیی پەیدابوون کە هاتبوون بۆ ماڵی شێخ. هەموو ڕیشدار ڕیشدار، هەر کە گەیشتنە جێ بوو بر مڕق و هۆڕ و جەزەبە و هەرایەک ئەوسەری دیار نەبێتەوە، ئەوا ئێمەش لە بەرهەیوانەکە لەگەڵ حاجی مەلا یوسف دانیشتبووین، ئەمان کە هاتن بەرهەیوان و ژووری مزگەوتەکە پڕ بوو. سۆفی تریش لە ئاواییەوە هاتن. مەرگەییەکان ڕانکوچۆغە و پەستەکیان لەبەرا بوو. بەدەم جەزەبەوە جنێو وەکوو بارانی بەهار ئەباری، کە یەکێکیان جنێوێکی ئەدا، ئەوان هەموو ئەیانوت «حەقە».

ئێمە زۆر ئارەزووی چاوپێکەوتنی شێخمان بوو، بەڵام شیخ هێشتا نەهاتبووە دەرەوە. قسەکردنی ئەو بەینەمان لەگەڵ حاجی مەلا یوسفدا ئەوە بوو کە چۆن توانیویەتی لەناو ئەمانەدا دانیشتووە و دائەنیشێ؟ حاجی مەلا بۆن کڕووزەی لە جەرگ هەڵئەستا. زۆر زۆر دوژمنی ئەو کردەوانەی ئەوان بوو، بەڵام ئەیوت: زەمان و پێوەندی ماڵ و منداڵ، منی لەم شەدەڵەیە بەند کردووە.

نوێژی عەسر هەر کەس کردی کردی، هەر کەسێش نەیکرد، ئەوا هیچ. سۆفییە مەرگەییەکان هەموو بە ڕیز لە بەرهەیوانەکە دانیشتبوون، سۆفی تریش و هی ئاواییش لەبەردەمی بەرهەیوانەکە ڕاوەستابوون. ژنە سۆفیانی مەرگەیی لەگەڵ ژنانی ترا ئەوانیش لەو لاوە ڕاوەستابوون. ئەمانە تێکڕا جەزبە گرتبوونی هەموو مڕق و هۆڕیان بوو. حاجی مەلا ئەویش لەو سەرەوە دانیشتبوو. من و فەقێ برایمیش تۆزێ لە لای ئەوەوە بەلای پشت بە قیبلەی هەیوانەوە بە تەنیشت یەکەوە کزۆڵەمان کردبوو، بە ڕاستی لەو دیمەنە ئەترساین و چاریشمان نەبوو. لە ناو سۆفییە مەرگەییەکانا سۆفیەکی گردەپیاوی ڕیش درێژ هەبوو پێیان ئەوت «دێوانە حەبیب». ئەمە جەزبە گرتبووی و بە بەرهەیوانەکەدا و بەناو خەڵکەکەدا ئەهات و ئەچوو و جنێوی ئەدا. هەر کە جنێوێکی ئەدا ئەوانی تر هەموو ئەیانوت «حەقە». حاجی مەلا یوسف قوتووە جگەرەکەی لە بەردەمی خۆیا دانابوو، دێوانە حەبیب چوو دوو جگەرەی لێ هەڵگرت و هێنای بۆ ئێمە و وتی: «ئم». لەو کاتەدا کە جگەرەکانی هەڵگرت حاجی مەلا یوسف سەیرێکی کرد و وتی: «تەماشا کە ئەم مەلعوونە». پەنا بە خوا هەر کە ئەو ئەمەی وت چ قیامەتێک هەستا. شڵەژە کەوتە ناو سۆفییەکانەوە، یەکێک وتی: کافر! ئەوە وەلییە، چۆن پێی ئەڵێی مەلعوون؟ یەکێ وتی: دایەلێت دەگێم هەر ئێستا ورگت دەدڕەم و پەلاماری خەنجەرەکەی دا. یەکێکی تر دەستی برد خەنجەرەکەی لە دەست سەند. دێوانە حەبیبیش هەر هاتوچۆیەتی و ئەمڕقێنێ و ئەڵێ حەقە. لەم لاشەوە ئێمە کە جگەرەکانی بۆ هێناین گوایە بەو نیازە کە ئەمە بە زۆر هێناویە و زۆریش حەرامە و ناشتوانین وەرینەگرین، هەروا لەبەردەمی خۆمانا داماننابوو، دێوانە حەبیب لە هاتوچۆکەیا چاوی پێکەوت، چوو شقارتەی قوتووەکەی حاجی مەلا یوسفی هێنا و هاتە بەردەممان شقارتەی داگیران و وتی: ئم دایەلێتان دەگێم پێ کەن حەقە. ئەمجا ئێمە ئیتر ئەوێرین داینەگرێنین؟ ئەوا جنێوێکیشمان لەسەر خوارد.

سۆفییەکان هەر خەریک قسە وتن بوون بە حاجی مەلا یوسف. حاجی مەلا یوسفی هەژاریش چووەتە قولاخی خۆیەوە. یەکێ لە سۆفیەکان ڕووی کردە حاجی مەلا یوسف. وتی: ئەهاو ئەهاو سەر سپییەی ڕیش پۆزە تۆ بە دێوانە حەبیب دەڵێی مەلعوون؟ دێوانە حەبیب خوایە، تۆ چۆن وا دەڵێی؟ دەستی کرد بەم قسانە و هەر نەیبڕیەوە. هەرچەندە ئەو قسەیەکی ئەکرد هەموو سۆفییەکانی تر بە جارێ ئەیانوت حەقە، ئەوەندەمان زانی دێوانە حەبیب چوو بە لای کابرای سۆفییەوە دەستی گرت و هەڵی ساند، چووە پشتیەوە شەقێکی زۆر نایابی تێ هەڵدا، بەڵام شەق، کابرا وتی حەقە. بە شەق تێهەڵدان بردی تا بەردەمی حاجی مەلا یوسف، کە شەقەکەی تێ هەڵئەدا، ئەو ئەیوت حەقە و ئەم ئەیوت: «دایەلێت دەگێم لۆ لەسەر من دەکەیتەوە؟» هەرچی ئەم ئەیوت، ئەو هەر ئەیوت حەقە. ئەمجا لەو لاوە بە کوت پێوەدان هێنایەوە بۆ ئەم سەر و هەر چەند کوتی پێوە ئەدا، ئەیوت: «دایەلێت دەگێم، تۆ کو لەسەر من وە جواب دێیت؟» ئەویش ئەیوت: حەقە و هەموو سۆفییەکانی تریش هەر ئەیانوت حەقە.

پاش ئەوە، کە دێوانە حەبیب هەندێ سەگ بە حەساری بەو کابرا سۆفییە کرد، کتوپڕ لەو کاتەدا کابرایەک کەرێکی دابووە پێش و بە بەری بەرهەیوانەکەدا ئەڕۆیشت، دێوانە حەبیب کە چاوی بە کەرەکە کەوت لە کۆڵ کابرا بۆوە و چوو بۆ لای کەرەکە و وتی: «ئەوا شێخی هات»، کە ئەمەی وت هەموو سۆفییەکان وتیان: حەقە، ئەمجا چوو بە لای کەرەوە و دەستی کرد بە تێهەڵدان و وتی: «دایەلێت دەگێم نوکە دێیت؟ ئەرێوەڵڵا حەقە». هەموو سۆفییەکان وتیان حەقە.

شێخ عەبدولکەریم چایچییەکی هەبوو، وا دێتەوە بیرم کە مەلا عەبدوڵڵای ناو بوو، سەعات نزیکەی یانزەی ئێوارە بوو(بە ئەگەری زۆر کاتەکەی هەڵەیە، چۆن دەتوانین بڵێین یانزەی ئێوارێ؟)، هات وتی بە ئێمە کە ئێستا شێخ تەشریف دێنێت دێم بە شوێنتانا. زۆری پێ نەچوو هات، وتی فەرمون بۆ لای شێخ. هەستاین لە دەرگای هەیوانەکەوە چووینە سەربانەکە، هەموو بەڕەی تیا ڕاخرابوو، سەماوەرێکی زەردی هەشت تەرخان، قۆرییەکی عەجەمی بە سەرەوە بوو، ئیستکانەکان لە ناو سینیەکا لە بەردەمیا دانرابوون، دوو سێ دۆشەکەیش لەو سەرەوە ڕاخرابوون، کەسی لێ نەبوو هەر مەلا عەبدوڵڵا بە لای سەماوەرەکەوە ڕاوەستابوو، ماڵی شێخ نووسابوو بە سەربانەوە، شێخ کە لە ماڵ ئەهاتە دەرەوە بۆ خانەقا لەوێوە سەرئەکەوت، ئێمە لەسەر بەڕەیەک لەم لای دۆشەکەکانەوە دانیشتین، ها زۆری پێ نەچوو شێخ دەرکەوت بە پێ پلیکانی ماڵەکەی خۆیانا سەرکەوت بۆ سەربانەکە،.شوێنی سەربانەکە وابوو سێ لای بە دیواری ژووری خانەقا و بەرهەیوان گیرابوو. لایەکی چۆڵ بوو، ئەویش حەوشەی ماڵی شێخ بوو، کە ئەهات کەسی تر بێجگە لە هی سەربان چاوی لێ نەئەبوو.

کە شێخ هات ئێمە ڕاست بووینەوە. شێخ عەبدولکەریم پیاوێکی کەڵەگەتی باڵابەرز و ناوشان و سنگ پان، تەمەنی ئەو سەردەمە چل و پێنج ساڵ ئەبوو، چاو و برۆی گەورە، ڕیشێکی ڕەشی قەترانی، تەنگی بە ناوکی هەڵچنیبوو، جوبیەکی قاوەیی ئاوەڵدامانی کردبوو بەسەر کەوا و سەڵتەکەیا، مێزەرێکی گەورەی سپی شێخانەی بەستبوو بە سەرەوە، بەڕاستی عینسانی وا جوان و بەدیمەن و شایانم کەم جاری تر چاو پێکەوتووە.

هەر کە هات سەلامێکی کرد و چووە سەر دۆشەکەکەی سەرەوە دانیشت، وتی بەخێر بێن فەقێینە، ئێمە ئیتر لە شوێنەکەی خۆمان دانیشتینەوە، وتی: لەوێ دامەنیشن فەرموونە سەر دۆشەکەکە لە تەنیشت منەوە دانیشن، ئێمەش چووینە ئەو شوێنە و مەلا عەبدوڵڵا چای تێکرد، هێنای بۆ هەر سێکمان. پاشان بە مەلا عەبدوڵڵای وت کە حاجی مەلا یوسفیش بانگ بکا، ئەویش هات دانیشت. سۆفی پێیان زانی کە شێخ لە ماڵ دەرکەوتووە و هاتووە لەوێ دانیشتووە، بوو بە مرق و هۆڕ و هەرا، پەلاماری سەربانیان ئەدا، بەڵام ڕێگا نەبوو بێن. جنێویان بە دەم جەزەبەوە ئەدا وەکوو گەڵای دار. یەکێ ئەیوت دایەلێت دەگێم چما خۆت شاردیتەوە؟ یەکێ ئەیوت: ئۆهۆ ڕیش کلکە کسۆک لە دینت بەم، یەکێ ئەیوت چما دەرناچیت؟ هەر ئەبێ لە... ژنت بەرم، لەم جۆرە شتانە هەر زۆر زۆر. لەم وەختەدا ئەوەم هاتەوە بیر لە کە لە شوێنێکا سەگەڵ دەوری ماڵێک ئەدەن و ڕێگا نییە بچنە ژوورەوە بۆ کابرای غەریب بیخۆن. هەر پەلاماری دار و دیوارەکە ئەدەن، ئەوەشم بە لاوە وابوو.

شێخ ئەم هەموو شتانەی گوێ لێ ئەبوو، سەری داخستبوو، بەدەم سەرداخستنەوە وردە وردە قسەی بۆ ئێمە ئەکرد. ئەمانەی بە لاوە شتێکی وا نەبوو، وای پیشان ئەدا کە ئەمانە جەزەبەی سۆفێتی گرتوونی و ئاگایان لە خۆیان نییە. من ئەو وەختە تۆزێ زیتەڵە و قسەقوت بووم، خۆمم پێ ڕانەگیرا وتم یا شێخ ئەمە چیە، چ حاڵێکە؟ وتی: ڕۆڵە ئەمە لە حاڵی جەزبەدان. ئەو قسانە کە ئەیکەن ئاگایان لە خۆیان نییە. وتم یا شێخ ئەمە مەسەلەی یەک کەس و دوو کەس نییە، ئەمانە هەموو ئەو ڕێگایە کە گرتویتیانە، وە نەبێ ڕێگایەکی باش بێ، دوور نییە لە ئەنجاما خراپتر ببن، تۆ ئیشێکی وا بکە جڵەویان بگرەوە. هەندێ قسەی کرد من هەر بۆم نەسەلماند.

کاتی بانگی شێوان هات بانگیان دا، شێخ هەستا ڕووی کردە ژووری مزگەوتەکە و ئێمەش هەستاین، هەر کە دەرکەوت بۆ ژووری مزگەوت پەنا بە خوا بوو بە چ قیامەتێک؟ لە دەنگە دەنگی سۆفی و سۆفی ژن ئەو ناوە بوو بە ڕۆژی قیامەت. ئەوەم لە بیر نەبوو بیڵێم، پێشووتر هەر کەس هەر جوێنێکی ئەدا بە جارێ ئەوانی تر ئەیانوت «حەقە». یەکێ تەقەی لە شتێکەوە بهێنایە بە جارێ سەد کەس ئەیوت حەقە. سەر لە ئێوارە بوو، کەر ئەیزەڕان ئەیانوت حەقە، بە کورتی هەر کەس هەر شتێکی بکردایە و هەر شتێکی بوتایە ئەوانی تر ئەیانوت حەقە، یەکێک سەبیلی ئەکێشا یەکێکی تر ئەیدا بە ژێر دەستیا ئەیوت حەقە.

خێرا شێخ وتی: قامەت بکەن، یەکێک قامەتی کرد و شێخ خۆی پێشنوێژی کرد. هەر کە ئەو وتی: «الله اکبرعربی» هەموویان وتیان حەقە. مزگەوتەکە گەورە بوو، پڕ بوو. ئەمجا کە ئەوانیش نییەتیان هێنا لە نوێژەکەدا نیزامی نوێژ نەما. یەکێ لەو پەڕەوە مرقەیەکی ئەکرد یەکێ لەم پەڕەوە ئەیوت حەقە، هی وا هەبوو لە ڕیزێکی دواترەوە بوو، شەقێکی لەوەی بەردەمی خۆی هەڵئەدا، ئەیوت حەقە،. سۆفییەک لە پشت شێخەوە بوو، لە نوێژەکەدا شەقێکی لە شێخ هەڵدا، هەموو ڕیزی پێشەوە کە چاویان لێ بوو وتیان حەقە، ئەوانی تر کە گوێیان لەمانە بوو ئەوانیش بەجارێ وتیان حەقە.

بەم جۆرە نوێژی شێوان کرا شێخ گورج گەڕایەوە بۆ سەربانەکە، ئێمەش زوو گەڕاینەوە، بەڵام من زۆر ئەترسام و زۆریش لەم کارەساتە دڵگران بووبووم، ها خەیاڵ نەکەی شەقیان تێ هەڵنەدابووم، بەڵام لە شەق تێهەڵدان ئەترسام. کە هاتینەوە وتم یاشێخ بەخوا ئەمە حاڵ نییە. شێخ ئەمجارە ئەوەی درکان، وتی: «کاکە فەقێ لەدەست دەرچوون و چار ناکرێن».

نانیان هێنا، نانمان خوارد، نوێژی خەوتنانیشمان وەکوو نوێژی شێوان کرد، پاشان چووەوە بۆ ماڵەوە بە مەلا عەبدوڵڵای چایچی وت: مەلا عەبدوڵڵا ئاگات لەم فەقێیانە بێت. کە شێخ چۆوە، مەلا عەبدوڵڵا هات دانیشت و چاشی بۆ هێناینەوە. لە دەرەوە دەنگە دەنگی ژن و پیاو هەر زۆر زۆر بەرز بۆوە وتم: ئەوە چییە؟ مەلا عەبدوڵڵا وتی: ئەوە سۆفییەکان شوغڵ ئەکەن. شوغڵەکە ئەوە بوو ژن و پیاو تێکەڵاو ئەبوون و های هویان ئەکرد گوایە ئەمە زیکر ئەکەن، بەڵام ئەوان پێیان ئەوت «شوغڵ».

ئەمجا هەندێ سەرم خستە سەر مەلا عەبدوڵڵا ئەمە چۆن وا ئەبی تۆ لای خۆت مەلایت، کەی ئەمە بە چاو دینەوە دروستە؟ وتی: تۆ وا مەزانە، ئەوە هەر بە دوو کەس کێوێک لە بەینیانایە. لەشی هیچیان ناکەوێ لەوی کەیان و هیچیان گوێیان لە دەنگی ئەوی کەیان نییە. حاجی مەلا یوسفی هەژاریش وەختە بوو شەق بەرێ، ئەو زوو هەستا بە هەر جۆر بوو چووەوە بۆ ماڵی خۆیان. ماینەوە ئێمە و مەلا عەبدوڵڵا، مەلا عەبدوڵڵا هەر لەو سەربانە جێگای بۆ چاک کردین بۆ نوستن، هەموو دەرکەی ئەم لا و ئەو لای داخست، سۆفی پەلاماریان ئەداین جارجار بە جنێودانەوە، بەڵام ڕێگا نەبوو بێن.

ئەڵێم نوستین، بەڵام نوستنی چی، ئەو شەوە تا بەیانی خەو بێت و نەچووەتە چاوی ئێمە، هەم لە ترسی پەلاماردانی ئەوان، هەم لە دەنگی مرق و هۆڕیان. وەکوو بۆم دەرکەوت ئەگەر بەر پەلیان بکەوتینایە پارچە پارچەیان ئەکردین، چونکە ئێمە فەقێ بووین و ئەوان جەزبە گرتبوونی. ئەو شەوە دەنگی حەقە ئەچوو بە ئاسمانا، درزێک هەبوو بە دیوارەکە لەوێوە سەیرمان ئەکرد بە ناوی زکر و جەزەبەوە هەڵئەپەڕین و پەلاماری یەکیان ئەدا و ئەیانوت حەقە. سۆزیشیان بە دەمەوە ئەکرد، چاوم پێ کەوت پیاوی پیر و ژنی پیر ڕووبەڕووی یەک دەستی یەکیان گرتبوو هەڵئەبەزینەوە، بەو جۆرە زیکریان ئەکرد و ئەیانوت حەقە، بەڵام شتی ترم لێیانەوە نەدی. لە ناو ئەوانا وا بڵاوبوو ئەگەر ژن و پیاو لە باخەڵی یەکا بخەون، کێو لە بەینیانایە. بەیانی پێش چا خواردن بەبێ ئەوە شێخمان چاو پێ بکەوی شەدەڵەمان بەجێ هێشت.