ساڵی ١٩٢٩ بوو پیاوێکم لەگەڵ بوو خاڵە شا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  545 مشاهده

ساڵی ١٩٢٩ بوو. پیاوێکم لەگەڵ بوو «خاڵە شمار»ی ناو بوو، پیاوێکی پیری ڕیش سپی تۆپی نوورانی، تەمەنی تەنگی بە حەفتا هەڵچنیبوو، کورتە باڵای بازۆڵە قەوی ئەتوت پاڵەوانە. لە ڕاستیدا ئا لەو تەمەنەدا چوار گەنجی بەهێز و چاک چاریان نەئەکرد. لەوبەری سیروانەوە هاتین بۆ «نەوسوو» من هیچم نەئەزانی ئەیوت تۆ بڵی من «نساب سبیان» ئەخوێنم، وتم باشە. نازانم نساب سبیانیش چییە، بەڵام کەوا و سەڵتەیەکم لەبەرایە وەکوو فەقێیەکی بچووک.

دیارە کاتی بەهارە، نەوسوو هەموو باخ و باخاتە. ماوەیەکی زۆر بە ناو باخەکانا ڕۆیشتن، لەو ناوەدا خەڵک هاتوچۆیان ئەکرد، لە بەینی خۆیانا هەر ئەیانوت «سان جە باخەنی». وەخت پاش عەسر بوو، هیلاک بووین لەسەر سەوزەڵانێک دانیشتین خاڵە شمار سەبیلەکەی دەرهێنا سەبیلێکی تێکرد، بەڵام شڵەژەی ناو باخ هەریەکە کە «سان» لە ناو باخایە.

ئەوەندەمان زانی سێ پیاوی کەڵەگەتی باڵابەرزی ناوشان پان دەرکەوتن ڕووەو لای ئێمە هاتن، هەریەکە شەرواڵ و مراخاینەکی ماوەتی سەوزی تازەیان لە بەرایە، پشتێنی پەشمی عەجەمیان لە پشتایە، هەریەکە خەنجەرێکی دەسک سپی وا بە بەر پشتێنەکەیانەوە، چەفتە و مشکییان بەستووە بە سەرەوە. سەر و کۆڵەباڵێکی هەورامیان بە شانەوەیە، لە مەرەزی قاوەیی دروست کرابوون، هەر کە هاتن یەکێ لەو سیانە کوڵەباڵەکەی لە شانی خۆی کردەوە لە تەنیشت ئێمەوە خستیە سەر گیاکە و لەسەری دانیشت بە چوارمەشقی، ئێمەش لووتێکی وامان پیا نەهێنا، دووەکەی تریش لە بەرانبەریەوە بە پێوە ڕاوەستان. دانیشتووەکە لە منی پرسی فەقێ بچکۆلەکە لە کوێوە هاتوون؟ وتمان لەو بەری سیروانەوە. وتی دەنگوباسی عەجەمەکان چییە؟ وتمان ئەوان هەن. ئەو لە بارێکەوە پرسیاری ئەکرد، ئێمەش بە هەموو ساویلکەیەییەک جوابمان ئەدایەوە، ڕۆژ درەنگ بوو، هەستا ڕۆیشت، لە کاتی ڕۆیشتنا وتی کە هاتنە ناو دێ بچنە دیوەخانی سان. ئەو ڕۆیشت و ئێمەش بە شوێن ئەوا هەستاین. زۆر بە پەرۆش بووین بۆ بینینی سان. کابرایەک لەو نزیکە بێڵێکی بە دەستەوە بوو، گۆلی ناو باخەکەی چاک ئەکرد. چاوی لێ بوو کە ئەو پیاوە لە لای ئێمە دانیشت. لێمان پرسی هەر ئەڵێن سان لە ناو باخە، کوا خۆی دیار نییە؟ کابرا لە من مۆڕ بووەوە و هیچ سێ و دووی لێ نەکرد و تفێکی لێ کردم و وتی: یانەت وێران بۆ، ئانە سان بیەن، جە لات نیشتەبێ. تومەز ئەمە جافر سان بووە و ئێمە نەمانزانیوە، بەڵام بە لای ئەو کابرایەوە شتێکی زۆر زل بووە کە جافر سان لە لای ڕووتەڵەیەکی وەکوو ئێمە دانیشتووە، تا ئەو وەختە شتی وای نەدیبوو.

چووینە ئاوایی و ڕوومان کردە دیوەخان. دیوەخانەکە بەردەمەکەی حەوزێکی گەورە بوو، هەموو سەر حەوزەکە دار و دارستان بوو، خۆر لە زەردەپەڕا بوو، کۆشک و سەراکە لە کۆشک و سەرای وەکوو ئەڵێن خوسرەو پەرویزی ئەکرد، ئەو ناوە جمەی ئەهات لە کوڕانی کوڵەباڵ لە بەری هەورامی هەموو تفەنگ بە شان، لەشکرێکی زۆری لێ بوو، ئێمەش ئاگامان لە هیچ نییە. ڕوومان کردە دیوەخان، نەیانهێشت بچین، تومەز جافرسان خۆی چاوی لێیە. بانگی کرد لێیان گەڕێن، ئیتر ڕێگایان داین چووینە ژووری دیوەخانەکەوە، دوو لاکێشی زۆر گەورە و درێژ، سەرەندازێک لە ناوەڕاستیانا، کە سەیرمان کرد ئەو پیاوە کە لە ناو باخەکەدا لە تەنیشتمانەوە دانیشت ئەوا لەوێدا لەو سەرسەرەوە بە چوارمشقی دانیشتووە، وتی دانیشن، لەلای خوارەوە شوێن هەبوو دانیشتین، چۆنیەتی شوێنەکە سەرنجی ڕاکێشام، ئێجگار کە سەیرم کرد دوو منداڵی جوانکەلە جافر سان لە بەردەمی خۆیا دایناون، بەم لا و بەو لای ژوورەکەدا هەر سەرەیەک چواردە کەسی لێ دانیشتبوو، هەموو پۆشتە و پەرداخ و غەرقی فیشەک، هەریەکە تفەنگێکیان لەسەر کۆشیان دانابوو، ئەمانە کە دانیشتبوون، بیست و دوویان کوڕەکانی خۆی بوون، شەشیان برازا و خزمی زۆر نزیکی بوون، لەو کوڕانە وەکوو کەریم بەگی خانەقا، حەمە ڕەشی بەگی پاوە، قادر بەگی تەوێڵە، لە خزمەکانیشی وەکوو ئەفراسیاو بەگی هانە گەرمەڵە. قسە و باسیان باس و خواسی عەسکەری ئێرانی بوو، تومەز ئەمە وەکوو «موئتەمەر» چەبیرەیەکی گرتووە و هەموو کوڕ و خزمە نزیکەکانی بانگ کردووە و قسە لەو شەڕە ئەکەن، تا پێنجسەد تفەنگ بە دەستێکیش لەو ناوەدا هەبوو، شەوێ کە نان هات، هەر بە دوو کەس سینییەک هەمو برنج و مریشک و گۆشتی حەیوان بوو.