ساڵی ١٩٣٦ بوو. لە چەقژ و قایکەندە لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  503 مشاهده

ساڵی ١٩٣٦ بوو. لە چەقژ و قایکەندە لە نزیکی «باخان» ەوە «سمایلعوزەیری» خستبوویان، حاجی قادری سمایلعوزەیری هەبوو، گەورەی خێڵ بوو، پیاوێکی چوار شانەی کەڵەگەتی ڕوومەت و ناوسنگ پان. دنیا دەستی ساردی هەبوون، لە ژێر دەوارەکەدا دانیشتبووین لەگۆی ئاگردانەکەدا، بەرماڵێکی دابوو بە شانیا، تەمەنی ئەو سەردەمە هەشتا ئەبوو، هەروا شتی بۆ ئەگێڕامەوە، یەکێ لەو شتانە باسی حەجەکەی خۆی بوو، وتی:

ئەو ساڵە لە وڵاتی سولەیمانی هەر من و حاجی برایماغای خەفاف چووین بۆ حەج، ئەو لە ناو شاری سولەیمانی و من لە دەرەوە. وتم چەند ساڵێک ئەبێ؟ وتی بەخوا نازانم چل پەنجا ساڵێک ئەبێت. یەکێ هەشتسەد لیرەی زەردی عوسمانیمان هەڵگرتبوو. کە دەرچووین لە شار بە دەف و زیکر و فیکرەوە ڕەوانە کراین، لە ناو کەس و کارمانا بوو بە شین و شەپۆڕ و گریان. بە کاروان و بە سواری وڵاخیش ڕۆیشتین. لە دەشتی عەرەبستانا بە سواری حوشتر ئەڕۆیشتین، لە هەندێ شوێنا بە کەژاوە ئەچووین، لە بەحری سپی سواری پاپۆڕ بووین، مەگەر خوا بیزانێ چەند شەو و چەند ڕۆژ لە پاپۆڕا بووین، گەیشتنە کەعبەی شەریف، لە کاتی تەوافا لە ئیحراما بووین. سەیرم ئەکرد گەلێ کەس سەیری سنگ و دەفەی شانی حاجی برایماغا ئەکەن، خوا لەش و لارێکی پێدابوو سپی سپی، ئەتوت بلوورە، هەموو شکڵێکی پیاوانەی تێدا دیاربوو، خەڵکەکەی تر هەموو ڕەش و بێفەڕ، ماشاڵڵا خوا چی دروست کردبوو، پاشان چووین بۆ مەدینە و گەڕاینەوە بۆ وڵات، قەتارەی حوشتر وەکوو ڕیزی مێروولە وابوو، کە گەیشتنە سولەیمانی خەڵکێکی زۆر بە تەپڵ و دەف و بەیداخەوە هاتن بە پیرمانەوە، لەو ڕۆژەوە کە لە سولەیمانی دەرچووین تا هاتینەوە هەشت مانگمان پێچوو.