مەلا ئەحمەدی بەروێن هەبوو کە بە مەلا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  752 مشاهده

مەلا ئەحمەدی «بەروێن» هەبوو کە بە «مەلا قوەیسەن» ناوبانگی دەرکردبوو. دەستی شاعری هەبوو، ئەگەڕا بە ناوی ئەو عەشرەتی فوایی و باوەجانیەدا، بچوایەتە دیوەخانی هەر کوێخایەک کوێخاژن لەبەر ئەوە نەوەک مەلا قوەیسەن بە شعر ناو و ناتۆرەیان لێ دەرێنێ، خزمەتێکی زۆری ئەکرد.

ڕۆژێک ئەوا دەمە دەمی عەسرە و شەستە باران ڕەهێڵە ئەکا، ئەچێ بۆ بنکەیەکی باوەجانی. هەر لە دوورەوە لە ئاواییەوە چاویان پێئەکەوێ و ئەیناسن کە ئەمە مەلا قوەیسەنە. خەبەر ئەدەن بە ماڵی کوێخا کە وا مەلا قوەیسەن هات، کوێخا لە ماڵەوە نابێ، ژن لەرزی لێ دێ کە ئێستا نە نیوەڕۆیە و نە ئێوارە، هیچ حازر نییە. چۆن مەلا قوەیسەن بەڕێ کا؟ ئەگەر باشیش خزمەتی نەکا زمانەکەی شڕە، لەوانەیە حەیایان بەرێت. تا ئەم خەریکی ئەم فیکرکردنەوەیە ئەبێ، مەلا قوەیسەن لە دەرگای دەوارەوە سەر ئەکا بە ژوورا. کوێخاژن ئەچێ بە پێشوازییەوە، عەباکەی لێ ئەستێنێ و ئەیکا بە سنگی دەوارەکەدا. ئاگردانی ئاگر ئەکاتەوە، حەوجۆشی ئەخاتە لا و هەر بە دەوروبەری مەلادا دێ و بە ماریفەت نواندن مەلا لەوانە نییە شەو بمێنێتەوە. کوێخاژن ئەچی تەشبیەکی گەورە هەنگوین دێنێ، دوو چنگی چاکی کەرەی ئەخاتە سەر، لەگەڵ دەستەبەرەیەک نانی هەورامیدا بۆی دائەنێ، پێی ئەڵێ: لە ڕێگاوە هاتووی، دنیا سارد و بارانە، ڕەنگبێ برسیت بێ. جارێ تۆزێ لەم هەنگوین و کەرەیە بخەرە بەر دڵت. بۆ ئێوارەش خرتێک ئەکوژینەوە. ئەشزانێ مەلا نامێنێتەوە بۆ ئێوارە، بەڵام ئەم هەموو ماستاوکردنە هەر بۆ ئەوەیە کە مەلا زەمیان نەکا.

مەلا لەبەر ئەوەی برسی ئەبێ ئەوەندە هەنگوین و کەرە ئەخوا، هەتا لە لووتی دێتەوە و هەنگوین ئەیگرێ، ڕەپ لێی ڕائەوەستێ. لە پاش ماوەیەک تۆزێ دێتەوە سەر خۆی و ئەڵێ عەباکەم بۆ بێنە ئەڕۆم، کوێخاژن ئەڵێ بەقوربان چۆن ئەڕۆیت؟ تۆ فەرموو بەرەکەتت هێناوە، ئەبێ ئیمشەو لێرە بیت، کوێخاش دێتەوە لە خزمەتتا ئەبێ. ئەڵێ عەباکەم بۆ بێنە، ئەبێ بڕۆم، ئەم شعرەش بدە بە کوێخا:

وە تیکەی هەنگوین پەنگی چنێمۆ
ئاوی چێیەیی دا وە گونێمۆ پەنگ:هەناسەیە. چێیەیی: ساردی.

مەعناکەی ئەوەیە، ئەڵێ: «بە پاروویەک هەنگوین هەناسەی لێ بڕیم، ئاوی ساردی دا بە گونمەوە». ئەمەش ئیشارەیە بەوە ماین دێتە فاڵ، بیانەوێ ئێستری ببی نێرەکەری ئەخەنە سەر. جا ئەگەر ئەوە نێرەکەرە زۆر لێی پەڕی، دێن ئاوی سارد ئەکەن بە کێر و گونیا، بۆ ئەوەی ئیتر لێی نەپەڕێ. وا دیاربوو کوێخاژن ئەم هەموو ماستاوەی بۆ مەلا قوەیسەن کرد هیچ کەڵکی نەبوو.