مەلا کەریمی بیارە گێڕایەوە وتی ئەوا لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  974 مشاهده

مەلا کەریمی بیارە گێڕایەوە وتی:

ئەوا لە سولەیمانی لە مزگەوتی بابە عەلیدا کۆڕێکین لە مەلاکانی بناری هەڵەبجە دانیشتووین، ئەوەندەمان زانی کابرایەکی ڕووتەڵە لە دوورەوە هات، ڕووی کردە کۆڕەکە. شێخ نووری بابە عەلی وتی بە مەلاکانی بەری هەڵەبجە و بیارە، ئێوە هەر ئەڵێن ئێمە بە هۆی شێخانی بیارە و تەوێڵەوە لە کەشف و کەرامەت تۆزێ تێگەیشتوین، ئێستە من نە لەو شێخانەم و نە هیچ، لەگەڵ ئەوەدا کەرامەتێکیشتان بۆ ئەنوێنم. وتی، وتمان چۆن؟ وتی: ئەم پیاوە وا لە دوورەوە دەرکەوت تەڵاقی کەوتووە و تەڵاقەکەشی چاک نابێتەوە.

وتی: کابرا گەیشتە جێ و ڕووی کردە شێخ نووری، وتی قوربان تەڵاقم خواردووە و هاتووم بۆم چاک کەیتەوە وتی، وتووتە چی؟ وتی وتم هەر سێ تەڵاقم کەوتبێ و بە هیچ شێخ و مەلایەک چاک نەبێتەوە. شێخ نووری وتی باوکم تەڵاقت هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە، وەکوو خۆت وتووتە بە هیچ شێخ و مەلایەک چاک نابێتەوە. کابرا بە هەناسە ساردی هەستا لێیدا ڕۆیشت. وتی لە پاشا پرسیمان شێخ نووری ئەوا بە کەشف و کەرامەت زانیت ئەم کابرایە تەڵاقی کەوتووە، ئەی بە چیدا زانیت چاک نابێتەوە؟ وتی: «کەواکەی شڕ و تیلمە تیلمە بوو».