ها تازە ئینگلیز هاتبوونە عێراقەوە زۆری...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  650 مشاهده

ها تازە ئینگلیز هاتبوونە عێراقەوە، زۆری پێ نەچوو ئەیانویست «مەلیک فەیسەل»ی یەکەم ببێ بە پادشای عێراق، بۆ ئەم ئیشە بیروڕای مەردمیان ئەویست و داوایان ئەکرد. ئینگلیزێکی زل هەبوو لە کەرکووک، کردیە سەر خەڵکی وڵات کە لەم ڕووەوە باوەڕی خۆیان دەربڕن ئایا مەلیک فەیسەڵیان ئەوێ بە شا یان نایانەوێ؟ مدیر ناحیەیەک هەبوو لە وڵاتی کەرکووک «مەحموو ئەفەندی» یان پێئەوت، ئینگلیزەکە ئەویشی بانگ کرد و پێی وت: تۆش قەڵەمڕەوی وڵاتی خۆت تاقی بکەوە. مەحموو ئەفەندی چوو پرس و ڕای هێنا و گەڕایەوە.

ئینگلیزەکە لێی پرسی: ها، چۆن هاتوویتەوە؟، وتی: «قوربان ئەیانەوێ». ئینگلیزەکە چاوێکی زیت کردەوە وتی -وەکوو بە سەرسامییەوە- ئەویان ئەوێ؟ مەحموو ئەفەندی کە سەیری چاوی کرد، خێرا وتی: «قوربان نایانەوێ». ئینگلیزەکە دیسان چاوی زیت کردەوە و بەوە بە تووڕییەوەو وتی: «نایانەوێ؟» مەحموو ئەفەندی وتی: «قوربان ئەیانەوێ». چەند جارێک ئەم «ئەیانەوێ و نایانەوێ»یە هاتوچۆی کرد لە بەینیانا. مەحموود ئەفەندی سەیری کرد ئەمە کەڵک ناگرێ. لە پێشترا دوو مەزبەتەی دروست کردبوو، یەکێ «ئەیانەوێ»، یەکێ «نایانەوێ»، «نایانەوێ» لە گیرفانیا بوو، «ئەیانەوێ» لە مستیا بوو، هەر دووکی دەرهێنا خستیە بەردەستی و پەنجەی نایە سەر ئەیانەوێ وتی: «قوربان ئەمانە ئەیانەوێ». پەنجەی خستە سەر ئەویتریشیان وتی: «قوربان ئەمانەش نایانەوێ، جا ئیتر فەرمانی خۆتانە و لەمە زیاتر ئیتر عەزیەتی ئێمەش مەدەن». ئەڵێ ئینگلیزەکە قاقا دەستی کرد بە پێکەنین و وتی: «بەڕاستی ئیش ئەوەیە کە تۆ کردووتە و تڕی منت بڕی».