مەلا عەبدولحەمیدی بانەیی یەکێک بوو لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  734 مشاهده

مەلا عەبدولحەمیدی بانەیی یەکێک بوو لە موستەعدە هەرە خوێندەوار و چاکەکانی شێخ عومەری ئێبنۆلقەرەداغی لە سولەیمانی، کە لە مزگەوتی «قامیشەکان» بوو. مەلا حەمەمینەی شێتەش هەبوو هەر لە سولەیمانی، شەوێکی سێشەنبە ئەم مەلا حەمەمینە ئەچێتە لای مەلا عەبدولحەمید لە قامیشان پێی ئەڵێ: مەلا عەبدولحەمید چایەکی بێ کلکەم بۆ لێنێ. مەلا عەبدولحەمیدیش ئەڵێ: تۆ ئەقڵت نییە، چای بێ کلکە یەعنی چێ؟ ئەویش ئەڵێ: مەلا تۆ ئەقڵت نییە، چای بێ کلکە یەعنی هەر بۆ خۆم و خۆت بێ و کەسی بە سەرا نەیەت و کلکی لێ پەیدا نەبێ.

مەلا عەبدولحەمیدیش بە سوختەکەی ئەڵێ سەماوەرەکەیان بۆ تێخا، چایەکەیان بۆ دروست بکا و خۆیشی بچێتە دەرەوە، بۆ ئەوە هەر ئەمان بە تەنها بمێننەوە. سوختە چا ساز ئەکا و خۆی ئەچێتە دەرەوە. ئەمان لە ژوورەوە دەرگاکە دائەخەن. مەلا عەبدولحەمید دەست ئەبا بۆ ئیستکان کە چا تێکا، تەق تەق لەو دیوەوە ئەدەن لە دەرگا. مەلا عەبدولحەمید هەڵئەستێ دەرگا ئەکاتەوە، کە سەیر ئەکەن سێ چوار فەقێی مزگەوتی تر بە سەلام و عەلەیکم ئەکەن بە ژوورا. مەلا حەمەمین تووڕە ئەبێ ناوچەوان ئەدا بەیەکا، ئەیەوێ قسە بکا تەق سێ چوار فەقێ تریش دێن و ئەوانیش سەلام دائەکوتن! مەلا حەمەمین ئیتر ئاگری تێبەر ئەبێ و ئەوەندەی تر شێت ئەبێ. ئەڵێ: دایکتان وا لێکەن ئەمە کەڵەهێڕە وا کۆبوونەتەوە؟ هەر هەڵئەستێ ئەکا بە کەوشەکانیا و بۆی دەرئەپەڕێ. مەلا عەبدولحەمید هەڵئەستێ ئەیگرێ، پێی ئەڵێ: مەلا دانیشە چایەکەت بخۆرەوە بۆ کوێ ئەچی؟ چا بۆ تۆ ڵێنراوە. ئەڵێ: قوزەڵقورت ئەخۆمەوە، من وتم چای بێ کلکە، ئێستا هەزار کلکی لێ پەیدا بوو. هەر چەندە مەلا عەبدولحەمید لێی ئەپاڕێتەوە کە تۆ دەخڵت چییە، چەندە ئەخۆیتەوە بخۆرەوە، مەلا حەمەمین ڕازی نابێ و هەر ئەڵێ من وتوومە چای بێ کلکە، ئێستا ئەم ناجسنانە هەزار کلکیان لێ پەیدا کرد. بە بێ ئەوە پیاڵە چایەک بخواتەوە لێیدا ڕۆیشت.