مەلا قادرێک هەبوو لای هەمزاغای بڵباس بوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  800 مشاهده

مەلا قادرێک هەبوو، مەلای هەمزاغای بڵباس بوو، گێڕایەوە وتی: ئەوا گەلێ جار لە نوێژ و قورئان خوێندنا ئایەتی «تتجافی جنوبهم عن المجاجع» ئەهاتە پێشەوە و ئەمخوێند. هەمزئاغا هەموو جارێ پێی ئەوتم مەلا من نان و جێگام پێداوی و لەسەر منەوە ئەژیت، کەچی تۆ ناوی جاف لە نوێژ و قورئانەکەتا دێنیت. وتی منیش وتم ئاغا ئەمە من نایڵێم، قورئان قورئانی خوایە خۆ من دامنەناوە. ئاغا وتی مەلا من ئەمە نازانم، ئەبێ ناو ئێمەش هەبێ لە قورئانا ئەگەینا ئەنجامی باش نابێ.

وتی بەم جۆرە ماوەیەک لە کێشەوبەرەدا بووین، ئەو هەر ئەیوت و منیش خۆ هیچ. ئەوەندەم زانی شەوێک زەلامێک کردی بە ژوورا و خەنجەرێکی ڕووتی بە دەستەوەیە، وتی هەمزاغا ئەڵێ: یا ئەم خەنجەرە یا ئەبێ ناوی ئێمەشی لە نوێژ و قورئانا هەبێت، جاف چ ڕایەی ئەوەیان ئەکەوێ ناویان هەبێ و ئێمەش وەکوو کەندوان لەوێ بکەوین؟ کە چی نان و بەرگی تۆیش لەسەر ئێمەیە.

وتی ئیتر بە تەواوی من چوومە تاسەوە و تێگەیشتم کە کابرا بە ئاشکرا مرخی لێ خۆش کردووم. وتم برا زۆر چاکە و خوا قادرە بە سەر هەموو شتێکا، بەڵێ وەحی هەر بۆ پێغەمبەر بووە، بەڵام ئێمەش هەین.

ڕۆژی دوایی نوێژی شێوان بوو، لە پاش سووڕەی فاتحە ئەوەم وت: تتبێباس، دەنوکەم علی سەنا، لە ناوهم فی نوێژنا و نفوسهم فی دڵنا، فەسەرەم بەڕەشی بابەم، یا لیتنا یا لیتنا نەبوو مایە لە ناویانا، لانەم ککلبەم هەر ئەوەڕن بدورەم الله اکبر. کە لە نوێژ بووینەوە، هەمزاغا هەستا هات بە لامەوە دەستی کردە ملم و وتی: مامۆستا بەو قورئانە ئێستا تەواوە، هەموو جار لە نوێژێ هەر ئەم ئایەتەمان لۆ بخوێنە.

بە ڕێکەوت شەوی دوایی مەلا پیرۆتێکی خەڵکی ئەو بناری سەردەشتە هەبوو هاتە ئەوێ، لە پاش بەینێک کە تۆزێ لامان چۆڵ بوو، مەلا پیرۆت وتی مەلا قادر کەی ئەمە ئایەتە تۆ خوێندتەوە؟ وتم بەڵێ ئایەتە، تووڕە بوو. وتی چۆن؟ وتم: «دوێنێ شەوێ ئەم ئایەتە لەگەڵ خەنجەرێکا هاتە خوارەوە». دەستی کرد بە پێکەنین و کارەساتەکەم بۆ گێڕایەوە.