ساڵی ١٩٣٧ بوو سەی عەلی بسمیللا لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  851 مشاهده

ساڵی ١٩٣٧ بوو سەی عەلی بسمیللا لە سولەیمانی لەسەر «بسم اللە» لەگەڵ حاجی تۆفیقی پیرەمێرددا تێکچووبوو. پیرەمێرد ڕۆژنامەی «ژین»ی هەر لە سولەیمانی دەرئەکرد. مەلا سدیقی نازەنینی حاکمی کوبرا بوو لە سولەیمانی. پیرەمێرد هەر جارەی هەڕەشەی ئەنارد بۆ سەر عەلی کە وازبێنێ لە جنێودان. ئەگینا خراپی پێئەکەم. سەی عەلیش ئەیوت چی لە دەست دێ ئەو زەندیقە درێغی نەکات. لە ڕاستیشدا حاجی تۆفیق شەڕی بەو ئەفرۆشت.

پیرەمێرد لەو قسەیەی سەی عەلییە، هەلی دەست کەوت. هەستا چوو لە مەحکەمە شکاتی لە سەی عەلی کرد کە کافر بووە، جەمیل سائب خوشکەزای حاجی تۆفیق مدیری خەزێنەیە، ئەحمەد موختاری هەولێری قازی سولەیمانییە، کاربەدەستانی سەراش هەموویان سەریان لە محاکمەیەکی وا ئەخورێ. بە هەموویانەوە قسەیان کرد بە یەک کە محاکمەیەکی وەها بۆ ئاهەنگی ڕۆژێکی سولەیمانی پێویستە. ڕۆژی چواری نیسانیان دانا بە ڕۆژی محاکمە، پسووڵە دروست کرا و بەو پسووڵانە بە پیرەمێرد و سەی عەلی ڕاگەیەنرا کە ڕۆژی چواری مانگ حازری محاکمە بن، حاجی تۆفیق چەند شایەتێکی پێکەوەناو کە سەی عەلی کفری کردووە، لەگەڵ ئەوەشا ئەمانە هیچی وا نەبوون. سەی عەلی هەر ئەوە بوو لەوە تووڕە ئەبوو هەر وەخت کە حاجی تۆفیق ناوی ئەهێنا پێی ئەوت: «سەی عەلی بسمیللا». ئیتر حاجی تۆفیق ئەو قەوانەی بۆ دروست کرد. ڕۆژی یەکی مانگ پیرەمێرد ناردی بە شوێن هەموو دەهۆڵ و زووڕناژەنەکانی سولەیمانیدا کە هەر لە ئێستەوە بە دەهۆڵ و زووڕناکوتان بکەونە ناو شار و بڵێن ڕۆژی چواری مانگ موحاکمەی حاجی تۆفیقی پیرەمێرد و سەی عەلی بسمیللایە لە سەرای سولەیمانی.

بەمجۆرە دەهۆڵکوت کەوتنە ناو گەڕەکەکەنی سلێمانی، ماوەی سێ ڕۆژ ئەمەیان وت، بەڵام پارەیەکی باشیشیان لە حاجی تۆفیق وەرگرت. سەی عەلی جاران تووڕە ئەبوو، هەر لەبەر ئەوە بوو کە پیرەمیرد لەبەر خۆیەوە پیی ئەوت بسمیللا، ئێستا بسمیللا کەوتە دەم زووڕناژەن و هەموو منداڵی سولەیمانی.

ڕۆژی چواری مانگ ئەهلی دایەرەکان و خەڵکی سولەیمانی هەموو ڕوویان کردبۆ بەردەرکی سەرا. دەرزیت هەڵبخستایە نەئەکەوتە سەر ئەرز، مەحکەمە دانیشت، مەلا سدیق لە سەرەوە، قازی لەم لایەوە، سەی عەلی خرایە قەفەزی تاوانبارانەوە، پۆلیس لەم لا و لەو لایەوە بە تفەنگەوە ڕاوەستان. حاجی تۆفیقی پیرەمێرد بە خۆی و شایەتەکانەوە ڕاوەستاون. سەرۆکی مەحکەمە بە ناوی خاوەن شکۆوە مەحکەمەی ڕەسمی بڵاوکردەوە و ڕووی کردە سەی عەلی کە ئەو حاجی تۆفیقە داوا ئەکا تۆ کافر بوویت، تۆ ئەڵێی چی؟ سەی عەلی ڕەنگ لە ڕوویا نەما و وتی: وا نییە، من موسڵمانم «أَشْهَدُ أَنّ لَّا إِلَٰهَ إِلَّإ الله وأَشْهَدُ ان محمداً رسول الله». ڕووی کردە حاجی تۆفیق وتی: تۆ چی دەڵێی؟ وتی: جەنابی سەرۆکی مەحکەمە ئەم سەی عەلی بسمیللایە بە منی وتوە زەندیق و ئەمانەش شایەتمن، زەندیقیش بۆ موسڵمان ناوترێ، لە ئایینی ئیسلاما یەکێک مووسڵمانێک بە کافر دەرکا خۆی کافر ئەبێ.

ئەمجا سەرۆک ڕووی کردە قازی و وتی: بیروباوەڕی ئێوە چییە؟ وتی: بەڵێ لە زەمانی ئەمەویەکانا کە ئەوترا زەندیق، یانێ کافر و ئێستەش ئەو تاوانبارە -کە لەو قەفەسە دایە- شایەتیمانی هێنا، مەعنای وایە لە کفرەکەی خۆی پەشیمان بووەتەوە. ئەمجا ئیتر بیری مەحکەمە چۆنە بەمجۆرە حوکم ئەدا. ڕووی کردە حاجی تۆفیق وتی: ئەی تۆ ئەڵێی چی؟ وتی: جەنابی حاکم ئەم پیاوە بە منی وتووە زەندیق و لێی خۆش نابم، لەگەڵ ئەوەشا پرس و ڕای مەحکەمە چۆنە، من لەو پرس و ڕایە دەرناچم.

سەرۆک وتی: ڕای مەحەکەمە ئەوەیە کە ئاشت بەرەوە لەگەڵی و ڕێککەونەوە. حاجی تۆفیق وتی جەنابی سەرۆک من لەم ڕێگایەدا تووشی زیانێکی زۆر بووم، ئەبێ زیانەکەم بۆ ببژێرێ. سەرۆک وتی: مەحکەمە بە ناوی میهرەبانییەوە داوات لێ ئەکا کە ئاشت ببنەوە. حاجی تۆفیق وتی، لەسەر ڕوو لێنانی مەحکەمە من لەگەڵی ئاشت ئەبمەوە و لێی خۆش ئەبم، لەسەر ئەوە کە لە ئێستە بە دواوە هەر چەند وتم سەی عەلی بسمیللا، ئەم سەی عەلی بسمیللا یە تووڕە نەبێ. سەرۆک ڕووی کردە سەی عەلی، وتی: تۆ ئەڵێئ چی؟ سەی عەلی ملێکی لار کردەوە و وتی: باشە. هەر کە ئەو وتی باشە. بوو بو چەپڵە و هەرا و سەی عەلی لە قەفەس هاتە دەرەوە و حاجی تۆفیق چوو بە لایەوە، دەستی خستە ناو دەستی و ئاشتی بووەوە لەگەڵیا. ئەمجا پاش ئەو ڕۆژە پیرەمێرد بە دەم وازی نەهێنا، هەموو جار لە ڕۆژنامەکەشیا، بە نووسین «سەی عەلی بسمیللا»ی ئەنووسی و سەی عەلیش لە داخا وەختەبوو شەق بەرێ و هیچیشی پێ نەئەوترا، ئەم محاکمە و محاکمەکاریش هەمووی بۆ گاڵتە بوو، ئەگینا هیچ بناغەیەکی نەبوو.